وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم لێدوانێکى بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵاى عێراق رەتدەکاتەوە

wazaret22222

لە لێدوانێکدا بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە حکومەتى عێراق دان بە بڕوانامەى زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان نانێت، لەو بارەیەوە وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لێدوانەکەى بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق رەتدەکاتەوە.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا رایگەیاند لێدوانەکەى سەلام خۆشناو بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق رەتدەکەینەوەو ئەم وتانەى هیچ بنەمایەکى راستى تێدانیە.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى راشیدەگەنێت، لەماوەى ڕابردوو وەزارەتەکەمان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق یاداشتنامەیەکى هاوبەشى ئیمزاکردووەو پابەندبوونى خۆمان بە بڕگەو ماددەکانى ڕێکەوتنەکە دەربڕیوەو چاوەڕێ دەکەین وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراقیش بڕگەو ماددەکانى یاداشتەکە جێبەجێ بکات.

وتیشى بڕیارو راسپاردەى وەزارەتەکەشمان سەبارەت بەم پرسانە لە چوارچێوەى ئەو یاداشتنامە هاوبەشەیە کە لە نێوان هەردوولامان ئیمزامان کردوەو دژى هیچ لایەک نیە، بۆیە بە پێویستى دەزانین بەهەمووان ڕابگەیەنین کە لێدوانەکەى بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵاى  عێرق هیچ بنەماى نیەو کارى لێژنە هاوبەشەکانیشمان بۆ بابەتە هاوبەشەکان لەنێوان هەردوولا بەردەوامن.