وەزارەتى خوێندنى باڵا بڕوانامەى پەرەپێدانى تواناى ئەکادیمى بەخشیە زانکۆیەکى هەرێم

certificate

بەئامانجى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و کارگێڕى و ئەکادیمى مامۆستایانى زانکۆ و، لە چوارچێوەى پڕۆسەکانى چاکسازى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بۆ یەکەمینجار وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕوانامەى پەرەپێدانى تواناى ئەکادیمى بەخشیە بەشداربوانى کۆرسى پەرەپێدانى تواناى ئەکادیمى زانکۆى زاخۆ.

لەو کۆرسەدا، کە ئەمڕۆ یەک شەممە، ڕێکەوتى (٤/٦/٢٠١٧) د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئیمزاى لەسەر بڕوانامەکەیان کرد، (١٦) لە خوازیارانى وەرگرتنى ناسناوى زانستى بەشداریان تێدا کرد بو، لەماوەى شەش مانگدا بەشدارى چەندین کۆرسیان لە بوارەکانى (ڕێگەکانی وانەوتنەوە، پەرەپێدانی توانای تۆێژینەوەی زانستی، پەرەپێدانی توانای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنی ئەکادیمی، زمانى ئینگلیزى، پێشکەشکردنی سیمینار، ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و بەشداری لە وانەوتنەوە) کرد و، دواى تەواوکردنى سەرجەم کۆرسەکان بەسەرکەوتوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕوانامەى پەرەپێدانى تواناى ئەکادیمى بەخشیە بەشداربوە سەرکەتوەکان و، لێرە بەدواوە ئەوان ئامادە دەبن بۆ وەرگرتنى ناسناوى زانستی پاشان دەتوانن لە زانکۆکان وانە بڵێنەوە.

کۆرسەکانی پەرەپێدانی توانای ئەکادیمی لەلایەن ئينستيتيوتى پەرەپێدانی ئەکادیمی رێكدەخرێت، هەربۆیە تا کاتی دەستبەکاربونی ئینستیتیوتی پەرەپێدانی ئەکادیمی، لە ئێستادا لیژنەی باڵای دڵنیایی جۆری سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری زانکۆکان ئەم کۆرسانە ڕێکدەخەن.   

کۆرسى پەرەپێدانى تواناى ئەکادیمى بەپێى بڕگەى یەکەم لە ماددەى (٢٠) لە یاساى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ژمارە (١٠)ى ساڵى (٢٠٠٨) ڕێکخراوە، وەک لە مادەکەدا هاتوە: "مەرجە ئەو کەسەى نازناوى مامۆستاى یاریدەدەرى پێدەدرێ خاوەنى بڕوانامەى ماستەر بێ و، خولێکى شیاندنى بۆ پرۆسەى وانەوتنەوە بۆ ماوەى شەش مانگ بەسەرکەوتوانە ببڕێ، کە مەرجەکانى بەڕێنمایى دەردەچن، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕێنمایى ژمارە (١)ى ساڵى (٢٠١٦) دەرکرد ، خولەکانیش لە چوارچێوەى ئەو یاسا و ڕێنماییەدا لە زانکۆکان کراوەتنەوە، هەروەک نمرەى دەرچونیش لە کۆرسەکانی پەرەپێدانی توانای ئەکادیمی بەڕێژەى (٧٠٪) دیاریکراوە.

هەربۆیە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریداوە هەر خوازیارێک لە هەڵگرانى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆرا کە بخوازن لە زانکۆکان وانەبڵێنەوە دەبێ کۆرسى پەرەپێدانى ئەکادیمى تەواو بکەن و بڕوانامەى ئەو کۆرسانە بەسەرکەوتوى بەدەست بهێنن و، دواى پێدانى ناسناوى زانستى ئینجا دەتوانن لە زانکۆکان وانە بلیێنەوە، بەپێچەوانەوە ڕێگە بەکەس نادرێت لە زانکۆکان بێ هەڵگرتنى ئەم بڕوانامەیە وانە بڵێنەوە، ئامانجى وەزارەت لەو پرۆسەیە بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و کارگێڕى و ئەکادیمى مامۆستایانى زانکۆیە، بۆ ئەوەش مامۆستایانى زانکۆ تەنها وانەبێژ نەبن، بەڵک و توێژەرێکى کارا و سەرکردەیەکى ئەکادیمى کاریگەر بن لە ناوەندەکانى خوێندن و لە کۆمەڵگەش.