Nov 2016

لەمەودوا فەرمانبەران دەتوانن بە مووچەى تەواو لە دەرەوەى هەرێمى کوردستان بخوێنن

بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان "وەزارەتى خوێندنى باڵا پاڵپشت بە یاساى ژمارە 14 بۆ ساڵى 2009 (یاسای هەموارکراوى راژەى مەدەنى ژمارە 25ى ساڵى 1960)ى عێراقى، لەمەودوا فەرمانبەرانى حکوومەتى عێراقى دەتوانن بە مووچەى تەواو لە وڵاتانى دەرەوە درێژە بە خوێندنى دبلۆم و ماجستێر و دکتۆرا بدەن".


د.گۆڤەند حسێن شێروانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتى "سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیرانى کوردستان، لە مانگى ئادارى رابردوو رەزامەندیدا لەسەر جێبەجێ کردنى یاساى ژمارە 14ی ساڵى 2009 یاساى راژەى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان، کە لە ئەنجوومەنى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق دەرچووە، تێدا هاتووە "هەموو فەرمانبەرێکى خاوەن بڕوانامەى دبلۆم و بەکالۆریۆس، کە دوو ساڵ، یان زیاتر راژەى حکوومى هەبێت، دەتوانێت مۆڵەتى خوێندن بە مووچەى تەواو وه‌ربگرێت و لە ناوخۆ و دەرەوەى عێراق درێژە بە خوێندن بدات". هه‌روه‌ك ئاشكرای كرد، كه‌ "ئەم بڕیارە تەنیا فەرمانبەرانى حکوومەت دەگرێتەوە".


لەبارەى ئەوەى، ئاخۆ ئەم بڕیارە قوتابیان و خوێندکارانى دەرەوەى وڵات لە ئێستا و رابردوودا دەگرێتەوە شێروانی گوتى "ئەم بڕیارە بۆ گشت وەزارەتەکانى سەر بە حکوومەتى هەرێمى کوردستان گشتێندراوە و سەرجەم ئەم قوتابییە خوێندکارانەش دەگرێتەوە، کە پێشتر فەرمانبەر بوونە و لەسەر ئەرکى خۆیان بۆ تەواوکردنى خوێندن چوونەتە دەرەوەى هەرێم، بەڵام بڕیارە لە سەرەتاى مانگى نیسانەوە بچێتە وارى جێبەجێ کردنەوە".