شاڵاو کۆسرەت پاڵپشتى خۆى بۆ وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتدەکاتەوە

وه‌زیری خوێندنی باڵا پێشوازی له‌ میوانان ده‌كات

د.ئارام محمد وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: میللەتەکەمان لە ڕابردودا قوربانى زۆریداوە, بۆیە شایانى باشترین خزمەت و ئاوەڕلێدانەوەیە, ئەو ڕاگەیاندنەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەممە, ڕێکەوتى (١٧/٧/٢٠١٩) لە میانەى پێشوازیکردنى لە ژمارەیەک لە میوانان هات, کە بۆ پیرۆزبایکردن لە د.ئارام محمد وەک وەزیرى نوێى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى دیوانى وەزارەتیان کرد بوو.

لەو چوارچێوەیەدا و, لەسەرەتادا لە میانەى پێشوازیکردنى لە وەفدێکى مەڵبەندى سێى هەولێرى یەکێتیى نیشتیمانى کوردستان بەسەرۆکایەتى شاڵاو کۆسرەت ڕەسول عەلى ئەندامى سەرکردایەتى و لێپرسراوى مەڵبەند گفتوگۆیان لەبارەى چۆنیەتى پێشکەشکردنى باشترین خزمەت بەهاوڵاتیان کرد.

لەو بارەیەوە, سەرەتا شاڵاو کۆسرەت ڕەسول بەناوى مەڵبەند پێرۆزبایى لە د.ئارام محمد قادر کرد, کە وەک وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەستبەکار بووە, ڕاشیگەیاند: کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان چاوەڕوانیەکى زۆریان لە کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەیە, ئەوەش ئەرکێکى گەورەى خستۆتە سەر شانى وەزیرەکانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان, بۆ ئەوەش هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست و هاوکارى و پشتیوانى خۆیانى بۆ سەرکەوتنیان لەو ئەرکە پیرۆزە دوپاتکردەوە, وتیشى چاومان لەوەیە, کە لە داهاتودا ڕوڵێکى کاریگەر ببینن بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان.

لە بەرامبەردا, د.ئارام محمد وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان, سوپاسى پیرۆزبایى و سەردان و بەسەرکردنەوەکەیان کرد و, ڕایگەیاند: میللەتەکەمان لە ڕابردودا قوربانى زۆریداوە, بۆیە شایانى باشترین خزمەت و ئاوەڕلێدانەوەی زۆرە, وتیشى بەهەوڵ و پشتیوانى هەمولایەک هەوڵى تەواو دەدەین بۆ جێبەجێکردنى کارنامەى حکومەتى هەرێمى کوردستان, ڕونیشیکردەوە چاومان لەوەیە باشتر پەرە بەکار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بدەین, چونکە مییللەتەکەمان شایەنى ئەوەیە خزمەتى باشتر بکەین, هەربۆیە درێژە بەکار و بەرنامانە دەدەین, کە لە ڕابردودا بەردى بناخەیان دانراوە.

لەلایەکى دیکەوە, هەر ئەمڕۆ چوارشەممە, د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەجیا پێشوازى لە ژمارەیەک لە سەرۆکى زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان و, ڕوناکبیران و لێپرسراوانى دامەزراوە حکومی و حزبیەکان و کەسایەتیە کۆمەڵایەتیەکان کرد, لە میانەى ئەو دیدار و کۆبونەوانەشدا گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى برەودان بەکەرتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرا, لەو بوارەشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى لەسەر ئەوە کردەوە, کە تەواوکارى کار و پڕۆژەکانى کابینەکانى دیکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەبن و, درێژە بەکاروانى خزمەت دەدەن.