سیستم و پڕۆگرامەکانى خوێندن لە کۆلێژە پزیشکیەکان گۆڕانکارى تێدا دەکرێ

kobwnewe legel kplizhe pzishkiyakan

بەمەبەستى پێداچونەوەى ناوەڕۆکى پڕۆگرامەکانى خوێندن و ڕاهێنانى پزیشکى و، لە پێناو هەنگاونان بۆ بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى بۆ کۆلێژە پزیشکیەکانى هەرێمى کوردستان، بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى کۆبونەوەیەک بەڕێوەچو و، تێدا بڕیارى پێکهێنانى (بۆردى متمانەبەخشین درا)، ئەرکى ئەم بۆردە بریتیە لە داڕشتنى میکانزمێکى گونجاو بۆ گەشەپێدانى زیاترى پڕۆسەى خوێندن و ڕاهێنان لەسەرجەم بەشە پزیشکیەکانى هەرێمى کوردستان، لەهەمان کاتدا بۆردەکە سەرپەرشتى گۆڕانکارییەکانى سیستمى خوێندن لە کۆلێژە پزیشکیەکان (پزیشکى گشتى، دەرمانسازى، پزیشکى ددان، پەرستارى و زانستە تەندروستیەکان) دەکات و، نەخشە ڕێگەى بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى دادەڕێژێت.

لەو کۆبونەوەیەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٢٢/٢/٢٠١٧) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى دیوانى وەزارەت بەڕێوەچو، د.کەریم ساڵح عەبدول ڕاوێژکارى وەزارەت بۆ کاروبارى خوێندنى باڵا و، د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزارەت بۆ دڵنیایى جۆرى و متمانە بەخشین و، د.نورى هەرزانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى دڵنیایى جۆرى و متمانە بەخشین و، ڕاگرى سەرجەم کۆلێژە پزیشکیەکانى هەرێمى کوردستان ئامادەیبون گفتوگۆ لەبارەى گۆڕینى سیستمى خوێندن لە کۆلێژە پزیشکیەکانى هەریمى کوردستان کرا.

لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتەیەکى پێشکەش بەئامادەبوان کرد و، دیدگا و پلانى ستراتیژى وەزارەتى بۆ چۆنیەتى پێشخستنى خوێندن لە کۆلێژە پزیشکیەکان و گۆڕینى سیستمى خوێندنى پزیشکى لە کۆلێژەکان خستەڕو و، لەو بارەیەوە وتى: زۆر گرنگە پێداچونەوەى بەردەوام بەبەرنامە و شێوەى کارکردن و بارودۆخى دامەزاوەکانمان لەبەر ڕۆشنایی بەرەوپێشچونى تەکنەلۆژیاى زانستى بکەین، وتیشى خوێندنى پزیشکى یەکێکە لە کایە گرنگەکانى خوێندن و بونیادنانى کۆمەڵگەیەکى تەندروست و، لە دنیادا گرنگى و بایەخى زۆرى هەستیارى هەیە.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تیشکى خستەسەر گۆرانکارییەکانى سەردەم و لەو بارەیەوە وتى: خوێندن و ڕاهێنانى پزیشکى لە چەند ساڵى ڕابردودا گۆڕانکارى گەورەو گرنگى تێدا کراوە و، بەکارهێنانى تەکنەلۆژیاش ڕۆڵى گرنگى هەبوە لەو گۆڕانکارییانە و ئاستى پزیشکى لە وڵاتانى دنیا گەیاندۆتە قۆناغێکى زۆر پێشکەوتو، هەربۆیە  گۆڕانکارییەکان واى کردوە هەندێ زانست زیاتر لە زانستەکانى دیکە گەشە بکات و، هەندێ لە زانستەکانى دیکە پەلى هاویشتۆتە ناو زانستەکانى دیکە، هەربۆیە زانستێک کە گەشەى کرد پێویستە ئامرازو پێداویستیەکانیش گەشە بکات، لەبەر ئەو ڕۆشناییانەو پێداویستیەکانى سەردەم پێویستە لەسەر دۆخى خوێندن و سیستمى خوێندن لە کۆلێژە پزیشکیەکان هەرێمى کوردستان بوەستین.

د.یوسف گۆران ڕایگەیاند بەر لەوەى دەست بەکارەکانمان بکەین، پێویستە کۆمەڵێک پرسیار لەخۆمان بکەین و بپرسین ئایا هەمو زانکۆکان لە ئەدائى کارى دەرچوەکانیان ڕازیین؟ ئایا خوێندکار کە زانکۆ تەواو دەکات ئاگادارى گۆڕانکارییەکانە؟ ئایا بۆ ئەوەى لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بڕۆین دەبێ چى بکەین؟ ئایا لە ئەداى مامۆسایانى کۆلێژە پزیشکیەکان ڕازیین؟، مامۆستایان لەو کۆلێژانە تا چەند خۆیان بۆ زانکۆ وپێگەیاندنى خوێندکاران تەرخان کردوە؟ ئاستى زانستى مامۆستایان و بەشدارییان لە کۆڕ و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان چۆنە؟ ئایا تاقیگە پزیشکیەکان لە چ ئاستێکدان و چۆن دەتوانین پێشیان بخەین؟ ئایا سیستمى تەندروستى لە هەرێمى کوردستان لە چ دۆخێکدایە و پێویستە ئێمە چیبکەین بۆ پێشخستنى؟

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: بەر لەوەى هەڵسەنگاندن بۆ سیستمى تەندروستى لە هەرێمى کوردستان بکەین، پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ سیستمى خوێندنى پزیشکى لە کۆلێژە پزیشکیەکان بکەین، بۆیە ئێمە لێرەدا کۆبوینەتەوە تەنها مەبەستمان بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و زیادکردنى ژمارەى خوێندکار لە کۆلێژە پزیشکیەکان نیە، بەڵکو دەمانەوێ قسە لەسەر ئاستى زانسى مامۆستایان بکەین، پاشان ئێمە چ جۆرە سیستمێکمان پێویستە بۆ ئەوەى بتوانین خوێندکارێک پێبگەێنین بتوانێ لەگەڵ گەشەکردنەکانى زانستەکاندا بڕوات و هەموکات خۆى نوێ بکاتەوە، لێرەوە دەبێ وەڵامى ئەو پرسیارەش بدەینەوە، ئایا کاتى ئەوە هاتوە بیر لە شێوازى گۆڕینى وەرگرتنى خوێندکاران بکەینەوە، چۆن بتوانین تەنها نمرە نەکەینە پێوەرى وەرگرتن لە کۆلێژە پزیشکیەکان، چۆن بتوانین سود لە ئەزمونى زانکۆ پێشکەوتوەکانى دنیا وەربگرین بۆ خوێندکار؟، هەروەک دەبێ دوبارە بەبابەتى چەسپاندنى ئیتیکى کارى پزیشکى بچینەوە، بەشێوەیەک ئەرکى پاراستنى تەندروستى کۆمەڵگە زیاتر بگرنە ئەستۆ، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەبوانى کۆبونەوەکەى ڕاسپارد وەڵامى ئەو پرسیارانە بکەنە نەخشە ڕێگەى کارى داهاتویان لە پێناو پێگەیاندنى خوێندکارێکى پڕ زانست و زانیارى سەردەم بۆ ئەوەى کۆمەڵگەیەکى تەندروست بونیاد بنێین.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا د.یوسف گۆران تیشکى خستەسەر ئەو گۆڕانکاریانەى کە لە خوێندنى یاسا کردویانەو لەو بارەیەوە وتى: پێشتر بەدرککردنى بە بارودۆخى کوردستان و ئەو گۆڕانکاریانەى کە دنیا ڕودەدەن، خەریک بو توێژێک لە پارێزەران دروست دەبون، کە دابڕاوبون لە کۆمەڵگە و پێشکەوتنەکانى سەردەم، هەربۆیە بڕیارى (گۆڕینى سیستمى خوێندنى بەشەکانى یاسا) مانداو پڕۆژەکەش سەرکەوتو بوو، بۆیە بەسود وەرگرتن لە ئەزمونى کارى لێژنەى گۆڕینى سیستمى خوێندن لە بەشەکانى یاسا، دەتوانن کار بۆ داڕشتنەوەى سیستمى خوێندن لە کۆلێژەکانى پزیشکى بکەن، بەشێوەیەک میکانزمێکى گونجاو بۆ پڕۆگرامەکان و سیستمى وەرگرتن و چاکردنى ژینگەى خوێندن بۆ مامۆستا و خوێندکار دابڕێژنەوە، وتیشى ئامانجى سەرەکیمان لە جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە پێگەیاندنى پزیشکی سەرکەوتو و بەئاگا لە گۆڕانکارییە زانستیەکان بۆ کۆمەڵگەکەمان.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، و، بڕیارى پێکهێنانى (بۆردى پسپۆڕى متمانەبەخشین) درا، ئەرکى ئەم بۆردە بریتیە لە داڕشتنى میکانزمێک بۆ بەستانداردکردنى دامەزراوە پزیشکیەکانى هەرێمى کوردستان، لەهەمان کاتدا بۆردەکە سەرپەرشتى گۆڕنکارییەکانى سیستمى خوێندن لە کۆلێژە پزیشکیەکان بۆ هەریەک لە پسپۆڕییەکانى (پزیشکى گشتى، دەرمانسازى، پزیشکى ددان، پەرستارى، زانستە تەندروستیەکان) دەکات، لەو چوارچێوەیەدا نەخشەڕێى کارەکانی داهاتویان داڕشت.