وەزارەتی خوێندنی باڵا یەکەمین گروپی کاندیدە سەرکەوتوەکانی سکۆلەرشیپی هەنگاریا ڕادەگەێنێ

hangarya

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی یەکەمین گروپی کاندیدە سەرکەتوەکانی سکۆلەرشیپی ڕادەگەێنێ، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی نێردراوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لەو کاندیدانە دەکات، کە ناویان هاوپێچە لە ماوەی دیاریکراودا دواین ڕێکارەکانی پەسندکردنی سکۆلەرشیپەکە جێبەجێ بکەن.

 دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی له‌ چوارچێوه‌ی ڕێكکه‌وتنامه‌ی لەگەڵ  وه‌زاره‌تی توانسته‌ مرۆییه‌كانی هه‌نگاریا سی (١٠ ماستەر و ٢٠ دکتۆرا) سکۆلەرشیپی خوێندنی باڵا بۆ فێرخوازان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، ژمارەیەکی زۆری فێرخواز داواکاریان پێشکەشکرد، لە ئەنجامدا دوای وەرگرتنی سەرجەم دۆکیومێنت و پرۆسێسکردنی  دۆکیومێنتەکان لە ڕێگەی کۆمیتەیەکی تایبەت، لیستی کاندیدە ڕەسەنەکان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیندرا و، لیستی ناوەکان ڕەوانەی حکومەتی هەنگاریا کرا بۆ ئەوەی وەک کاندیدی کۆتایی لەلایەن حکومەتی هەنگاریا پەسند بکرێن و وەربگیرێن.

بۆیە وەزارەتەکەمان ئاگاداری خوازیارانی ئەو سکۆلەرشیپە دەکات، ئەوانەی ناویان لەم لیستەدا هاتوە  و یەکەمین گروپی کاندیدە سەرکەتوەکانی ئەو سکۆلەرشیپەن، کە لەلایەن حکومەتی هەنگاریا پەسندکراون و وەک خوێندکار وەرگیراون و، دەتوانن بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨) دەست بەخوێندنی ئەکادیمی خۆیان بکەن.

وەرگرتنی ئەو گروپەش لە ئەنجامی تاقیکردنەوەی وەرگرتنی سەرەتایی و، لەبەرچاوگرتنی توانایی وەرگرتنی زانکۆ پەیوەندیدارەکان، دامەزراوەی (Tempus Public Foundation)ی هەنگاری بڕیاری لەسەر داوە و، بۆیە وەزارەتەکەمان ئاگاداری ئەو کاندیدانە دەکات، کە ناویان لەو دو لیستەدا هاوپێچە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پەسندکردنی سکۆلەرشیپەکە کارەکانیان تەواو بکەن، هەروەک ئەوانەشی کە بەمەرج وەرگیراون، دەبێ سەرجەم دوکیومێنتەکانیان لە ڕێگەی(Chronos Online System) پێشکەش بەلایەنی پەیوەندیدار بکەن، بۆ ئەوەی بەتەواوەتی سکۆلەرشیپەکانیان پەسند بکرێ و وەربگیرێن، تەنانەت ئەگەر پێشتریش لە ڕێگەی ئیمێل ڕەوانەیان کردبێت.

تێبینیەکان:

  1. دواین ڕێکەوت بۆ ڕایکردنی پرۆسە کارگێڕییەکانی کاندیدە سەرکەوتوەکان (١/٨/٢٠١٧) دەبێت، بە پێچەوانەوە بێبەش دەبن لە بەدەست هێنانی ئەم سکۆلەرشیپە.
  2. بۆ زانیاری و وردەکاری زیاتر، تکایە کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکە بۆ ڕایکردنی کارەکان.
  3. پشتگیریە داراییەکانی ئەم بەرنامەیە بریتیە لەوەی کاندیدەکان دەبەخشرێن لە کرێی خوێندن واتا خوێندن بە خۆراییە، لەهەمان کاتدا دەرماڵەی مانگانەی کاندیدی بەرنامەیه خوێندنی ماستەر بریتیە لە (٤٠٤٦٠) فۆرەنتی هەنگاری بۆ ماوەی دوانزە مانگ بۆ هەرسالێک تا خوێندنەکەی تەواو دەبێت، هەروەک دەرماڵەی مانگانەی کاندیدی بەرنامەی خوێندنی دکتۆرا بریتیە لە (١٤٠٠٠٠) فۆرەنتی هەنگاری بۆ هەر مانگێک بۆ ماوەی چوار وەرزی یەکەم و، بڕی (١٨٠٠٠٠) فۆرەنتی هەنگاری بۆ هەر مانگێک بۆ ماوەی چوار وەرزی دوەم  بۆ ماوەی دوانزە مانگ لە سالێک  تا کۆتایی خوێندنەکەی بۆ خەرج دەکرێ.
  4. بەرنامەکە بەشی ناوخۆیی  یا بڕی (٤٠٠٠٠) فۆرەنتی هەنگاری بۆ هەر مانگێک وەک هاوکاری بۆ دابینکردنی شوێنی حەوانەوە لە دەرەوەی کامپی زانکۆ بۆ هەر کاندیدێک تەرخان کردوە.
  5. دوای بەدەستهێنانی (Decision of Admission) بەڵگەنامەی پەسندکردن لە لایەن زانکۆی خانەخوێ لە وڵاتی هەنگاریا پێویستە کاندید سەردانی بەڕێوەبەرایەتی نێرداوان لە دیوانی وەزارەتەکەمان بکات بۆ پرۆسێسکردنی مامەڵەی مۆڵەتی خویندن، هەروەک سەردانی بەڕێوەبەرایەتی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان و تەنیسق بکات بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری تایبەت بە بەدەستهێنانی ڤیزەی وڵاتی هەنگاریا.

لە هەمان کاتدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاگاداری خوازیارانی ئەم سکۆلەرشیپە دەکات، لە ناوەڕاستی مانگی داهاتو گروپی دوەمی کاندیدەکان لەلایەن دامەزراوەی (Tempus Public Foundation)ی هەنگاری پەسند بکرێ و، دواتریش لەلایەن وەزارەتەکەمانەوە لیستی ناوی کاندیدەکان بڵاو بکرێتەوە بۆ ئەوەی کارەکانیان ڕایی بکەن.