د.یوسف گۆران: ناوەندى وەرگرتن، جگە لە بەفیرۆدانى هەوڵ و تواناکانى مامۆستا و خەرجیەکى زۆر، بەفێڕۆدانى تواناى نەوەیەکیشە

IMG_0036.jpg

                     وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: سیستمى ناوەندى وەرگرتن سەربارى لایەنە باشەکانى، بەڵام بەتەنها ناتوانێ ئایندەیەکى گەش پێشکەش بەکۆمەڵگەو هاوڵاتیان بکات.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەیەک هات، کە تایبەت بوو بەهەنگاوەکانى دانانى سیستمى وەرگرتنى زانکۆیى.

لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ یەک شەممە، ڕێکەوتى (١٢/٦/٢٠١٦) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى ئەنجومەنى وەزارەت بەڕێوەچو، د.کەریم ساڵح عەبدول ڕاویژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.کاوە شێروانى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و، د.وەلى مەحمود سەرۆکى زانکۆى کۆیە و، د.محمد سابر بەڕێوەبەرى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و، د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى فەرمانگەى دارایى و کارگێڕى و، بەڕێوەبەرى تۆمارى زانکۆکان ئامادەیبون، خاڵە سەرەکییەکانى سیستمى وەرگرتنى زانکۆیى و ئەو بەشانەى کە دەبنە سیستمى زانکۆیى بەپێى زانکۆکان دەستنیشان کران.

لەو بارەیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بەگرنگى کارنامەى کۆبونەوەکە کرد و، لەو بارەیەوە وتى: وەرگرتنى زانکۆیى یەکێکە لە بابەتە گرنگەکان کە ئەمڕۆ قسەى لەسەر دەکەین، چونکە ئیمە کوڕى سیستمێکین کە پێى دەوتریت (ناوەندى وەرگرتن)، کە خاڵى باش و ئیجابى زۆرە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بێ کێشەش نیە و، وەک هەر سیستمێکى دیکە کێشەى خۆى هەیە و، لە ئیستاشدا بەتایبەت لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەى لە دنیادا ڕودەدەن زیاتر ڕوبەڕوى کێشەکانى ئەو سیستمە دەبینەوە، یەکێک لە کێشە هەر گەورەکانى (ناوەندى وەرگرتن) ڕەچاونەکردنى خواست و ئارەزوى خوێندکارە، کە زۆرجار خوێندکار دەچێتە بەشێک لەگەڵ خواست و ئارەزوەکانى یەک ناگرێتەوە، ئەوەش کێشەى گەورە بەدواى خۆیدا دەهێنێت، بەتایبەت کە زانکۆشى تەواوکرد ناتوانێ پسپۆڕى خۆى بگۆڕێ، ئەمەش لەگەڵ زانستى سەردەمەدا یەکناگرێتەوە، کە جۆرێک لە نەرمى تێدایە، بەتایبەت لە گۆڕینى پسپۆڕ.

د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: ئەو خوێندکارانەى کە بەسیستمى (ناوەندى وەرگرتن) وەردەگیرێن، دەبێ شتێ بخوێنن کە ڕەنگە دانەمەزرێن و کەسیش پێویستى پێیان نەبێت، چونکە بەپێى نوێترین توێژینەوە لە ماوەى (١٠) ساڵى داهاتودا (٥٠%) ئەو پیشە باوانەى کە ئێستا هەن نامێنن، بۆیە ئەو خوێندکارانەى کە ئێستا لە بەشێک دەخوێنن، ڕەنگە لە چەند ساڵى داهاتودا نەمێنێ و دەرفەتى کارییان بۆ نەڕەخسێ، بۆیە سیستمى (ناوەندى وەرگرتن)، جگە لە بەفیرۆدانى هەوڵ و تواناکانى مامۆستا و خەرجیەکى زۆر، لەهەمان کاتدا بەفێڕۆدانى تواناى نەوەیەکیشە، بۆیە هەنگاوى گرنگ بۆ ڕوبەڕوبونەوەى ئەو کێشانە دۆزینەوەى سیستمێکى دیکەیە، کە دەرفەت بدات بەخوێندکارو خزمەت بەکۆمەڵگە بکات، بۆیە لە ئەنجومەنى وەزارەت بڕیارماندا هەنگاوى یەکەم لەو بوارەدا دەست پێ بکەین و ئەگەر زانیمان سەرکەوتو دەبین ئەوا لە ساڵانى داهاتودا فراوانترى دەکەین، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى سیستمى (وەرگرتنى زانکۆیى) نابێتە جێگرەوەى سیستمى (ناوەندى وەرگرتن) بەتایبەت بۆ هەندێ بەش کە ناتوانین دەستکارییان بکەین.

سەبارەت بەگرنگى جێبەجێکردنى سیستمى (وەرگرتنى زانکۆیى)، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: وەرگرتنى زانکۆیى کۆمەڵێک  خاڵى باشى هەیە، لەوانە جۆرێکە لە سەربەخۆى دەدەینەوە بەزانکۆکان، لەو ڕێگەیەوە دەتوانین ئاستى خوێندن لە زانکۆکان بەرز بکەینەوە، چونکە داهاتوى کۆمەڵگە پەیوەندى هەیە بەو مەعریفەیەى کە زانکۆ هەیەتى، هەر لەوبارەیەوە د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: جاران تواناى کۆمەڵگە پەیوەست کرابو بەئاستى تواناى سامانە سروشتیەکانى، بەڵام لە ئێستادا پەیوەست کراوە بەتوانانى بەرهەمهێنانى مەعریفەى، بۆیە وڵاتان دەمێکە کارییان لەسەر مەعریفەى کۆمەڵگەکانیان کردوە، لەو ڕێگەیەوەش ئاستى زانکۆکانیان بەرز کردۆتەوە، نمونەش بۆ ئەو بابەتە زۆرە، کە هیچ جۆرە سامانێکى سروشتیان نیە، بەڵام ئێستا بونە بەوڵاتى زۆر پیشکەوتو، وەک وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ئاسیاو بەتایبەت ژاپۆن، کە بە سامانى مەعریفى توانیان بگەنە پێشکەوتنەکانى ئەمڕۆ.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند: کە زانکۆ چۆن دەتوانێ پلان بۆخۆى دابنێ، ئەگەر نەتوانێ خۆى خوێندکار وەرگرێت، بۆیە لە وەرگرتنى زانکۆییدا یەکەمجار خزمەت بەزانکۆکان دەکرێت و سودى دەبێ بۆ گەشەپێدانى زانکۆکان و بەرزکردنەوەى ڕیزبەندییان، د.یوسف گۆران جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە بەو سیستمە کۆنەى کە هەیە، زانکۆ ناتوانى شتێک پێشکەش بەخوێندکارو هاوڵاتى و کۆمەڵگەکەى بکات، کە چاوەڕێى لێ دەکرێت هاوڵاتیەکى چالاک بۆ کۆمەڵگە بەرهەم بهێنێت، بۆیە (وەرگرتنى زانکۆیى) تەنها خزمەت کۆمەڵگە ناکات، بەڵکو خزمەتى مەعریفەو خوێندکاریش دەکات.

لە کۆتایشدا د.یوسف گۆران وتى: هەموو سیستمى تازە ڕوبەروى بەربەست و کێشە دەبێتەوە و، لەسەرەتادا جۆرێک لە دڵەڕواکێ دروست دەکات، بەڵام هەموان پێکەوە دەبێ کار بکەین بۆ ئەوەى سیستمەکە بەتەواوەتى جێبەجێ بکەین و سەردەکەوێ.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا د. کەریم ساڵح عەبدول ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: بیرۆکەى وەرگرتنى زانکۆىى دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە لە زۆرێک لە وڵاتە پێشکەوتوەکان سیستمى وەرگرتنى زانکۆى پەیڕەو دەکەن، بۆیە لە کوردستان وەک هەنگاوى یەکەم لە چەند بەشێکەوە دەست پێ دەکەین، بەشەکانیش لەلایەن زانکۆکانەوە دەستنیشان دەکرێت.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا د.محمد سابر بەڕێوەبەرى فەرمانگەى خوێندن پلاندانان و بەدواداچون ڕەشنوسى ڕێنمایى خوێندنى زانکۆیى کە لە چەند بڕگەیەک پێکدێت پێشکەش بەئامادەبوان کرد.

نوێنەرى زانکۆکانیش بەخستنەڕوى چەند پێشنیازێک و دەستنیشانکردنى ئەو بەشانەى کە بڕیاریانداوە بەسیستمى وەرگرتنى زانکۆیى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) خوێندکار وەربگرن، بەتایبەت لە بەشەکانى زانستە سیاسیەکان، ڕاگەیاندن، شەریعەو زانستە ئیسلامیەکان، وەرزش، هونەر، باخچەى منداڵان، کۆمەڵزانى، دەرونزانى کۆبونەوەکەییان دەوڵمەنتر کرد.

وەک ئەوەى لە کۆبونەوەکەدا خرایە ڕوو، لە سیستمى زانکۆیى نمرە ڕۆڵى خۆى هەیە، بەڵام نەک بەڕێژەى (١٠٠%) وەک ئەوەى لە ناوەندى وەرگرتن هەیە، لەهەمان کاتدا لە سیستمى زانکۆیى تاقیکردنەوە و، چاوپێکەوتن دەبێ، لەهەمان کاتدا هەندێ پێوەر بەپیى بەش و پسپۆڕییەکان دادەنرێ، وەک شارەزایى لە بوارێکى دیاریکراو، یان زانینى زمانێک، یاخود کارکردن لە بوارێک، بۆیە زیاتر لە ڕێگەیەک دانرا بۆ وەرگرتنى خوێندکاران بەسیستمى وەرگرتنى زانکۆیى، هەر لەو کۆبونەوەیەدا دواى دەستنیشانکردنى مەرجەکان، دواتر ڕێگە تەکنیکیەکانى چۆنیەتى وەرگرتنى خوێندکارانیش دادەنرێ، بەشێوەیەک بەسود وەرگرتن لە ئەزمونى وڵاتانى دنیا، سیستمێکى تازە داڕێژرا کە لەگەڵ واقیعى زانکۆکانى کوردستان گونجاوە.