وەزیرى خوێندنى باڵا ڕێزبه‌ندی نیشتمانى زانكۆكانی کوردستانى ڕاگه‌یاند

ڕاگه‌یاندنی ڕیزبه‌ندنی نیشتیمانی زانكۆكان بۆ جاری چواره‌م

به‌چاودێری و ئامادەبونى (د. ئارام محمد قادر) وەزیرى خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، ژمارەیەک لە وەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ڕاوێژكار و سه‌رۆكی زانكۆ حكومی و تایبه‌ته‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كان و، یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆكان، به‌دروشمی (ڕیزبەندی نیشتیمانی ... شاڕێی کرانەوە و متمانە و دڵنیایی) بۆ (جاری چوارەم)، ئه‌مڕۆ پێنجشەممە‌، ڕێكه‌وتی (٩/١/٢٠٢٠) له‌ شاری هه‌ولێر له‌ مه‌راسیمێكدا ئەنجامی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی کوردستان بۆ ساڵی (٢٠١٩) ڕاگەیەنرا.

مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ساتێك ڕێزگرتن بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستیپێكرد، پاشان د. ئارام محمد قادر وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتارێكی پێشكه‌شكرد و ئه‌نجامی ڕیزبه‌ندی نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستانى بۆ ساڵى ٢٠١٩ ئاشكرا كرد.

پێوه‌ره‌كانی ڕیزبه‌ندی نیشتیمانی زانكۆكان جۆراوجۆرن

له‌ سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا، د. ئارام محمد قادر به‌خێرهێنانی میوانان وتی: ڕیزبەندی نیشتیمانی بریتیە ڕێکخستنی پێشبڕکێ لە نێوان زانکۆکانی کوردستان لەسەر بنەمای پێوەری زانستی و ئەکادیمی، بە تایبەت ئەو پێوەر و مێتریکسە نێودەوڵەتیانەی کە کاراییان لەسەر پێگەی نێودەوڵەتی زانکۆکانمان دەبێت. وتیشى: لە ئێستادا پێوەرەکانی ڕیزبەندی نیشتیمانی بریتین لە توێژینەوەی زانستی، ستافی ئەکادیمی، چالاکی نێودەوڵەتی، کواڵیتی، ئاستی گەیشتن بە سەرچاوە زانستییەکان، چالاکی کەلتوری و پەیوەندی زانکۆکان لەگەڵ  کۆمەڵگا، تێڕوانینی قوتابیان و خوێندکاران، بەدواداچوونی دەرچوان. لە نێو پێوەرەکاندا  توێژینەوەی زانستی تا ئێستاش پشکی شێری هەبووە، بە تایبەت بڵاوکردنەوەی توێژینەوە لەو گۆڤارە زانستیانەی کە لەلایەن (کلاریڤەیت ئەنەلەتیکس) ئیندێکس کراون، خۆتان دەزانن هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە بڵاوکردنەوە لەو گۆڤارانەی کە فاکتەری کاریگەریان هەیە ڕەنگدانەوەی ئاست و ستاندارد و کواڵیتی توێژینەوەکانن.

ڕیزبه‌ندی نیشتیمانی زانكۆكان سه‌دان گۆڕانکارى و ده‌سكه‌وتی زانستی به‌ده‌ستهێناوه‌

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: دەتوانین بڵێین، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ڕیزبەندی نیشتیمانی توانی گۆڕانکاری بەرچاو لەگەڵ خۆی بهێنێت، کە دەمەوێت ئەمرۆ ئاماژە بە هەندێکیان بدەم،  گرنگترینیان دۆکیومێنتکردنی پرۆسەی دڵنیایی جۆری و چالاکییە زانستییەکانی زانکۆکانە، هەموو زانکۆکان خۆیان داتاکانی پەیوەندیدار بە پێوەرەکانی ڕیزبەندی نیشتیمانی تۆمار دەکەن و دۆکیومێنتیان  دەکەن ئەمەش بوەتە هۆی کە ئەوەی کە ژێرخانێکی ئەلکترۆنی بەهێز بۆ جوڵە و چالاکی زانستی سەرجەم زانکۆکانی کوردستان بنیاد بنرێت، شیکردنەوە و ڕاڤەکرەنی ئەم داتایانە یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی زانکۆکان و داڕشتنی پلانی گونجاو بۆ پێشخستنی کەرتی خوێندنی باڵا.

د. ئارام محمد قادر ڕاشیگەیاند: هەروەها ڕیزبەندی نیستیمانی توانی کەلتوری گرنگیدان بە مێتریکس و پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتی بۆ بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی بچەسپێنێت و زیاتر هانی زانکۆکانی دا کە تە توێژەرانیان بەرەو بڵاوکردنەوە لە گۆڤارە زانستییە ئاست بەرزەکان ئاراستە بکەن، ئەمەش وادەکات بەرهەمی توێژینەوەکانمان لە ئاستی لۆکاڵی دەربچن و هەم لە ڕووی کواڵیتیشەوە گەشە بکەن.

هەر بۆ نمونە لە ساڵی ٢٠١٥دا بە هەموو زانکۆکانی کوردستان تەنها ٢١٣ فاکتەری کاریگەریان بەدەستهێنابوو لە ئەنجامی بڵاوکردنەوەی تەنها (٧٩) توێژینەوەی زانستی لەو گۆڤارانەی کە لە (ISI)  ئیندێکس کرابوون، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ دا ژمارەی فاکتەری کاریگەری کۆکراوە گەیستووەتە (٣٣٤٦) و ژمارەی توێژینەوە بڵاوکراوەکانیش گەیشتووەتە (١٤٢٤) توێژینەوەی زانستی، مانای وایە چالاکی بڵاوکردنەوەی بەرهەمی توێژینەوە زانستییەکان لە گۆڤارە ئاستبەرزەکانی دونیا بە ڕێژەی (٨٢٠٪) زیادی کردووە.

بەهەمان شێوە، گوگڵ سکۆڵەر سایتەیشن لە ساڵی ٢٠٠٥ تەنها (٥٠٠٠) بووە، ژمارەیەکی زۆر کەمی توێژەرانیش ئەکاونتیان لە گوگڵ سکۆڵەر هەبووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ دا گوگڵ سکۆڵەر سایتەیشنی کوردستان گەیشتووەتە (٦٨٥٦١)، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گەشەکردنی ئاستی کاریگەری توێژینەوەکانی کوردستانە.

بە هەمان شێوە لە ڕێگای داتاکانی ڕیزبەندی نیشتیمانییەوە گەشەکردنی ئێکسپۆنانشیاڵ لە هەموو پێوەرەکانی دیکەدا دەبینین، زۆربەی زۆری زانکۆکانمان توانیویانە لە ڕووی چالاکی نێودەوڵەتی، ستافی ئەکادیمی، گەیشتن بە سەرچاوە زانستییەکان، و  سیستمی کواڵیتی گەشەی بەرچاو بکەن، خۆشبەختانە هەندێکیان هەنگاوی گەورەیان ناوە بەرەو بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ پرۆگرامەکانی خوێندن و بۆ دامەزراوەکانیان.

لە درێژەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: ئاستی زانکۆکانی کوردستان لە نێو ڕیزبەندییەکانی جیهان  گۆڕانکاری بەرچاوی بەسەردا هاتووە، بۆ نمونە لە ساڵی ٢٠١٤ دا زۆربەی زانکۆکانی کوردستان لە ڕیزبەندی (شازدە هەزار یان خراپتردا) بوون، بەڵام ئێستا هەندێک لە زانکۆکان گەیشتوونەتە ڕیزبەندیی چوارهەزار و ئومێدمان هەیە بەرەو باشترە هەنگاو بنێین

ژێرخانی ئەلکترۆنی و داتابەیسی ڕیزبەندیی نیشتیمانی یەکێکە لە دەوڵەمەندترین داتابەیسەکان

د. ئارام محمد قادر ڕاشیگەیاند: ئەمساڵ بۆ هەموو زانکۆیەک شیکردنەوەی وردی داتاکانمان ئامادە کردوە و دواتر بە جیا پێشکەشیان دەکەین، بۆ نمونە بۆ هەر زانکۆیەک دیاریمان کردووە کە تا چ ئاستێک توانیویەتی بۆ هەر یەک لە پێوەرەکان ڕێژەی پێویست بەدەست بهێنێت. ئەم سیستمە تا ڕادەیەکی زۆر توانیویەتی شەفاف بێت، نوێنەرانی زانکۆکان خۆیان بە دەستی خۆیان و بە شێوازی ئۆنلاین داتاکانیان داخڵ دەکەن، هەموو پێوەرەکان و لۆدەکان و ئەلگۆریثمەکان لەسەر ماڵپەڕی فەرمی ڕیزبەندی دانراوە، دواتر هەموو زانکۆکان وردبینی داتاکانی یەکتر دەکەن و سکاڵا و پێشنیازەکانیان لەسەر داتای یەکتری دۆکیومێنت دەکەن. واتا نوێنەرانی زانکۆکان لە لێژنەی باڵای ڕیزبەندی خۆیان سیستمەکە بەڕێوە دەبەن.

ڕاشیگەیاند: بێگومان ئێمە لێرەدا نابێت بوەستین، هێشتا کاری زیاترمان دەوێت بۆ گەشەپێدانی زیاتری کواڵیتی خوێندن و توێژینەوە و پەرەپێدان، هێشتا کار و شەونخونی زیاترمان دەوێت بۆ قۆڵکردنەوەی ڕیفۆرمی ڕاستەقینە لە کەرتی خوێندنی باڵا.

پێداوچنەوەى بە پێوەرەکانى ڕیزبەندى دەکرێت

هەر لە وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە ساڵی داهاتوودا لە ژیر رۆشنایی ڕوئیا و بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە پێوەرەکان دەکەین، بە تایبەت پێوەری بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی و بەشداری زانکۆ لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی گۆمەڵگا لۆدی زیاتری دەدەینێ‌.         

هەروەها ئەم داتایانەی ڕیزبەندی نیشتیمانی بەکار دەهێنین بۆ توێژینەوەی زیاتر دەربارەی کەرتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و هەوڵ دەدەین لایەنە بەهێزەکان زیاتر پەرە پێبدەین و لایەنە لاوازەکانیش چارەسەر بکەین. وتیشى: هیوامان وایە هەموومان پێکەوە بتوانین کار بۆ پتەوکردنی کەرتی خوێندنی باڵا و بەهێزکردنی زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا بدەین.

ئه‌نجامی ڕیزبه‌ندی زانكۆكان

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجامەکانی ڕیزبەندیی نیشتیمانی زانکۆکانى بۆ ساڵی ٢٠١٩ ڕاگه‌یاند.

 

 

 

یه‌كه‌م: ئه‌نجامی گشتی ڕێزبه‌ندنی نیشتیمانی له‌ زانكۆ حكومیه‌كان، ڕێزبه‌ندییه‌كان لە ناو هه‌ر گۆوپێك بە شێوازی ڕاندۆم ڕێکخراون

Group B Public UniversitiesGroup C Public UniversitiesGroup D Public Universities

دوه‌م: ئه‌نجامی گشتی ڕێزبه‌ندنی نیشتیمانی له‌ زانكۆ تایبه‌ته‌كان، ڕێزبه‌ندییه‌كان لە ناو هه‌ر گۆوپێك بە شێوازی ڕاندۆم ڕێکخراون

Group B Private UniversitiesGroup C Private UniversitiesGroup D Private Universities

لە کۆتایى وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسی هەموو زانکۆکانی کوردستانى کرد کە بە گیانی لەخۆبردویی و هاوکارییەوە بەشدار بون لە داخڵکردنی داتاکان و پرۆسەی هەڵسەنگاندنی تەواوی زانیارییەکان. هەروەها سوپاسی تایبەتی سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی باڵای ڕیزبەندیی نیشتیمانی کرد کە کاری گرنگیان ئەنجام دا بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیە. هەروەها پیرۆزبایی لەو زانکۆیانەش  کرد کە توانیویانە هەنگاوی گەورە بنێن لە پێناو پاراستن و گەشەپێدانی پرۆسەی خوێندن و فێرکردن و توێژینەوەی زانستی.