ڕاگه‌یاندنی دەرەنجامی خولی سێهەمی به‌رنامه‌ی تواناسازی دوای وردبینی بەرایی

newsitem-1241-24.101.2012-ku.jpg

‌وەزاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی به‌ خۆشحاڵيه‌وه‌ ده‌ره‌نجامی خولی سێهەمی به‌رنامه‌ی تواناسازی دوای وردبینی ئەنجامە بەراییەکان ڕاده‌گه‌يه‌نێت. ئه‌م خوله‌ بە شێوازی ئۆنلاین و لەڕێگای فۆرمی ئەلکترۆنییەوە بەڕێوەچوو، لە دروستکردنی فۆرمی داواکاری و پرۆسەی پاڵاوتنی کاندیدەکاندا پێشکەوتووترین تەکنۆلۆجیا و کاریگەرترین سیستەمی داتابەیسی شەفاف بەکارهێنرا. پێشكه‌شكاران توانیان له‌ ڕێگای ئنته‌رنێته‌وه‌ هه‌ر خۆیان ته‌واوی زانیارییه‌كانیان داخڵ بكه‌ن و دۆكیومێنته‌كانیان بۆ وه‌زاره‌ت بنێرن و خاڵه‌ كۆكراوه‌كانيان پێشوه‌خت بزانن. هه‌مان ئه‌و خاڵه‌ كۆكراوانه‌ له‌ داتابه‌يسێك دا به‌ شێوازێکی ئه‌له‌كترۆنی و به‌بێ ده‌ستكاری له‌ ليستێكدا ڕيزبه‌ند بوون و بوونه‌ بنه‌مايه‌ك بۆ بڕياردان. ئەم هەنگاوەش زامنی تەواوی شەفافیەت و ڕەخساندنی هەلی یەکسان و دادپەروەری کۆمەڵایەتییە.

لەم قۆناغەدا تەنها سەیری سکاڵای پێشکەشکاران کراوە و دوای پێداچوونەوەی ئەنجامە بەراییەکان بڕیاری پێویست لەبارەی سکاڵاکانەوە دراوە، لە قۆناغی داهاتودا لەگەڵ دەستپێکردنی مامەڵەی کاندیدە سەرکەوتووەکان دیسان وردبینی لەبەر ڕۆشنایی دۆکیومێنتە ئۆریجناڵەکان ئەنجام دەدرێت.

سکاڵاکان

سکاڵاکانی خولی سێهەمی بەرنامەی تواناسازی لەلایەن لێژنەیەکی تایبەتی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە وردبینی تەواویان بۆ کراوە ،.شایانی باسە لێژنەکە پێک هاتبوون لەم بەڕێزانە:

  • د. ئامانج عبداللە سعید؛ ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی
  • د. گۆڤەند حسێن شێروانی؛ بەڕێوەبەری گشتیی ناردن و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان
  • د. ماهیر عەزیز؛ جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ناردن و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان
  • د. شێرکۆ کرمانج؛ بەرێوەبەری تواناسازی/ ناردن
  • خاتوو ئارام ئیبراهیم؛ بەڕێوەبەری تواناسازی/ وەرگرتن

تەواوی سکاڵاکان لەلایەن لێژنەی ناوبراو سەیر کراون، هەروەها داواکاری و پلانی زانکۆو دەستەکانیش بە وردی رەچاو کراوە. ئەنجامی سکاڵاکان لەگەڵ ئەنجامە کۆتاییەکاندا ئاماژەی پێکراوە. بۆیە چیتر سکاڵا وەرناگیرێت.

بۆ ئه‌و پێشكه‌شكارانه‌ی ناویان ده‌رچووه‌

به‌ناوی (وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو تیمی به‌رنامه‌ی تواناسازی) یه‌وه‌ پیرۆزیایی گه‌رم له‌ گشت ده‌رچووان ده‌كه‌ین و هیوادارین به‌ سه‌ركه‌وتوویی خوێندن ته‌واو بكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خزمه‌ت كردنی ڕه‌وشی خوێندن و گه‌شه‌پێدانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی وڵاته‌كه‌مان. هه‌روه‌ها داوا له‌ ده‌رچووان ده‌كه‌ین كه‌ به‌زووترین كات دۆكیومێنته‌ ڕه‌سه‌نه‌كان (ئۆریجناڵه‌كانیان) پێشکەش بە ‌ بەڕێوەبەرێتی بەرنامەی تواناسازی (پرۆسەی پێشکەش کردن) لەوه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی بکەن. دوا وردبیینی لەسەر دۆکیومێنتی تەواوی کاندیدەکان ئەنجام دەدرێت لەبەر ڕۆشنایی کۆپی ئۆریجناڵی دۆکیومێنتەکان، گەر هەرکاندیدێک زانیاری ناڕاستی پێشکەش کردبێت یان بەپێجەوانەی یاسا مامەڵەی لەگەڵ سیستەمەکەدا کردبێت ئەوا رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە.

بۆ ئه‌و پێشكه‌شكارانه‌ی ناویان ده‌رنه‌چووه

ئه‌و پێشكه‌شكارانه‌ی له‌ خولی سێهەمی به‌رنامه‌ی تواناسازی دا چانسی ده‌رچوونیان نه‌بوو ئێمه‌ هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازین و ئومێده‌وارین كه‌ هه‌رگیز كۆڵ نه‌ده‌ن و خۆیان بۆ ده‌رفه‌ته‌كانی ئاینده‌ ئاماده‌ بكه‌ن. هه‌وڵ بده‌ن پرۆفایلی خۆیان به‌هێز بكه‌ن له‌ ڕێگای به‌رزكردنه‌وه‌ی توانستی زمان و په‌یداكردنی ئۆفه‌ری خوێندنی ئه‌كادیمی له‌و ووڵاتانه‌ی كه‌ خوێندن تیایاندا له‌ ئاستێكی به‌رزه‌. هه‌موو لایه‌كیش دڵنیا ده‌كه‌ین كه‌ پیش هاتنی وەرزی هاوینی ئەمساڵ خولی چوارهەمی بەرنامەی تواناسازی ڕادەگەیەنین. شایانی باسە پێداچوونەوە بە ڕێنمایی و مەرجەکانی تواناسازی ئەنجام دراوە، لەمەودوا قورسایی زیاتر دەدریتە توانستی زمانی ئینگلیزی و گۆڕانکاریش بەسەر لیستی زانکۆ باوەڕپێکراوەکاندا هاتووە، بۆیە پێویستە خوازیاران بەردەوام سەیری ماڵپەڕی سەرەکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستیی بکەن بۆ ئەوەی لە وردەکاری مەرج و ڕێنماییە نوێیەکان ئاگادار بن.

ئەوانەی بە مەبەست زانیاری یان دۆکیومێنتی هەڵەیان پێشکەش کردووە

دوا لێکۆڵینەوە و وردبینی لەبەر ڕۆشنایی دۆکیومێنتە ئۆریجناڵەکان ئەنجام دەدریت، گەر هەرپێشکەشکارێک بە مەبەست زانیاری هەڵەی داخڵ کردبێت ئەوا رووبەڕووی لیپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە و ناوی دەخرێتە لیستی رەش و بۆ ماوەی سێ ساڵ مافی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ بەرنامەی تواناسازی لەدەست دەدات، مەبەست لەم هەنگاوەش بریتییە لە پارێزگاریکردن لە بەها یاسایی و زانستییەکانی بەرنامەی تواناسازی و مافە گشتییەکانی هاوڵاتیان.

 

تکایە بڕۆ بۆ لاپەڕەی ئەنجامەکان