د.یوسف گۆران: هاوکارى و هەماهەنگیەکانى وڵاتى هەنگاریا بەرز دەنرخێنین

HANGARYA0

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هەنگارى لە کاتێکدا هاوکارى پێشکەش بەهەرێمى کوردستان کرد، کە هەرێمەکەمان ڕوبەڕوى شەڕى دژى داعش و، قەیرانى دارایی بو بوەوە، بەڵام هاوکارییەکانى ئەوان بۆ هێزى پێشمەرگە لەلایەک و، بەردەوامیدان بەپێشکەشکردنى سکۆلەرشیپ بۆ خوێندکارانى کوردستان لەلایەکى دیکە مایەى ستایش و نرخاندێکى زۆرە.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتى (١١/٦/٢٠١٨) لە میانەى دیدارێکى هات لەگەڵ کونسڵى هەنگارى، لەو دیدارەدا، کە بەئامادەبونى د. خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى و، د. محمد حسێن کەلارى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى پشکنین و دڵنیایى جۆرى بەڕێوەچو، گفتوگۆ لەبارەى ئاستى پەرەپێدانى پەیوەندییەکان نێوان هەردولا کرا.

لە سەرەتایى دیدارەکەدا، کونسڵى هەنگاریا ڕایگەیاند: ماوەى زیاتر لە چوارە لە کوردستان وەک کونسڵى هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان کارەکانى وڵاتەکەمان بەڕێوەبرد و، هەوڵماندا لە زۆربەى بوارەکان پەرە بەپەیوەندییەکان بدەین، یەکێک لەو سێکتەرانە بوارى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بوو، وتیشى خۆشحاڵبوم کە لەماوەى مانەوەم لە کوردستان توانیم گرنگى زۆر بەباشترکردنى پەیوەندییەکانمان لە بوارى خوێندنى باڵا بدەین، کونسڵى هەنگاریا ئەوەشى ڕاگەیاند: کارکردنم لە کوردستان کۆتایى پێهاتوە، پۆستێکى نوێ کە بریکارى وەزیرى بەرگرى هەنگاریایە پێم سپێردراوە، بۆیە لەو پێگەیەشدا هەوڵدەدەم بەردەوامى بەپەیوەندییەکانمان لەگەڵ کوردستان بدەین، هەروەک سوپاسى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، کە هەماهەنگى بەردەوامیان لەگەڵ یەکتر هەبوە، هەروەک دەستخۆشى لە وەزارتیش کرد لەبەرامبەر گرتنەبەرى ئەو ڕیوشوینانەى بۆ ڕەوانەکردنى خوێندکاران بۆ هەنگاریا گرتویەتیەبەر.

لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دواى ستایشکردنى کارەکانى کونسڵى هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان، پیرۆزبایى وەرگرتنى پۆستە تازەکەشى لێکرد و وتى: بەهیوام لە بەرپرسیارێتى نوێشت بەردەوام بى لە پەیوەندییەکانى وڵاتەکەت لەگەڵ هەرێمى کوردستان، وتیشى ماوەى مانەوەتان لە کوردستان ماوەیەکى زۆر گرنگ بو بۆ ئێمە، چونکە توانیتان پەیوەندییەکى باش لە بوارى خوێندن و، لە بوارى هاوکاریکردنى کوردستان لەشەڕى دژ بەداعش دروست بکەن، بۆیە بەهیواین ستافى دواى ئێوە بەهەمان گڕوتین پێکەوە بەردەوامبین لە پەیوەندییەکانمان.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند: لە هەرێمى کوردستان کۆمەڵێک سێنتەرمان هەیە، کە تایبەتن بە ئەنجامدانى توێژینەوە لە بوارى ئاسایشى و ئەمنى، بۆ ئەوەش هیواى خواست لەگەڵ دەستبەکاربونى لە پۆستى نوێ بتوانێ پەیوەندی لەگەڵ ئەو سێنتەرانە دروست بکات و سودیان لێ وەربگرن.

لە کۆتایشدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: هیوادارم بەردەوام بن لە پەیوەندییە کە لە گەڵ کوردستان دروستان کردوە، هەروەک خۆشحاڵى خۆشیى پیشاندا، کە خوێندکارانى کوردستان کە لە چوارچێوەى سکۆلەرشیپ گەیشتونەتە زانکۆکانى ئەو وڵاتە توانیویانە شوێن و پێگەى خۆیان بکەنەوە، سوپاسى هەنگاریشى کرد لەبەرامبەر دابینکردنى ٣٠ کورسى سکۆلەرشیپ-ى ساڵانە بۆ خوێندکارانى کوردستان.