ئه‌نجومه‌نی وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕێنمایى پێدانى نازناوى زانستى پەسند دەکات

6.jpg

 لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستیدا، ڕێنمایى پیدانى نازناوى زانستى پەسندکرا، هەروەک گفتوگۆ لەبارەى چۆنییەتى زیادکردنى داهات و کەمکردنەوەى خەرجییەکان کرا، بۆ ئەوەش چەند بڕیارێکى گرنگ دران.

لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتى (١١/١/٢٠١٦) بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى چەند بابەتیکى گرنگ کرا.

 

كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی و زیادكردنی داهات

لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا د.یوسف گۆران، کورتەیەکى لەبارەى بارودۆخى دارایى هەرێمى کوردستان پیشکەش بەئامادەبوان کردو ڕاگەیاند: هەرێمى کوردستان وەک هەموو ئەو وڵاتانەى کە بۆ دابینکردنى داهاتەکانیان پشت بەنەوت دەبەستن ڕوبەروى قەیرانیکى دارایى سەخت بۆتەوە، ئەوە جگە لەشەڕى داعش کە بارگرانیەکى گەورەى خستۆتە سەر هەرێمى کوردستان، بۆیە دەبێت هەموو هەولێک بدەین بۆ ئەوەى بەیەکەوە کار بکەین بۆ زیادکردنى داهات و کەمکردنەوەى خەرجیەکان بەشێوەیەک زانکۆکان بتوانن بەردەوامى بەپرۆسەى خوێندن بدەن و، لەهەمان کاتدا ببنە سەرچاوەیەکى گرنگى داهاتیش بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان، هیواشى خواست بەهەموارکردنەوەى ڕێنماییەکانى وەزارەتى دارایى زانکۆکان هاریکار بن بۆ زیادکردنى داهات و بڕیارى گرنگ لەو چوارچێوەیەدا بدەن.

 

ڕێنمایی پێدانی نازناوی زانستی په‌سند كرا

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئاماژەى بەڕێنمایى پیدانى نازناوى زانستى کرد و ڕاگەیاند: یەکێک  لە ئەرکەکانى وەزارەت بەپێى یاساى وەزارەت بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى زانکۆکانە، بۆیە وەک وەزارەت هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بەرزکردنەوەى کوالیتى خوێندن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانست زانکۆکان، وتیشى یەکێک لەو ڕێگەیانە پێدانى نازناوى زانستیە، بەشێوەیەک دەبێت نازناوى زانستى بدرێت بەو کەسانەى شایەنى ئەوەن ببتە مامۆستایى زانکۆ و خۆیان بۆ بوارەکە تەرخان بکەن و زانکۆ بەرەوپێشەوە ببەن. د.یوسف گۆران ڕاشگەیاند: خۆشبەختانە دواى ئەوەى لەلایەن لێژنەیەکى باڵاوە ڕێنماییەکانى پێدانى نازناوى زانستى ئامادەکرا، ئەمڕۆ دەیخەینە بەردەست ئەندامانى ئەنجومەن بۆ پەسندکردنى، لەو چوارچێوەیەشدا دواى ئەوەى گفتوگۆ لەبارەى لایەنەکانى ڕێنماییەکە کرا، لەگەل زیادکردنى چەند پیشنیازێک ڕێنمایى پێدانى نازناوى زانستى خرایە دەنگدانەوەو پەسند کرا.

 

خوێندن به‌سیستمی پارالێڵ كاراتر ده‌كرێت

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى خوێندن بەشێوەى سیستمى پارالێڵ کرا، لەو چوارچێوەیەشدا دواى ئەوەى گفتوگۆ لەسەر لایەنەکانى سیستمى پارالێڵ کرا، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا بەکردنەوەى سیستمى پارالێڵ بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٥-٢٠١٦)و، زانکۆکانیش سەرپشک کران لە کردنەوەى ئەو شێوازى سیستمى خوێندن لەبەشەکانى زانکۆکانیان بەشێوەیەک بۆ هەر بەشێک نابێت ڕێژەى وەرگرتن لە (١٠%) پلانى پەسندکراو تێپەڕ بکات.

 

خوێندنی ئێواران له‌ زانكۆ حكومیه‌كان ده‌كرێته‌وه‌

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى کردنەوەى خوێندنى ئێواران لە زانکۆکانى حکومى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٥-٢٠١٦) کرا، بۆ ئەوەش دواى ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕاکان، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیارەکەى پەسند کرد، بەشێوەیەک زانکۆکان ڕاستەوخۆ فۆرمى وەرگرتن دابەش بکەن و دواتر بەرزى بکەنەوە بۆ وەزارەت، سەبارەت بەو بەشانەشى کە خوێندنى ئێوارانى لێ دەکرێتەوە، د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: لە کردنەوەى هەر بەشێکدا دەبێت ڕەچاوى کواڵیتى خوێندن و پێداویستى بازارى کار بکرێت و کرێى خوێندنیش بەڕێژەى لە (٣٠%) لە زانکۆ تایبەتەکان کەمتر بێت.

 

چیتر (3) نمره‌ ناخرێته‌سه‌ر كۆنمره‌ی ده‌رچوانی (12)ی ئاماده‌یی

هەر لەو کۆبونەوەیەدا ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا بەنەهیشتنى پێدانى (٣) نمرە بەدەرچوانى پۆلى (١٢)ى ئامادەیى، ئەوەش ڕونکرایەوە ئەو بڕیارە لە ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) بەسەر خوێندکارانەدا جێبەجێ دەکرێت کە قۆناغى (١٢)ى ئامادەیى تەواو دەکەن.

 

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى زیادکردنى داهات و کەمکردنەوەى خەرجیەکان کرا، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارى پێویست درا.