وەزارەتى خوێندنى باڵا (٢٠) سکۆلەرشیپ بۆ خوێندکارانى بیانى ڕادەگەێنێت

kurdish.studies

لە چوارچێوەى پرۆگرامی کورد سکۆلەرشیپ و،لە دەستپێشخەرییەکى نوێى وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بۆ بایەخدان بەزمان و ئەدەب و کەلتورى کوردى، وەزارەتەکەمان (٢٠) سکۆلەرشیپ بۆ خوازیارانى نێودەوڵەتى ( جگە لە نەتەوەى کورد و هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان و ئێراق)  بۆ تەواوکردنى خوێندنى (بەکالۆریۆس) لە بوارەکانى زمان و ئەدەب و دیراساتى کوردى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٨-٢٠١٩) ڕادەگەێنێت.

مەرجەکانى پێشکەشکردن بۆ کورد سکۆلەرشیپ:

  1. پێویستە پێشکەشکار هەڵگری بڕوانامەی ئامادەیی بێت، بۆ نمونە بەکالۆریاى نیشتیمانى، تاقکردنەوەى (SAT1 and SAT2)، (A-Level)، یان هاوکاتەکەى لە سیستمى خوێندنى وڵاتانى تر.
  2. پێویستە پشتگیرى دوو مامۆستاى خوێندنگە یان شوێنى کارکردنەکەى پێشکەش بکات و کۆپى ئۆرجیناڵى بڕوانامەکانى بەنمرەوە پێشکەش بکات.
  3. پێویستە پێشکەشکار لانى کەم ئاستى توانستى زمانى ئینگلیزى لە (٤.٥)ى ئایڵتس یان هاوتاکەی لە تاقیکردنەوە ستانداردەکانی دیکەی توانستی زمان کەمتر نەبێت.
  4. خوێندن لە ئاستى بەکالۆریۆس بە درێژایی ماوەی خوێندنەکە بەزمانى کوردى دەبێت.
  5. ماوەى خوێندن چوار ساڵە، جگە لە ساڵى یەکەم کە ساڵى ئامادەکارییە (فاوندەیشن) و تایبەت دەبێت بە فێربوونى زمانی کوردی و پەرەپێدانی شارەزایی کەلتوریی و پەیوەندیکردن.
  6. خوێندنەکەى لە یەکێک لەم زانکۆیانە (سەڵاحەدین/هەولێر، سلێمانى، دهۆک، سۆران و کۆیە) دەبێت.

 

پشتیوانى داریى بۆ خوێندنى بەکالۆریۆس:

  1. وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەرکى کرێى خوێندنەکەیان دەگرێتە ئەستۆ بە درێژایى  ماوەى خوێندنەکەیان و ساڵى ئامادەکارى (فاوندەیشن).
  2. مانگانە بڕى (٦٠٠$) بۆ بژێوى ژیان، بەپێى ستانداردى ژیان لە هەرێمى کوردستان بۆ یەک کەس پێ دەدرێت.
  3. دابینکردنى شوێنى مانەوەیان (بەشی ناوخۆیی).
  4. ساڵانە (١٠٠٠) دۆلار بۆ کاندید خەرج دەکرێ بۆ خەرجى سەفەر، جگە لە وڵاتانى کیشوەرى  ئەمریکا و ئوستورالیا، کە ساڵانە بڕى (١٥٠٠) دۆلاریان بۆ خەرجدەکرێت وەک خەرجى سەفەر.
  5. دابینکردنى سەرجەم خەرجیەکانى پرۆسەى وەرگرتنى (ڤیزا) و (مانەوە) بۆ کاندید لە هەرێمى کوردستان.
  6. ئەو کاندیدەى بۆ یەکەمین جار دەگاتە هەرێمى کوردستان لەلایەن تیمى تایبەتەوە پێشوازى و گواستنەوەى لە فرۆکەخان  بۆ دەکرێت و دەگوازرێتەوە بۆ شوێنى مانەوەى.
  7. بیمەى تەندروستى: ئەم بیمەیە تەنها بۆ چارەسەرکردنە لەناوەوەى هەرێمى کوردستان کە بڕەکەى بریتیە لە (٥٠٠) دۆلار بۆ ساڵێک وکاندیدەکە خۆى ئازادە لە هەڵبراژدنى کۆمپانیای تایبەت بە دەستەبەرکردنی بیمەى تەندروستى، ئەم بیمەیە چارەسەرکردن لە دەرەوەى وڵات ناگرێتەوە.
  8. ئەم سکۆلەرشیپە بۆ ماوەى ٤ ساڵى ئەکادیمیە ئەگەر کاندیدەکە سەرکەوتوو نەبوو لە ماوەى دیارى کراو، هەر ماوەیەکى زیاتر لە ماوەى ٤ ساڵ (لە ڕووی کرێی خوێندن و بژێوی ژیان و دەرماڵەی سەفەر و بیمەی تەندروستی) لە ئەستۆى کاندید دەبێت.

تێبینى:

  • دواین وادە بۆ پێشکەشکردنى دۆکیۆمێنت و زانیارییەکان ڕێکەوتى (١/٨/٢٠١٨)یە.
  • دۆکیۆمێنت و زانیارییەکان ڕەوانەى ئەو ئیمەیلە(kurdish.studies@mhe-krg.org) بکەن.