د. ئارام محمد: بە هۆى سیستمى ئەلیکترۆنى هاوڵاتیان بەئاسانى دەستیان بەخزمەتگوزارییەکان دەگات

كۆبونه‌وه‌ی وه‌زیر له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری ئایی تی زانكۆكان

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: جێبەجێکردنى سیستمى ئەلیکترۆنى لە دامەزراوەکان یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ ئەوەى بتوانین خێراتر و کاراتر خزمەتگوزارییەکانمان پێشکەش بەهاوڵاتیان بکەین و ڕۆتین و بیرۆکراسیەتى کارگێڕى کەم بکەینەوە، لەلایەکى دیکەشەوە دەرفەتى چەسپاندنى بنەماکانى شەفافیەت و کەمکردنەوەى خەرجى بەڕێوەبردن دەڕەخسێنێت .

ئەم لێدوانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٣/١١/٢٠١٩) لەمیانى پێشکەشکردنى وتەیەکدا هات لە کۆبونەوەى لەگەڵ بەڕێوەبەرى ئایتى سەرجەم زانکۆکانى کوردستان.

لە کۆبونەوەکەدا کە د. محمد حوسێن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى ئامادەیبو، د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە کۆدەبینەوە بۆ ئاگاداربون لەچۆنیەتى بەڕێوەچونى سیستمى ئەلیکترۆنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆکان، چونکە بە ئەلیکترۆنیکردنى وەزارەت و دامەزراوەکانمان یەکێکە لە ئەولەویاتەکانى کارکردنمان ئەویش لەژێر رۆشنایى کارنامەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

وەزیرى خوێندنى باڵا وتیشى: جێبەجێکردنى ئەم سیستەمە کاریگەرى لەسەر ژیانى هاوڵاتیان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانى زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا دەبێت، هەروەها هەنگاوێکى بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانى ژێرخانى ئەلیکترۆنى و ڕێکخستنى داتا و زانیارییەکان.

لەبارەى گرنگى جێبەجێکردنى سیستمى ئەلیکترۆنى، د. ئارام محمد ڕایگەیاند: ئەم سیستمە لە دامەزراوەکانمان یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ ئەوەى بتوانین خێراتر و کاراتر خزمەتگوزارییەکانمان پێشکەش بەهاوڵاتیان بکەین و ڕۆتین و بیرۆکراسیەتى کارگێڕى کەم بکەینەوە، هەروەها دەرفەتى چەسپاندنى بنەماکانى شەفافیەت و کەمکردنەوەى خەرجى بەڕێوەبردن دەڕەخسێنێت و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەى بتوانین هەمیشە سوود لە داتا و زانیارییە کۆکراوەکان وەربگرین و لەپڕۆسەى بڕیاردان و داڕشتنى سیاسەتى گشتیدا سوودیان لێ وەربگرین.

لە کۆتایى وتەکەشیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لەو زانکۆیانە کرد کە سیتسمەکە جێبەجێ دەکەن و ئەوانەشى لە قۆناخى جێبەجێکردندان، وتیشى: لەگەڵ زانکۆکان بە پەیڕەکردنى هەمان سیستم دەمانەوێت خزمەتگوزارییەکانمان فراوانتر بکەین، بە جۆرێک هەموو لایەنەکانى بەڕێوەبردن و پەیوەندیکردن لە زانکۆکان و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا بخرێتە چوارچێوەى ئەم سیستمەوە.