وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ بەڕێوەبەرى سێنتەرەکانى پێداگۆجى کۆبوە

خولی پیداگۆجی

بەسەرپەرشتى و ئامادەبونى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبونەوەى سێنتەرەکانى پێداگۆجى بەڕێوەچو، لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا کۆرسەکانى پێداگۆجى لە نۆ مانگەوە بۆ شەش مانگ و لەهەندێک سێنتەریش کە سێ رۆژ لە هەفتەیەک، بو بۆ دوو رۆژ لە هەفتەیەک کەمکرایەوە.

لەو کۆبونەوەیەدا کە دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (١٦/٩/٢٠١٩) بەئامادەبونى هەریەک لە ڕاوێژکارى وەزیر و بەڕێوەبەرى سێنتەرەکانى پێداگۆجى لە زانکۆکان بەڕێوەچو، گفتوگۆ لەبارەى پێشنیازەکانى تایبەت بە کۆرسى نوێى پێداگۆجى تاوتوێکرا، بۆ ئەمەش دەستپێکردنەوەى خولێکى  نوێى کۆرسەکانى پێداگۆجى لە داهاتویەکى نزیکدا بڕیاری لێدرا.

لە وتەیەکدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى و سوپاسى سێنتەرەکانى کردو ، ڕایگەیاند پێداگۆجى پرۆژەیەکى گرنگە بۆ گۆڕینى شێوازى گەیاندنى زانستى و دروستکردنى کارامەیى لە وڵاتەکەمان، بۆ ئەمەش سوپاسى سەرجەم تیمى پێداگۆجى کرد کە خۆبەشانە سەربارى کارەکانیان توانیویانە لەهەر چوار سێنتەرەکانى پێداگۆجى خزمەت بکەن و وەکو یەک تیم لە زاخۆ تا گەرمیان کۆرسەکانى پێداگۆجى سەربخەخەن، هەروەها سوپاسى کردن کە هەندێک لەو گرفتانەى لەلایەن بەشداربوانەوە پێشکەش کران بەتایبەتى پرسى ماوەى خوێندن هەروەها پرسى ڕۆژانى ئامادەبون چارەسەرکراون.

هەر لەو کۆبونەوەیەداو لەسەر پێشنیازى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاردرا لە خولى ئایندەوە ماوەى کۆرسەکانى پێداگۆجى لە نۆ مانگەوە بۆ شەش مانگ و لەهەندێک سێنتەریش کە سێ رۆژ بو لەهەفتەیەک، بۆ دوو رۆژ لە هەفتەیەک کەمبکرێـەوە، واش بڕیارە لەنزیکترین کاتدا خولى نوێى کۆرسەکانى پێداگۆجى لە هەرێمى کوردستان دەستپێبکاتەوە. بۆ ئەمەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە نزیکترین دەرفەتدا دەستپێکردنى ناو تۆمارکردن ڕادەگەیەنێت.