د.یوسف گۆران: خوێندن فاکتەرێکى گرنگە بۆ لەیەک نزیکردنەوەى کەلتورى میللەتان

kunsli turkya

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: کورد و تورک دوو میللەتن ساڵانێکى زۆرە دراوسێى یەکترن، بۆیە ئەوەندى خاڵى هاوبەش لە نێوان ئەم دوو میللەتە هەیە، ئەوەندە جیاوازیمان نیە، بۆیە دەکرێ بەخوێندن و ئاڵوگۆڕى زانستى زیاتر کەلتورەکانمان لەیەکتر نزیک بکەینەوە.

ئەو ڕاگەیاندنەى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتى (١٩/١٢/٢٠١٧) لە میانەى دیدارێکیدا لەگەڵ (هاکان کەڕاچای) کونسڵى گشتى کۆمارى تورکیا لە هەرێمى کوردستان هات، لەو دیدارەدا گفتوگۆ لەبارەى ئاستى بەرەوپێشچونى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا کرا، هەروەک تاوتوێى دواین سەردانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان بۆ تورکیا کرا.

لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتاى دیدارەکەدا، د.یوسف گۆران بەبۆنەى دەستبەکاربونى وەک کونسڵى نوێى تورکیا لە هەرێمى کوردستان پیرۆزبایى لە هاکان کەڕاچاى کرد و، هیواى خواست لە ماوەى مانەوەیان لە کوردستان ببێتە هۆى بەردەوامى و پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوانیان، وتیشى ئێمە لەگەڵ کونسڵى پێشوو پەیوەندییەکانمان باش بوو، بەهیواین لێرە بەدواوە ئەو جۆرە پەیوەندییانە بەردەوام بێت و پڕۆژەى زیاتریش جیبەجێ بکەین.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى وتیشى ئیمە زۆرجار باسى ئەوە دەکەین کە تورک و کورد دوو میللەتى درواسێین و، دەتوانین بە باشکردنى پەیوەندییەکانمان خزمەت بەهەردوو لا بکەین، چونکە بەخویندن دەتوانین پەرە بەکەلتورى پێکەوەیى لەپێناو بەرژەوەندى هەردولا بدەین، لە کۆتایشدا، وتى زۆر پڕۆژە هەیە کە لەسەردەمى کونسڵى نوێدا دەتوانین جێبەجێى بکەین لەپێناو بەرژەوەندى هەردولادا.

لە بەرامبەردا، (هاکان کەڕاچای) کونسڵى گشتى کۆمارى تورکیا لە هەرێمى کوردستان سوپاسى ئەو پێشوازیەیى کرد و، وەک کونسڵى نوێى تورکیا لە کوردستان ئامانج و کارەکانمان بریتیە لە بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوان توکیا و هەرێمى کوردستان، وتیشى منیش بەهەمان شێوەى کونسڵى پێشوو دەمەوێ پەرە بەو پەیوەندییانە بدەم و، ئەو کارانەى لەسەرشانى منە دەتوانم هەماهەنگى لەگەڵ یەکتردا بکەین.

لە کۆتایى ئەو دیدارەدا، کە بەئامادەبونى د.محمد حسین کەلارى بەرپرسى پەیوەندییە دەرەکیەکانى وەزارەت بەڕێوەچو، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: هەوڵدەدەین بەپیی تواناى خۆمان یارمەتیدەر دەبین، چونکە هەماهەنگى خزمەت بەهەردولامان دەکات.