دەربارەی دەرماڵەی هاوڕێیەتی هاوسەر

newsitem-1263-26.02.2012-ku.png

 ڕوونکردنەوەیەکی یاسایی دەربارەی دەرماڵەی هاوڕێیەتی هاوسەر بۆ کاندیدەکانی بەرنامەی تواناسازی؛ دوابەدوای ڕاوێژکردن لەگەل پسپۆڕانی یاسایی و لەبەر ڕٶشنایی بەندەکانی یاسای ڕاژەی شارستانی و نوسراوی وەزارەتی دارایی بە پیویستی دەزانین ئەم روونکردنەوەیە بخەینە بەرچاوی ڕای گشتیی و کاندیدانی ئازیزی بەرنامەی تواناسازی.

  1. هەموو مۆڵەتێکی هاوڕێیەتی هاوسەر لە چوارچێوەی بەرنامەی تواناسازیدا بەبێ مووچە دەبێت، بەڵام هاوسەری کاندیدەکانی بەرنامەی تواناسازی دەرماڵەی خێزانیان بە بری ٥٠% ی بژێوی ژیان بۆ خەرج دەکرێت.
  2. ئەگەر هاوسەری کاندیدی بەرنامەی تواناسازی فەرمانبەری حکومەت بێت ئەوا دەتوانێت سوود لە مۆڵەتە کۆکراوەکانی ساڵانی پێشووی ببینێت. دەکرێت مۆڵەتی کۆکراوە وەک (رصید)ێک بەکار بهێنرێت و بە هێندەی ژمارەی ڕۆژە کۆکراوەکان مۆڵەتی بە مووچە وەربگرێت. لە مەودای مۆڵەتە کۆکراوەکاندا هاوسەری بەرنامەی تواناسازی مووچەی ئاسایی خۆی (مووچەی بنەڕەتی+دەرماڵە جێگیرەکان) و دەرماڵەی خێزان وەردەگرێت.
  3. لە دوای تەواو بوونی ڕۆژە کۆکراوەکان باری مۆڵەتەکەی دەگۆڕێت بۆ مۆڵەتی بێ مووچە کە تیایدا تەنها دەرماڵەی خیزان بە بڕی ٥٠% ی بژێوی ژیان وەردەگرێت.
  4. دەرماڵەی خێزان تەنها لەو کاتانەدا سەرف دەکرێت کە کاندیدەکان لە کاتی خوێندن دا هاوسەرکانیان هاوڕێیەتییان بکەن، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە پاسپۆرتی هاوسەری کاندیدی تواناسازی مۆری چونەژوورەوەی ئەو وڵاتەی لەسەر بێت کەخوێندنەکەی تێدا ئەنجام دەدریت، ئەمەش بۆ مەبەستی پارێزگاری کردنە لە بودجەی گشتیی و ڕێگرتنە لەو حاڵەتانەی کە هەندێک لە هاوسەرەکانی بەرنامەی تواناسازی مۆڵەتی هاوڕێیەتی وەردەگرن بەڵام سەفەر ناکەن و لە ناوەوەی وڵات لە کەرتی تایبەت کار دەکەن.
  5. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی مافە داراییەکانی پاڵێوراوانی بەرنامەی تواناسازی هەرگیز دریخی نەکردووە، موچە و دەرماڵەی تواناسازی لەبەر ڕۆشنایی ستانداردی ژیانی ئەو وڵاتانەدا دیاری كراوه‌ کە خویندکارانی بۆ دەنێردرێت. لە ئێستادا هه‌ر كانديدێكی خاوه‌ن هاوسه‌ر به‌ لانی كه‌مه‌وه‌ مانگانە بڕی سێ هه‌زار و دووسەد (۳٢٠٠) دۆلار زیاتری پێ ده‌درێت، کە پێک دێت لە (١٨٠٠) دۆلار دەرماڵەی قوتابی و (٩٠٠) دۆلار دەرماڵەی هاوڕێیەتی هاوسەریی و لانی کەم (٥٠٠) دۆلار موچەی قوتابی نێردراو. كه‌ ئەمەش بە دڵنیاییەوە به‌شی ژيان و گوزه‌رانێكی تێروته‌سه‌ل ده‌كات له‌ هه‌ر شارێكی سه‌ر زه‌وی . ئەمە جگە لەوەی بۆ هەرکاندیدێک تەواوی کرێی کۆرسی ئەکادیمی (نزیکەی چل هەزار دۆلار) و کرێی کۆرسی زمان (نزیکەی بيست هەزار دۆلار) و بیمەی تەندروستی (هەزار دۆلار) و پارەی سەفەری ساڵانە (دوو هەزار دۆلار) خەرج دەکرێت. جێگای ئاماژە پێکردنە کە هەموو زانکۆکانی بەریتانیا کاتێک بڕی پێویست بۆ بژێوی ژیانی قوتابی دەخەمڵێنن تەنها (١٦٠٠) دۆلار بە ستاندارد دادەنێن بۆ ژیانی خێزانێكی لاو،
    بەم پێیە بڕی پارەی پێدراو بۆ کاندیدەکانی تواناسازی نزیکەی دوو هێندەی بڕی پێويسته‌ بۆ ژيانی خێزانێك. بەڕای زۆربەی چاودێرانیش موستەحەقاتی دارایی بەرنامەی تواناسازی لە ئاستی بەرنامە پیشکەوتووەکانی جیهان دایە.
  6. گۆڕانکاری لە ڕێسا و ڕێنماییە داراییەکانی بەرنامەی تواناسازی لە چوارچێوەی دەستەڵاتەکانی دەستەی باڵای بەرنامەی تواناسازیدایە، هەر بۆیە تا دەرچوونی ڕێنمایی نوێ کار بەو ڕێنماییانەی سەرەوە دەکرێت.