وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا ماوەی پێشكەشكردنی فۆرمی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەكان لەڕێگەى (زانکۆلاین) بۆ ماوەى دوو رۆژى دیکە درێژ بکاتەوە.
عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: لەسەر داواى وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەرەچاوکردنى بەرژەوەندى گشتى دەرچووانى قۆناغى (١٢)ى ئامادەیی، ئەوانەی تائێستا نەیانتوانیوە فۆرمی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەکان لە ڕێگەی (زانكۆ لاین) پێشكەش بكەن، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بەدرێژكردنەوەی ماوەی (زانکۆ لاین) بۆ ماوەى دوو رۆژى دیکە تا سەعات (12)ی شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە, ڕێكەوتی (١٠/١١/٢٠١٥)، و بەكارا هێشتنەوەی (زانكۆلاین) لە رۆژانى (یەکشەمەو دووشەمە).
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داوا لە دەرچووانى قۆناغى ١٢ى ئامادەیی دەكات هەوڵەكانیان بەتەواوی بخەنە گەڕ تا لە ماوەی دیاریكراودا فۆرمی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی (زانكۆ لاین)ەوە بەوردی و وریایی پڕ بكەنەوەو پێشكەشى بكەن.