بۆ درێژه‌دان به‌خوێندنی باڵا، سێیەم خوێندکارى کورد بەرەو ژاپۆن بەڕێکەوت

ديدارى وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ کونسڵى ژاپۆن

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ژاپۆن خاوەن ئەزمونێکى سەرکەتو و دانسقە لە بوارە جیاکان، مایەى خۆشحاڵیمانە کە گەنجانى وڵاتەکەمان ڕو لەو وڵاتە دەکەن بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى باڵا و سود وەرگرتن لە ئەزمونەکانیان.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى (١٢/٢/٢٠١٩) لە میانەى دیدارێکى لەگەڵ (کاتسومى مۆریاسۆ) کونسڵى گشتى ژاپۆنى لە هەرێمى کوردستان هات.

لەو دیدارەدا، کە بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.جوان جەلال بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان بەڕێوەچو، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى پتەوکردنى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان یابان و هەرێمى کوردستان کرا.

لە سەرەتاى دیدارەکەدا، کونسڵى گشتى ژاپۆن وتى: خوشحاڵم کە جارێکى دیکە سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەکەم، وتیشى خۆشحاڵین کە خوێندکارێکى دیکەتان توانى سکۆلەرشیپى وڵاتەکەمان بەدەست بهێنێ، هیواشى خواست ئەو خوێندکارە سەرکەتو بێت و ببێتە هۆکارێک بۆ زیاتر بەهێزکردنى ئەو پەیوەندیانەى لە نێوان هەردولادا دروست بوە.

لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران: دواى بەخێرهێنانى کونسڵى ژاپۆن وتى: وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵین بەو پەیوەندیەى کە لەگەڵ ژاپۆن دروستمان کردوە،  هەروەک پیرۆزباى لەو خوێندکارەش کرد, کە توانى سکۆلەرشیپى ژاپۆنى بەدەستبهێنێ، ئەوەشی ڕاگەیاند: بەڕەوانەکردنى ئەو خوێندکارە ژمارەى خوێندکارانى کورد لە زانکۆکانى ژاپۆن دەبێ بەسێ خوێندکار، وتیشى ژاپۆن خاوەن ئەزمونێکى سەرکەتو و دانسقە لە بوارە جیاکان، مایەى خۆشحاڵیمانە کە گەنجانى وڵاتەکەمان ڕو لەو وڵاتە دەکەن بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى باڵا و سود وەرگرتن لە ئەزمونەکانیان.  

سنور ساڵح حامد، کە هاوەڵى کونسڵى ژاپۆنى لەو دیدارە دەکرد سێیەمین خوێندکارى کوردە، کە بەرەو ژاپۆن بەڕێ دەکەوێ بۆ درێژەدان بەخوێندنى باڵا/ ماستەر لە بوارى تەکنەلۆجیاى زانیارى، بۆ ئەوەش سوپاسى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و, کونسڵگەرى ژاپۆن لە هەرێمى کوردستانی کرد بۆ ئەو کارئاسانى و پاڵپشتیەى پێشکەشیان کردوە، سەبارەت بەچۆنیەتى بەدەستهێنانى سکۆلەرشیپەکەى، ئەو خوێندکارە وتى: دەمێک بو ئارەزوم دەکرد لە ژاپۆن درێژە بەخوێندن بدەم، خۆشبەختانە توانیم لە ڕێگەى سکۆلەرشیپى ئەو وڵاتە لە زانکۆى (کیۆتۆ) وەربگیرێم, کە یەکێک لە زانکۆ هەر پێشەنگ و ئاستبەرزەکانى جیهان, بۆ ئەوەش هانى خوێندکارانیدا هەوڵى بەردەوام بدەن، چونکە هەر کەسێک زمانى ئینگلیزى بزانێ بەدەستهێنانى سکۆلەرشیپ لە وڵاتان ئەوەندە کارێکى ئەستەم نیە، بەڵام پشودرێژى دەوێ، لە کۆتایشدا سوپاسى خێزانەکەى کرد کە پاڵپشت و هاندەرى بون تا بتوانێ درێژە بەخوێندن بدات و، دواى گەڕانەوەشم لە ڕێگەى ئەو زانست و زانیاریەى بەدەستى دەهێنم خزمەتى گەلەکەمى پێ دەکەم.