د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ پڕۆفیسۆر سوڵتان ئەبو عرابی ئەلعدوان ئەمینداری گشتیی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی گفتوگۆیان لەبارەى پەیوەندییە زانستیەکانى نێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و زانکۆکانى وڵاتانى عەرەب کرد.
لە دیدارەكەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتى (١٢/٦/٢٠١٨)بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.نەژدەت ئاکرێی بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان و، د. خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى و، د.ئیدریس هادى سەرۆکى بۆردى ئەمیندارانى زانکۆى ئیشک بەڕێوەچو، چەند تەوەڕێکى جیا گفتوگۆیان لەسەر کرا.
ئەمینداری گشتیی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی خۆشحاڵى خۆى بەو سەردانە بۆ هەرێمى کوردستان دەبڕى و، هەروەک بەگرنگیەوە باسى لە پێگەو ڕۆڵى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرد لە بایەخدان بەکواڵیتى و پەرەپێدان و، گەیشتن بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
لەبەرامبەردا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى ئەمینداری گشتی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەب و وەفدى هاوڕێى، باسى لە گرنگى و مێژوى پێکەوەژیان و پەیوەندى لە مێژینەى نێوان کورد و عەرەب کرد، ئامادەیى وەزارەتەکەى پیشاندا بۆ فراوانکردنى پەیوەندییە زانستیەکانى نێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ زانکۆکانى عەرەب و، وتیشى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئامادەیى تەواویان هەیە بۆ پێشوازیکردن لە خوێندکارانى عەرەب بۆ درێژەدان بەخوێندن.