د.یوسف گۆران: بەئەلیکترۆنیکردنى وەزارەت و زانکۆکان لە ئێستادا پێشینەى کارەکانماندایە

IMG_5936.JPG

 د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: پڕۆژەى بەئەلیکترۆنیکردنى وەزارەت یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانى وەزارەتەکەمان و خۆشبەختانە دەستمان پێکردوەو هەنگاوى زۆریش چۆتە پێشەوە.

ئەو ڕاگەیاندنەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەى ژمارە (٢)ى ئەنجومەنى وەزارت هات, کە ئەمڕۆ سێ شەممە, ڕێکەوتى (٣/٥/٢٠١٦) لە دیوانى وەزارەت بەئامادەبونى سەرۆکى سەرجەم زانکۆکان بەڕێوەچوو.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د.یوسف گۆران ئاماژەى بە بڕیارێکى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کرد بۆ بەئەلیکترۆنیکردنى دەزگاو دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان, بۆ ئەوەش وتى: لە پێناو کۆکردنەوەى زانیارى دروست و داڕشتنى بەرنامەیەکى پتەو بۆ داهاتوو ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بڕیاریداوە سەرجەم دەزگاو دامەزراوەکان هەنگاو بەهەنگاو بەئەلیترۆنى بکات, لە کۆبونەوەى ڕۆژى دوو شەممە, ڕێکەوتى (٢/٥/٢٠١٦) ئەنجومەنى وەزیران جەخت لەسەر پەلە کردن لە جێبەجێکردنى ئەو بڕیارە کراوەتەوە, بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵى خۆى دەربڕى کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و زانکۆکان ماوەیەکە دەستى بەو کارە کردوە, وتیشى ئەوە پڕۆسەیەکى گرنگە بۆ زانکۆکان, چونکە حکومەت بەشێوەیەکى گشتى گرفتى داتامان هەیە. د.یوسف گۆران ئەوەشى ڕاگەیاند: زۆر جار کە سەرقاڵى چاکسازین و بمانەوێ بەرنامە بۆ ئایندە دابڕێژین, یەکێک لە گەورەترین گرفتەکان کە لەو پڕۆسەیەدا ڕوبەڕومان دەبێتەوە نەبونى داتاو زانیارییە, بۆیە ئەگەر زانیاری دروست و تەواو نەبوو ناتوانین هەنگاو بەرە ئایندە بنێین و ستراتیژى کارەکانمان دابنێین, لەهەمان کاتدا نازانیین لە کوێین و بەڕەو کوێ دەڕۆین.

هەر لە میانەى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: مایەى خۆشحاڵیە کە تا ئێستا بەشێکى زۆر لە زانکۆکان کارەکانیان تەواو کردوە, هەروەک هەندێکیان هەنگاوى باشیان بڕیوە, ئەوەشى ڕاگەیاند کە (١٩)ى ئەم مانگە کۆتا ڕۆژە بۆ تەواوکردنى کارەکان, وتیشى دیاریکردنى ئەو وادەیەش لەسەر بنەماى داواى زانکۆکان بووە.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان پڕۆژەکەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەبارەت بە زیادکردنى داهات پەسند کرد, بەڵام وردەکارى و داڕشتنى بڕیارەکان ماوەو لەگەڵ لێژنەى تایبەتمەند لەسەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران گفتوگۆیان لەبارەوە دەکەین. ئەوەشى ڕاگەیاند: کە بۆ جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە دەبێت (سۆفت وێرد)ێک دابنێین بۆ شێوەى بەڕێوەبردنى کارەکان, وتیشى ئەو کارە بەرچاومان سەبارەت بەداهاتەکان و ئەو بوارانەى کە دەبنە سەرچاوەى داهات ڕون دەکاتەوە.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: یەکێکە لەکارەکانمان بۆ زیادکردنى داهات دامەزراندنى کۆمپانیاى هاوبەش, کە لە ئێستادا بەشێکى زۆر لە زانکۆ پێشکەوتوەکانى جیهان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەڕۆن, ڕونیشیکردەوە کۆمپانیاى هاوبەش دبێتە بەشێک لە ئابورى زانکۆکان. بۆ ئەوەش سەرۆکى زانکۆکانى ڕاسپارد بیر لەو بوارانە بکەنەوە کە دەتوانن لەگەڵ کەرتى تایبەت کۆمپانیاى هاوبەش دروست بکەن, هەروەک جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە لە بوارى یاسایدا, یاساى ساڵى (١٩٩٧) ڕێگەى پێداوە و, وەک وەزارەتیش کار لەسەر ئەو بوارە دەکات, کە خۆشبەختانە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران پێشوازى لە پڕۆژەکە کردوە.

خاڵێکى دیکەى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارت تایبەت بوو بە پێشنیازى زانکۆى چەرموو سەبارەت بە هاندان و توێژینەوە بۆ بەرزکردنەوەى پلەى زانستى مامۆستایان و توێژران, بۆ ئەوەش دواى تاوتوێکردنى لەلایەن ئەندامانى ئەنجومەن پەسند کرا, بەپێى پێشنیازە پەسندکراوەکە هەر توێژینەوەیەک کە لە گۆڤارێکى ئاست بەرز کە (ئیمپاکت فاکتەر)ى لە یەک کەمتر نەبێت بڵاوکرابێتەوە, پێویست نەکات توێژینەوەکە دوبارە ئاڕساتەى هەڵسەنگێنەر نەکرێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنەوەى, ئەوەش لەبەر هۆکارەکانى کات و دارایى, کە بەهۆیەوە لەسەر زانکۆ پێویست بوو بڕێک پارە وەک پاداشت بۆ هەڵسەنگێنەرەکە خەرج بکات, بۆیە لێرە بەدواوە هەر توێژینەوەیەک لە گۆفارێکى ئاست بەرزى جیهانى بڵاوکرایەوە دوبارە هەڵسەنگاندنى بۆ ناکرێتەوە.