كۆلێژی پزیشكی زانكۆی دهۆك كۆنفرانسێكی زانستی بەرێوەبرد

p (38).JPG

 بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، كۆلێژی پزیشكی زانكۆی دهۆك یەكەمین كۆنفرانسی زانستی لەبارەی ئافرەت و منداڵبوون لە ژێر دروشمی (پێكەوە كار بكەین بۆ باشتركردنی تەندروستی ژنان) لە هۆڵی كۆنفراەنسەكانی زانكۆ ئەنجامدا.

لە وتەیەكدا راگری كۆلێژی پزیشكی ئاماژەی بەوەدا دامەزراندنی كۆلێژی پزیشكی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری تەندروستی ناوچەكە كرد بەشێوەیەكی ئەكادیمی و زانستی و بەرهەمهێنانی كادیر و پزیشك لە گشت بوارەكاندا بەتایبەت لەبواری پەرستاری و نەخۆشییەكانی ئافرەت و منداڵ بوون. وتیشی هیوادارین ئەم كۆنفرانس بەئەنجامەكی ئەرێنی و زانستی وئەكادیمی تەواوبێت بۆ خزمەتكردن بەبواری تەندروستی لە هەرێمدا.

لەلایەن خۆشیەوە د. كەریم ساڵح عەبدول نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتەیەكدا رایگەیاند گومان لەوەدا نیە كە خزمەتگوزاری تەندروستی كە فەراهەم دەكرێت لە هەر وڵات و هەرێمێك پێوەرێكی گرنگە بۆ خزمەتی هاوڵاتی و مرۆڤ لەو وەڵاتەدا، چونكە ئاستی ئەو خزمەتگوزاریانە  كارەكانی بوارەكانی پزیشكی پەیوەندیدار و بەندن بە ژیان و چارەنوسی هەموو تاكێكی كۆمەڵگەو سەرجەم دانیشتوانی ئەو وڵاتە بۆیە ئەم پیشەیە زۆر پیرۆزە لە هەموو وەڵاتێكی دونیادا.

وتیشی هەر بۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵا گرنگییەكی زۆری بەم لایەنە داوە، لە كاتێكدا دوای راپەڕینی ساڵی (1991) تەنها كۆلێژیكی پزیشكی گشتی هەبوو لە هەولێر لە ئیستادا (3) كۆلێژی پزیشكی گشتی و (4)كۆلێژی پزیشكی ددان و (3) كۆلیژی دەرمانسازی و (2) كۆلێژی پەرستاری لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان هەیە، جگە لە چەندین بەشی تەندروستی و پزیشكی لە پەیمانگە تەكنیكیەكانی هەرێمی كوردستان.

د. كەریم ساڵح عەبدول لە وتەكەیدا راشیگەیاند جگە لەمانە ئێستا بۆردی كوردستانی دامەزراوە بەپێی بەشی شەشەم لە یاسای ژمارە (10) ی سالی 2008 وەزارەتی خوێندنی باڵا ژمارەیەكی باش لە پزیشكان بڕوانامەی بۆردی كوردستان بەدەستدەهێنن لە چەندین پسپۆری جیا جیاو هاوچەرخ كە ئەو بڕوانامە بەرزترین بڕوانامەی پیشەیی و پسپوریە و هاوتای بروانامەی دكتورایە لە جیهاندا.

لە كۆتایی وتارەكەیدا و لەبارەی توێژینەوەی زانستی لە بوارەكانی پزیشكیدا وتی جێگەی خۆیەتی كە بایەخی زیاتری پێ‌ بدرێت و بوجەی پێویستی بۆ تەرخان بكرێت و هاندانی زیاتر هەبیت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ ئەو گیروگرفتانەی كە دێنە بەردەم بوارەكانی كەرتی تەندروستی.

شایانی باسە هەر لە كۆنفرانسەكەدا چەند وتەیەكی جیا جیا پێشكەش كران و واش بڕیارە ئەم كۆنفرانسە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت و تیایدا چەندین بابەتی زانستی و تایبەت بە نەخۆشییەكانی ئافرەت و منداڵ بوون گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت.