د.یوسف گۆران: بونیاد و کەلتورى بەڕێوەبەردنى دامەزراوەکان یەکێکە لە هۆکارەکانى قەیرانەکانى هەرێمى کوردستان

25.jpg

 وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: لەپاڵ هۆکارەکانى خراپى دۆخى دارایى و شەڕى داعش، خراپ بەڕێوەبەردنى دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان یەکێکى دیکەیە لەو هۆکارانەى کە قەیرانەکانى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستانى دروستکردوە.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى وتارێکیدا هات کە لە کۆرسى (گەشەپێدانى سەرکردایەتى و بەڕێوەبردن) پێشکەشى کرد.

لەو کۆرەسەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (١٣/١/٢٠١٦) زانکۆى سەڵاحەدین بەهاریکارى ئەکادیمیاى کۆڕەک لە سەنتەرى ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەددین بەناونیشانى (هێزە ستراتیژییەکانى ژیرى هەست خوێندنەوە بۆ دروستکردنى سەرکردە) ڕێکخرابوو، چەند وتەیەکى تیادا پێشکەش کرا.

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتارێکدا دواى دەستخۆشیکردن لە سەرۆکایەتى و سەرۆک و ستافى زانکۆى سەڵاحەددین بۆ ڕێکخستنى ئەو کۆرسە، ڕاگەیاند: ڕێکخستنى ئەو کۆرسە لە کاتێکدایە کە پێویستى زۆرمان بەوەیە بەشێوازێکى زانستى و ئەکادیمى دامەزراوەکانمان بەڕێوەبەرین، ڕونیشیکردەوە بەهۆى ئەو گۆڕانکاریانەى کە ڕۆژ دواى ڕۆژ لە سیستمى بەڕێوەبەردن ڕویداوە، پێویستە ئێمەش کەلتورى بەڕێوەبردنمان گۆڕانکارى بەسەردا بێت، بەشێوەیەک لەگەڵ گۆڕانکارییە زانستى و ئەکادیمیەکانى سەردەمەکەدا بگونجێ، چونکە بەو شێوە بەڕێوەبردنەى ئێستا ناتوانین لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان خۆمان بگونجێنین و ڕێبەرایەتى کۆمەڵگە بکەین و ئامانجە درێژخایانەکانمان بەدەست بهێنین. د.یوسف گۆران وتى: کە قسە لەسەر سەرکردەى ئەکادیمى دەکەین پێویستە گەشە بەتوانا و شارەزاییەکانیان بدەین بۆ ئەوەى لەگەڵ گۆڕانکارییەکان خۆمان بگونجێنین و، زانکۆکانمان بتوانن کەرەستەى ڕوبەڕوبونەوەى قەیرانەکانى هەبێت.

 وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند: لە پاڵ هۆکارەکانى قەیرانى دارایى و شەڕى داعش هۆکارى سێیەمى دروستبونى قەیرانەکانى هەرێمى کوردستان پەیوەندى هەیە بەشێوەى بەڕێوەبەردن و بونیاد و کەلتورى سیستمى بەڕێوەبەردنى دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان، بۆیە زۆر گرنگە لەم قۆناغەدا بەبیرى تازەو ڕەخنە لەخۆگرتن بەخۆماندا بچینەوەو گۆڕانکارى لەو کەلتورى بەڕێوەبردنە بکەین کە لە دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان پەیڕەو دەکڕێت. دیوسف گۆران تەئکیدى لەسەر ئەوەش کردەوە کە نابێت زانکۆکان تەنها شوینێک بن بۆ پێدانى بڕوانامە، بەڵکو دەبێت ببنە ناوەندێکى ئەکادیمى بۆ هەلسەنگاندنى کێشەو قەیرانەکان و دەستنیشانکردنى ڕێگە چارەى گونجاو بۆ چارەسەرکردنى قەیرانەکان.

هەر لەو کۆرسەدا د.ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین وتەیەکى پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: ئەم کۆرسە بۆ سەرۆکى زانکۆ و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و ڕاگرى کۆلێژەکان و بەڕێوەبەرى تۆمارى زانکۆى سەڵاحەددین، ڕونیشیکردەوە ڕێکخستنى ئەم کۆرسە لە چوارچێوەى ئەو ڕیفۆرمەدا دێت کە وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى کارى لەسەر دەکات بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و بەڕێوەبردن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە وەک چۆن لە ڕابردودا کۆرس و خولى ڕاهێنانیان بۆ ستافى زانکۆ و کۆلێژ و بەشەکان کردۆتەوە، بەهەمان شێوە لە داهاتوشدا ئەو جۆرە خولانە بەردەوامیان دەبێت بۆ باشتر بەڕێوەبەردنى زانکۆ بەشێوەیەک لە ئاست گۆڕانکارییەکانى سەردەمدا بێت.

لەو کۆرسەدا کە ماوەى یەک ڕۆژ بەردەوام دەبێت لەلایەن د.شەریف باجۆ ڕاهێنەرى باوەڕپێکراو(NIP) و بەڕێوەبەرى ئەکادیمیاى کۆڕەک چەند بابەتێکى زانستى و مەیدانى لەبارەى پڕۆگرامەکانى (بەڕێوەبردنى ڕاهێنان، هەڵسەنگاندنى کەسایەتى، گەشەپێدانى سەرکردایەتى، خزمەتگوزارى ڕاوێژکارى و ڕاهێنان) پێشکەش بکرێت، هەروەک ئامانج لە ڕێکخستنى کۆرسەکە بریتیە لە تیشک خستنەسەر زانستى ژیرى هەست خوێندنەوە (EI)، لەهەمان کاتدا بەشداربوان ئاشنا دەکرێن بەبنەما گرنگەکانى ژیرى هەست خوێندنەوەو، ئەو توانا کارامەییانەى کە سەرکردە دیارەکان لە کەسانى ئاسایى جیا دەکاتەوە.