د.یوسف گۆران: بە یەکڕیزى و یەک تیمى درێژە بەکاروانى خەبات و خزمەتکردنى خەڵک دەدەین

kobwnewe heftaney wezaret

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: حکومەتى هەرێمى کوردستان بەیەک تیم درێژە بەکاروانى خەبات و خزمەتکردن بەکۆمەڵانى خەڵکى کوردستان دەدات.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێکەوتى (٢٢/١٠/٢٠١٧) لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەى هەفتانەى وەزارەت  هات.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرخۆشی خۆی بۆ شەهیدانى چەند ڕۆژى ڕابردودى گەلەکەمان دەربڕی و، هاوخەمى وەزارەتیشى بۆ لێقەوماوانى ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان دوپاتکردەوە،  د.یوسف گۆران ئاماژەی بەدواین گۆڕانکارى و بارودۆخى ئەمرۆى هەرێمى کوردستان کرد و ڕایگەیاند: دەبێ لەم قۆناخەدا ئێمە وەک بژاردەی کۆمەڵی کوردستان زیاتر لە هەر توێژێکى کۆمەڵ بە یەکگرتوو و یەکڕیزى درێژە بەکاروانى خەبات و خزمەتکردنى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بەتایبەت مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان بدەین و ببینە هەوێنی ئاشتەوایی ناوەخۆمان، جەختیشیکردەوە کە مافى چارەى خۆنوسین و گەیشتن بەدوا ئامانجەکان مافی ڕەوای خۆمانە و ناشبێ لەو هەنگاوەی کە هاتۆتە پێش پاشگەزببینەوە، یان کار لە ئیش و کارەکانمان بکات و بڕوخێین.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، ڕایگەیاند: لەم قۆناخە هەستیار و ناسکەدا کارى لە پێشینەمان  دەستکردن و گەشەپێدانە بەو کاروبارانەى کە لە پێشمانە، بۆ ئەوەش فەرمانیدا کە هەمومان وەک یەک تیم لەبەر ڕۆشنایى و بەرژەوەندییە باڵاکانى نەتەوەکەمان لەسەر کارەکانمان بەردەوام بین و هەوێنی یەکڕیزیە شۆربکەینەوە بۆ خوارەوە، بۆ ئەوەش ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە پەیام و دیدگاى ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستانە و ئێمەش پێوەی پابەندین، هەروەک چۆن دەبێ سەرجەم زانکۆکان لەسەر هەمان ڕێچکەى خەباتى خۆیان بەردەوام بدەن  تا گەلەکەمان دەگەێنین بەکەنارى ئارام.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى، سەربارى جەختکردنەوە لەسەر وتەکانى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بەڵێنیاندا درێژە بەکاروانى خەباتى زانستى پێکەوەیى بدەن.