مامۆستایانى زانکۆ بۆیان نییە لە زانکۆکانى دەرەوەى هەرێم و یاخود دەرەوەى عێراق وانەبڵێنەوە

wazaret logooo5

 

بەمەبەستى ڕێکخستنەوەى کاروبارى مامۆستایان لە سەرجەم دامودەزگا حکومى و تایبەتەکان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى چەند بڕیارێکى گرنگى دەرکرد.

 

 لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند بە فەرمانى وەزارى ژمارە (٨٢٠٢) لە (٢٩/٥/٢٠١٩) کە ئیمزاى (د. یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەسەرەو بەئامانجى ڕێکخستنەوەى کاروبارەکانى مامۆستایان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان، بە هیچ شێوەیەک مامۆستایانى زانکۆ و ئەنجومەن و دەستە و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندى وەزارەتەکەمان بۆیان نییە لە زانکۆکانى دەرەوەى هەرێم یاخود دەرەوەى عێراق وانەبڵێنەوە.

 

هەروەک ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەو زانکۆ و ئەنجومەن و دەستە و پەیمانگە حکومى و تایبەتانەى کە پڕۆتۆکۆڵى لێکتێگەیشتنیان سەبارەت وانەوتنەوەى مامۆستایانى هەرێمى کوردستانیان هەیە لە زانکۆ و پەیمانگەکانى دەرەوەى هەرێم یاخود دەرەوەى عێراق، بەهەمان شێوە بەبێ وەرگرتنى رەزامەندى وەزارەتەکەمان بۆیان نییە بە هیچ شێوەیەک وانەبڵێنەوە.

 

لە کۆتایشدا وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان بەرپرسیارن لە ڕێگەپێدان لە چوونى مامۆستایانیان بۆ وانەوتنەوە لە زانکۆ و پەیمانگاکانى دەرەوەى هەرێم یاخود دەرەوەى عێراق، بۆیە هەر مامۆستایەک لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان پابەند نەبێت بە ناوەڕۆکى فەرمانەکە ئەوا وەزارەتەکەمان ڕێکارى یاسایی پێویست دەگرێتەبەر تا دەگاتە دوورخستنەوە لە شوێنى کارەکەى.