ئەنجومەنی وەزارەتى خوێندنى باڵا پشتگیرى خۆى بۆ داواى مامۆستایان و فەرمانبەران دوپاتکردەوە

anjwmani wezaret

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەنجومەنى وەزارەت لە خەمى باشکردنى بارودۆخى دارایى مامۆستایان و فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانە، بۆ ئەوەش پڕۆژەیەک گەڵاڵە دەکات و بەرزى دەکاتەوە بۆ ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتى (٢٧/٣/٢٠١٨) لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت هات و تیایدا، پڕۆژەیەکی وەزارەتەکەمانە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کێشەی دارایی و موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تاوتوێکرا.

لەو چوارچێوەیەدا و، سەرەتاى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەگەڵ سەرهەڵدانى قەیرانى دارایى وەزارەتەکەمان یەکەمین وەزارەت بوو، کە لە ڕێکەوتى (٢٢/٢/٢٠١٦) پڕۆژەیەکى بۆ چاککردنى بژێوەى مامۆستایان و فەرمانبەران ئامادەکرد و بەرزى کردەوە بۆ سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان، وتیشى ئەم کۆبونەوەیە کۆبونەوەیەکى ڕاویژکارییە بۆ گەڵاڵەکردنى پڕۆژەیەکى چاکسازى لە موچەى مامۆستایان و فەرمانبەران، بۆ ئەوەش ڕاگەیاند: یەکێتیى مامۆستایان پڕۆژەیەکیان گەلاڵەکردوە وێنەکیان ڕەوانەى وەزارەت کردوە، بۆ ئەوەش داواى لە ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت کرد پڕۆژە و بۆچونەکانیان لەبارەى چۆنیەتى ئامادەکردنى پڕۆژەیەک بۆ باشکردنى موچەى مامۆستایان و فەرمانبەران بخەنەڕوو، بۆ ئەوەش ئەنجومەنى وەزارەت داواکارییەکەى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستانى بەرزنرخاند.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، ئەنجومەنى وەزارەت پێشوازى لە نوێنەرى مامۆستایان و فەرمانبەرانى خۆپیشاندەر کرد، کە لەبەردەم وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گردبوبونەوە، نوێنەرى مامۆستایان و فەرمانبەران لە یادشتەکەیاندا، کە لەبەردەم ئەنجومەنى وەزارەت خوێندیانەوە داواى هەڵوەشاندنەوەى سیستمى پاشکەوتى موچە و، گێڕانەوەى شایستە داراییەکانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆکانیان کرد، ئەوەش لە ڕێگەى ژمارەى بانکى تایبەت بەهەر مامۆستا و فەرمانبەرێک.

بۆ ئەوەش سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت و ئەندامانى ئەنجومەن پاڵپشتى و پشتیوانى خۆیان بۆ داواى مامۆستایان دوپاتکردەوە و، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە داواکانیان لە چوارچێوەى پڕۆژەی وەزارەت جێیى دەکاتەوە و بۆ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزارەت بەرزى دەکاتەوە.

لە کۆتایى کۆبونەوەکەشدا، ئەنجومەنى وەزارەت گەیشتە ئەم خاڵانەى خوارەوە:

  1. ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ستایشى رۆڵى مامۆستایان و فەرمانبەران دەکات، کە لەگەڵ سەرهەڵدانى قەیرانى دارایى بەردەوامیان بە پڕۆسەى خوێندن دا و، ڕێگەیان نەدا هۆڵەکانى خوێندن چۆڵ بکرێ.
  2. وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە جێبەجێکردنى سیستمى پاشکەوتى موچە جیاواز لە وەزارەتەکانى دیکە زەرمەندى یەکەم بووە، بەشێوەیەک لە هەندێک کاتدا ڕێژەى پاشکەوت گەیشتۆتە (٨٠%)، بۆیە جەخت لە پشتگیرى و داواکارى مامۆستایان و فەرمانبەران دەکاتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە و چارەسەرکردنى سیستمى پاشکەوتى موچە و، دانانى میکانزمێکى تر بۆ چارەسەرکردنى موچە و، موچە پاشەکەوتکراوەکان.
  3. ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا وەک چۆن لە ڕێکەوتى (٢٢/٢/٢٠١٦) پڕۆژەیەکى بۆ چاککردنى بژێوەى مامۆستایان و فەرمانبەران ئامادەکرد و بەرزى کردەوە بۆ سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەبەرئەوەى بەردەوامى خوێندن لە هۆڵەکانى خوێندن بەئەرکى لە پێشینەى خۆمان دەزانین و، بەلەبەرچاوگرتنى داواکارى مامۆستایان و فەرمانبەران لە ڕێگەى پڕۆژەیەکى دیکەوە، کە میکانزمەکانى چارەسەرى دەستنیشانکردوە، داواى باشکردنى دۆخى دارایى مامۆستایان و فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران دەکات.

ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە وەزارەت و، لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرپەرشتی دەکرێت و سەرجەم سەرۆکی زانکۆ حکومیەکان و ڕاوێژکارانی وەزارەت تێیدا ئەندامن.