د.یوسف گۆران: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران پەرەپێدەدەین

kobwnewe legel konsli eran

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند: لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران بەردەوامى بەپەیوەندییەکانمان لە بوارى  ئەکادیمى و زانستى و کەلتورى زمان و فەرهەنگى دەدەین.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ چوار شەممە ڕێکەوتى (٣٠/٥/٢٠١٨) لە میانەى دیدارێکى لەگەڵ مورتەزا عەبادى سەرکونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر و وەفدێکى هاوڕێى هات.

لە دیدارێکدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان وتى: خۆشحاڵم کە لەماوەى کارکردنمان لە ڕێگەى جێبەجێکردنى ڕێکەوتننامەى نێوان وەزارەتى زانست و تەکنەلۆژیاى کۆمارى ئیسلامى ئێران و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى توانیومانە پێکەوە پەرە بە پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران بدەین.

هەر لەو دیدارەدا، مورتەزا عەبادى سەرکونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر خۆشحاڵى خۆى بەو سەردان و پیشوازییە دەربڕى و، وتى: ئەمڕۆ هاتوین بۆ ئەوەى دوپاتى درێژەدان پەیوەندییەکانمان بکەینەوە.

هەر لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى بایەخدان و پەرەپێدان بەپەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکان بەتایبەت بایەخدان بە زمانى فارسى لە کوردستان کرایەوە، بۆ ئەوەش هەردوولا جەختیان لەسەر بابەتەکە کردوە.