د.يوسف گۆران: ڕەخساندنى هەلى خوێندن باشترین پشتیوانیە بۆ گۆڕانکارى لە دۆخى ژیانى ئاوارەکانى سوریا

IMG_0014.JPG

 وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وەک هەمیشە گەل و حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەرامبەر ئاوارەو لێقەوماوەکان لێبوردەیەو ئەوەى لە دەستى بێت بۆ خزمەتکردنیان درێخى ناکات.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى وۆرک شۆپێکدا هات کە تایبەت کرابوو بەداڕشتنى میکانزمێک بۆ وەرگرتنى خوێندکارانى ئاوارەى سوریا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەپێى ئەو بەرنامەی ئەو زەمالانەى کە لەلایەن یەکێتیى ئەوروپا تەرخان کراوە.

لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتەیەکى پێشکەش کرد و وتى: وەرگرتنى خوێندکارانى ئاوارە لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لەم بارودۆخە داراییە هەرێمى کوردستان بابەتێکى گرنگە، چونکە لە ڕابردوشدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کاتێکدا کە ڕوبەڕوى قەیرانى دارایش نەبوەوە خوێندکارانى ئاوارەو لێقەوماوى وەرگرتوە, بەڵام لەگەڵ زیادبونى ژمارەى ئاوارەکان و سەرهەڵدانى قەیرانى داراى لە کوردستان, چانسى وەرگرتنى خوێندکارانى ئاوارە لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کەمیکردوە، د.یوسف ڕونیشکردەوە بەو پێیى خوێندن هۆکارێکى گرنگە بۆ گۆڕینى دۆخى ژیانى خەڵکى، بۆیە ئاوارەکانیش کە لە دۆخێکى خراپدان و دەخوازن ژیانیان بگۆڕن پێویستە دەرفەتى خوێندنیان بۆ دەستەبەر بکرێ.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى دەستخۆشى لەو ڕێکخراوانە دەکەم بەتایبەت (ڕێکخراوى داد، ڕێکخراوى پەنابەرانى جیهانى بریتش کانسڵ) کە بڕیک پارەیان بۆ ئاوارەکان تەرخان کردوە بەتایبەت ئەوانەى کە ئاەرزوى خوێندن بۆ خوێندنى بەکالۆریۆس و ماستەرو دکتۆرا دەکەن بۆ ئەوەى بەشێوەى سیستمى پارالێل لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان درێژە بەخوێندن بدەن، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: سەربارەى ئەوەى کە فشارێکى زۆر لەسەر زانکۆکانمان هەیەو لەهەمان کاتدا زانکۆکان ڕوبەڕوى قەیرانى دارایش بونەتەوە, بەڵام ئێمە پێشوازى لەو پێشنیازە دەکەین و ئەوەى پێمان بکرێ بۆ خزمەتکردن بەئاوارەکان بۆ درێژەدان بەخوێندن درێخى ناکەین.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى چۆنییەتى وەرگرتنى خوێندکاران و داڕشتنى میکانزمەکان کرا، بۆ ئەوەش دواى تاوتوێکردنى سەرجەم لایەنەکان میکانزمێک بۆ وەرگرتنى ئەو خوێندکارانە داڕێژرا.

پێشتر و لە میانەى دیدارێکى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ بەڕێوەبەرى زەمالەى خوێندن لە رێکخراوى دادى ئاڵمانى, ئەوە ڕاگەیاندرا کە ڕێکخراوى دادى ئاڵمانى بڕیارى پێدانى ژمارەیەک زەمالەى خوێندنى بەخوێندکارە ئاوارەکان کە لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن دا، لەهەمان کاتدا هەر بەپێى بڕیارەکە ژمارەیەک لەو زەمالەیەى خوێندن بۆ خەڵکى کوردستان دەبێت بەتایبەت بۆ ئەو خوێندکارانەى کە بارى داراییان باش نیە، هەروەک ئەو زەمالەیەش لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەبێت و بۆ خوێندنى (بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) دەبێت و خوێندکارانیش بەسیستمى پارالێل وەردەگیرێن.