کێشەى زانکۆ تایبەتەکانى هەرێم لەگەڵ ئێراق ئەوەندەى کێشەیەکى سیاسیە، کێشەى یاسايى نیە

IMG_0058.JPG

 د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بەپێى دەستورى هەمیشەیى ئێراق، کردنەوەى زانکۆى تایبەت لە هەرێمى کوردستان لە دەسەڵاتى حکومەتى هەرێمى کوردستانە، نەک حکومەتى ئێراقى، بۆیە ئەو گرفتە کە لە نێوان زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئێراقیدا هەیە ئەوەندەى گرفتێکى سیاسیە گرفتێکى یاساى نیە.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى دیدارێکدا لەگەڵ د.خەلیل جەلفون سەرۆکى زانکۆى حیکمەى لبنانى هات، کە ئەمڕۆ یەک شەممە، ڕێکەوتى (١٢/٦/٢٠١٦) لە دیوانى وەزارەت، بەئامادەبونى د.ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین و، د.ئینتوان سەعد ئەمیندارى گشتى زانکۆى حیکمەى لبنان و، بەڕێوەبەرى پەیوەندییەکانى هەمان زانکۆ بەڕێوەچو و، تيايدا گفتوگۆ لەبارەى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان زانکۆى حیکمەى و زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرا.

لەسەرەتاى دیدارەکەدا، سەرۆکى زانکۆى حیکمەى لبنانى، دواى ئەوەى سوپاسى ئەو پێشوازییەى کرد، باسى لە کێشەى ئەو خوێندکارانه‌ کرد، کە خوێندنیان لە زانکۆک تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان تەواو کردوەو، ئێستا لە زانکۆکەیان دەخوێنن، بەڵام لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى ئێراقیه‌وه‌ بڕوانامەکانیان ڕاستاندنى بۆ ناکرێ، بەبیانوى ئەوەى خوێندنى بەراییان لە زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان تەواو کردوە.

لەو بارەیەوە د.یوسف گۆران دواى ئەوەى بەخێرهێنانى وه‌فدی میوانی کرد وتى: زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان لە ڕوى کواڵیتى و، مامۆستاو، زمان و، لایەنى ئەکادیمى زۆر جیاوازترە لەوەى کە لە زانکۆ تایبەتەکانى ئێراقدا هەیە، بۆیە ئه‌و گرفته‌شی كه‌ دروستكراوه‌ ئه‌وه‌نده‌ی گرفتێكی سیاسیه‌، گرفتێكی یاسایی نیه‌، بۆ چارەسه‌رکردنى ئەو گرفتەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا: هەر خوێندکارێک ئەگەر بەسەرکەوتوى خوێندن لە زانکۆیانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی دانییان پێدا نراوه‌ و، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ دڵنیابین له‌وه‌ی خوێندنه‌كه‌ی به‌سه‌ركه‌وتوی له‌و زانكۆیان ته‌واو كردوه‌و بڕوانامەى دەرچونیان پێ درا، ئەوا لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاستاندن و یەکسانکردن بۆ بڕوانامه‌كه‌ی دەکرێ، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كه‌ ئه‌و خوێندكارانه‌ پێشتر پشتگیری بڕوانامه‌كانی ئاماده‌یی و به‌كالۆریۆسه‌كه‌ی كرابێت‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كانی (په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان) و، فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌ و، له‌گه‌ڵ خۆشی ئه‌و پشتگیرییانه‌ بیبات بۆ ئه‌و زانكۆیه‌ی كه‌ لێیی ده‌خوێنێ،  ئەوەش وه‌ك ڕێگه‌ی چاره‌ی بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیەى زانکۆ تایبەتەکان کە لەگەڵ حکومەتى ئێراقى هەیانە بڕیاری له‌سه‌ر درا.

لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەى ئەو ڕێکەوتنامەیە کە لە نێوان زانکۆى حیکمەى لبنانى و زانکۆى سەڵاحەددین کراوە، بەتایبەت بۆ کردنەوەى چەند بەشێکى زانستى لە زانکۆى سەڵاحەددین.