زانکۆى سۆران ڕێكه‌وتی (9/15)ی ى وەک یەکەم ڕۆژى دەوامى خوێندکاران بۆ ساڵى نوێى خوێندن دیاریکرد

Soran_University_-_Delizyan_Cumpus

لە درێژەى هەوڵەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ بەستاندارکردنى پرۆسەى خوێندن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و دوا بەدواى بڕیارى دواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت تایبەت بە پرسى دانانى ساڵنامەى یەکگرتوو بۆ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، زانکۆى سۆران بڕیاریدا بە جێبەجێ کردنى بڕیار و راسپاردەکانى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت، بۆ ئەمەش ١٥/٩ى وەک یەکەم رۆژى دەوامى خوێندکاران بۆ ساڵى نوێى خوێندن دیاریکرد.

لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵی خوێندنی (2018-2019) هه‌مو هه‌وڵێك دەدات بۆ ئه‌وه‌ی خوێندكاران له‌ زوترین كاتدا ده‌ست به‌خوێندن بكه‌ن و كاتى خوێندنیان بە فیرۆ نەچێت، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ستپێكردنی ده‌وامی خوێندكاران له‌كاتی خوێدا كارئاسانی ده‌كات بۆ جێبه‌جێكردنی چه‌ند سیستمێكی نێوده‌وڵه‌تی له‌ زانكۆكان و سود وه‌رگرتن له‌ سیستمه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی خوێندن، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زانكۆكان ده‌توانن زوتر ئه‌كریده‌یتشن وه‌ربگرن، هەروەک لەلایەکى دیکەشەوە ده‌ستپێكردنی ده‌وامی خوێندكاران له‌كاتی خوێدا وادەکات پرۆگرامەکانى خوێندن لەزانکۆ لەکاتى دیاریکراودا تەواوبکرێت، بەو پێیەى لە ساڵانى رابردوو بەهۆى درەنگ دەستپێکردنى خوێندن نەتوانراوە تەواوى  پرۆگرامەکانى خوێندن تەواو بکرێت، ئەمەش دەبێتە هەنگاوێک بەو ئاراستەیەى لە داهاتوودا ئەم گرفتە بەتەواوى چارەسەربێت.

هەروەها وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەخت دەکاتەوە لەسەر دەستپێکردنى پرۆسەى خوێندنى خوێندکاران لە زانکۆکان لە کاتى دیاریکراودا، بۆ ئەمەش بڕیارى زانکۆى سۆران بە دەستپێکردنى یەکەم رۆژى دوامى خوێندکاران لە  ١٥/٩ بۆ ساڵى نوێى خوێندن هەنگاوێکى ئەرێنی و جێبەجێکردنى بڕیارو راسپاردەکانى وەزارەتە تایبەت بە ساڵنامه‌ی ئه‌كادیمی لە زانکۆکانى کوردستان.