وەزارەتى خوێندنى باڵا مەرجەکانى خوێندنى بەکالۆریۆس بۆ بەشە پزیشکى و ئەندازیارییەکان لە دەرەوەى وڵات دیارى دەکات

Classroom logo.jpg

 بەئامانجى بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن و تواناى ئەو خوێندکارانەى لە دەرەوەى وڵات دەخوێنن، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆنمرەى خوێندن لە بەشە پزیشکى و ئەندازیارییەکان دەستنیشان دەکات.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ساڵانە ژمارەیەکى زۆرى خوێندکار بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى خوێندنى بەرایى (بەکالۆریۆس) لە بوارى پزیشکى و ئەندازیارى ڕوو لە زانکۆکانى دەرەوەى وڵات دەکەن، بۆیە وەزارەتەکەمان لە چوارچێوەى ئەرکەکانى خۆیدا و بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى خوێندنى ئەو خوێندکارانە، بەئیمزاى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى  پاڵپشت بەکۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت مەرجەکانى خوێندنى بەرایى (بەکالۆریۆس) لە بوارى پزیشکى و ئەندازیارى لە زانکۆکانى دەرەوەى وڵات دەرکرد.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە مەرجەکانى خوێندن کرد و وتى: بۆ خوێندنى بەشى پزیشکى گشتى پێویستە کۆنمرەى خوێندکار لە (٨٥%) کەمتر نەبێت، هەروەک بۆ خوێندنى بەشى پزیشکى ددان و دەرمانسازى پێویستە کۆنمرەى خوێندکار لە (٨٠%) کەمتر نەبێت، لەهەمان کاتدا بۆ خوێندنى بەشەکانى ئەندازیارى کۆنمرەى خوێندکار نابێت لە (٧٥%) کەمتر نەبێت.

عەباس ئەکرەم ئەوەشى ڕاگەیاند: ئەو خوێندکارانەى ڕو لە دەرەوەى وڵات دەکەن دەبێت دەرچوى (١٢)ى ئامادەیى لقى زانستى بن و، بەهیچ جۆرێک دەرچوانى (١٢) ئامادەبى لقى ئەدەبى ناگرێتەوە، لەهەمان کاتدا خوێندکار بەر لەوەى بچێتە دەرەوە، دەبێ فایل لە وەزارەتەکەمان بکاتەوە، هەروەک فرمانەکەش لە ڕێکەوتى (٣٠/٣/٢٠١٦) چۆتە بوارى جێبەجێکردنەوە.