وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ بەشدارانى سێیەمین کۆنگریسی نێودەوڵەتی خوێندنی کوردی کۆبوەوە

کۆبونەوەى وەزیر لەگەڵ سێیەمین کۆنگریسی نێودەوڵەتی  خوێندنی کوردی

لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەشدارانى سێیەمین کۆنگریسى نێودەوڵەتى خوێندنى کوردى، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بۆ هاندانى توێژەران و پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستى لە زانکۆکانى کوردستان، لە کارنامەى چوار ساڵى کارکردندا تەرخانکردنى بودجەیەکى تایبەت بۆ توێژینەوەى زانستى لەخاڵە سەرەکییەکاندایە.

ئەم لێدوانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەمیانى کۆبونەوەیەکدا هات لەگەڵ بەشدارانى سێیەمین کۆنگریسی نێودەوڵەتى خوێندنی کوردی، کە لەلایەن ئینیستیوتی کوردی لە پاریس، بەهاوکاری زانکۆکانی کۆیە و زاخۆ بە پشتیوانى وەزارەتى دەرەوەى فەرەنسا ئەنجامدرابو.

لە کۆبونەوەکەدا، کە کەنداڵ نەزان سەرۆکى ئینستیوتى کوردى لە پاریس و نەزەند بەگیخانى و، د. وەلى محمد سەرۆکى زانکۆى کۆیە و، د. داود سلێمان بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى ئەندازە و پرۆژەکان لە وەزارەت و، ژمارەیەک لە توێژەرانى نێودەوڵەتى ئامادەیبون، بەشداران ئاماژەیان بە کارەکانى بەڕێوەچونى سێیەمین کۆنگریسى کوردى کرد، بەتایبەت ئەو بابەت و تەوەرە گرنگانەى خراونەتەڕو و، واش بڕیارە لە ڕاسپاردەکاندا بخرێتە بەردەستى وەزارەت بەمەبەستى پەسەندکردن و خستنە بوارى جێبەجێ کردنەوە.

د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا وێڕاى بەرزنرخاندنى وەها کۆنفرانسێکى زانستى لە زانکۆکانى کوردستان، کە ئامانج و ستراتیژى سەرەکى کارەکان بریتیە لە ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى و ئەکادیمى لەبارەى زمان، ئەدەب، کلتور، مێژو، جێندەر، کۆمەڵگە، شوێنەوارناسى، و ڕۆڵى ڕەوەندى کوردى لە دەرەوەى وڵات، ستایشى ئەو هەوڵەى ئینستیوتى کوردى لە پاریس کرد.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: گەلى کورد بەدرێژایى مێژو هەوڵى داوە بە گونجاندن لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و هاوبەشىکردن لە پڕۆژە و کارى پێکەوەیى وڵاتان دۆست و هاوکارى گەلەکەمان بونە، بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگى وڵاتان بۆ گەلەکەمان لەلایەک بە پێویست و، لەلاکەى تریشەوە جێگەى سوپاس و ڕێزە، بۆیە بە هەمو شێوەیەک پشتیوان و هاوکارى کۆنفرانسەکەتان بوینەو چاوەڕێى ڕاسپاردەکان دەبین و بە گرنگەوە کار لەسەر خاڵ و بڕگەکانى دەکەین.

هەر لە وتەکەیدا، د. ئارام محمد قادر ئاماژەى بە پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستى و هاندانى توێژەران بۆ ئەنجامدانى توێژینەوە لە گۆڤارە زانستیە ئاست بەرزەکانى دونیا کردو وتى: لە کارنامەى چوار ساڵى کارکردندا تەرخانکردنى بودجەیەکى تایبەت بۆ توێژینەوەى زانستى لەخاڵە سەرەکییەکاندایەو هەمو هەوڵ و پشتیوانیەک بۆ پەرەپێدانى ئاستى توێژینەوە لە وڵاتەکەمان دەخەینەگەڕ.

لە کۆتایى کۆبونەوەکەشدا بەشداران چەند سەرنج و تێبینیەکیان لەبارەى کارەکانى دو رۆژى کۆنگریس و چەند بابەتێکى تر خستەڕو.

جێگەى ئاماژەیە رۆژى دوشەمە ڕێکەوتى (٤/١١/٢٠١٩) سێیەمین کۆنگریسى نێودەوڵەتى خوێندنى کوردى بەڕێوەچو و، تیایدا د. داود سلێمان نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەشکردو تیایدا ئاماژەى بە چەند تەوەر و بابەتێکى گرنگ لەبارەى کۆنگرێسەکە کرد.

بۆ خوێندنەوەى دەقى وتارەکە کلیک ( لێـــــــرە) بکە...