کۆمیتەیەکى باڵا بۆ گۆڕانکارى لە پڕۆگرامەکانى خوێندن لە بەشەکانى زانستە سیاسیەکان پێکهاتوە

zanste syasyakan

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بەشەکانى زانستە سیاسیەکان دەبێ بەشێوەیەک پێداچونەوەى بۆ بکەین کە لەگەڵ زانستەکانى سەردەم و پێداویستیە درێژەخایانەکانى کۆمەڵگەى کوردى بگونجێ.

ئەو ڕاگەیاندنەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (١٢/٤/٢٠١٧) لە میانەى سەرپەرشتیکردنى یەکەمین کۆبونەوەى کۆمیتەى پێداچونەوە بە پڕۆگرامەکانى خوێندن لە بەشەکانى زانستە سیاسیەکان هات.

لەو کۆبونەوەیەدا، کە بەئامادەبونى د.شێرزاد نەجار ڕاوێژکارى خوێندنى باڵا لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و، م.فوئاد عەلى یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان و، سەرۆکى بەشەکانى زانستە سیاسیەکان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچو گفتوگۆ لەبارەى کێشە و گرفتەکانى بەشەکانى زانستە سیاسیەکان لە زانکۆکانى کوردستان کرا و، دواتریش بڕیار لەسەر پێکهێنانى کۆمیتەیەکى باڵا درا بۆ دەستنیشانکردنى کێشە و گرفتەکانى بەشەکانى زانستە سیاسیەکان و، سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان، بەشێوەیەک لەگەڵ پێداویستیەکانى ئەمڕۆ و داهاتوى کۆمەڵگەى کوردى بگونجێ.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى ئامادەبوانى کۆبونەوەکە، ئینجا باسى لە ئامانجى کۆبونەوەکە کرد و وتى: لە درێژەى پلانى ستراتیژى وەزارەتەکەمان بۆ پێداچونەوە بە بەشە زانستیەکان لە زانکۆکان، ئێستا دەمانەوێ پێداچونەوە بەبەشەکانى زانستە سیاسیەکان لە زانکۆکانى کوردستان بکەین، وتیشى هەنگاوەکانمان بۆ گۆڕانکارى لە بەشەکان لە یاساوە دەستمان پێکرد و کۆمەڵێک گۆڕانکارى گرنگمان کرد، ئێستا چەند کۆمیتەیەکى جیامان بۆ گۆڕانکارى لە کۆلێژەکانى خوێندنى ئیسلامى، پزیشکى و ئەندازیاری دەستپێکردوە.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: دو ئامانجمان بۆ گۆڕانکارى لە بەشەکانى زانستە سیاسیەکان هەیە، ئامانجى یەکەمان زانستیە و، دەمانەوێ ئاستى زانستى بەشەکانى زانستە سیاسیەکان بەپێى ستانداردە نێودەوڵەتیەکان بەرز بکەینەوە، بەشێوەیەک خوێندکارانى زانستە سیاسیەکان ئاشناى نوێترین میتۆد و بابەتە زانستیەکانى بوارى سیاسەت بن، هەروەک ئامانجى دوەمیشمان لەم گۆڕانکاریە ئەوەیە کە چۆن بتوانین لەوەشدا چەند ئامانجێکمیان هەیە یەکەمیان زانستیە دوەمیان بۆ کۆمەڵگەیە، چۆن بتوانین دەرچوانى زانستە سیاسیەکان ڕۆڵیان لە بەدیهێنانى ئامانجە درێژخایانەکانى کۆمەڵگە و نەتەوەکەمان هەبێ.

لە کۆتایى وتەکەشیدا، د.یوسف گۆران وتى: ئەمانەوێ ئەم کۆمیتە باڵایە کێشەکان دیارى بکەین و، دواتر ڕێگە چارەى گونجاو دەستنیشان بکەن. وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕونیشکردەوە جاران بەهۆى ئەوەى سستمێکى حکومڕانى سەنتراڵى هەبو، بۆیە گۆرانکارییەکان لە رێگەى کۆنفرانسەوە دەکران، بەڵام ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ پێدانى دەسەڵاتى زیاتر و سەربەخۆى زیاتر بەزانکۆکان، گۆڕانکارى لە بەشە زانستیەکان لە ڕێگەى ئەو کۆمیتانەوە دورکەوتنەوەیە لە حکومڕانى سێنتراڵى و پێدانى دەسەڵاتە بە بەشە زانستیەکان  وەک ئەوەى لە جیهان هەیە، لە کۆتایشدا پشتگیرى تەواوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ هەوڵ و بڕیار و پێشنیازەکانى کۆمیتەکە دوپات کردوە، وتیشى پشتگیرى هەر بڕیار و گۆڕانکارییەک دەکەین کە ئێوە پێشنیازى بکەن.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، د.شێرزاد نەجار سەڕۆکى کۆمیتەى باڵاى گۆڕانکارى لە پڕۆگرامەکانى خوێندنى بەشەکانى زانستە سیاسیەکان وتى: بێگومان بونى کێشە لە زانستە سیاسیەکان لە زانکۆکانى کوردستان بۆتە هۆکارى پێکهێنانى ئەم کۆمیتەیە، بۆیە بەهیواین بتوانین نەخشە ڕێگەیەک دیارى بکەین بۆ دیاریکردنى چۆنیەتى پێشخستنى بەشەکانى زانستە سیاسیەکان بەپێى پێداویستیەکانى ئەمڕۆى کۆمەڵگەى کوردى.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکە ئەندامانى لێژنەکە بەوردى تاوتوێى کێشەکانیان کرد، هەروەک نەخشەى ڕێى کۆبونەوەکانى داهاتو دیارى کران، بڕیاریشدرا کۆبونەوەکانى درێژەیان پێ بدرێ و ڕاوێژ بەکەسانى پسپۆڕ و شارەزایى بیانى و ناوخۆیى بکرێ بۆ گەڵاڵەکردنى پێشنیازەکان بۆ چۆیەتى گۆڕانکارى لە پڕۆگرامەکانى خوێندن و شێوازى وەرگرتن لە بەشەکانى زانستە سیاسیەکان لە زانکۆکانى کوردستان.