لێدوانێک لە وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

لۆگۆی وه‌زاره‌ت1

دواى بڵاوبونەوەى ڕاپۆرتە هەواڵێک لە دامەزراوەى خەندان کە خاوەن بڕوانامەیەكی ماستەر بڕیاریداوە لەگەڵ خێزانەکەى كۆتایی بەژیانی خۆیان بهێنێ، لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەلێدوانیکدا ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى دەست بەجێ دواى بەدواداچونمان لەگەڵ دامەزراوەىە خەندان، پەیوەندىیمان بەم خێزانە کردو دواى بیستنى کێشەکەى پشتیوانى تەواوى هاوکاریمان بۆ چارەسەرکردنى کەیسەکەى بۆ دوپاتکردەوە.

وتیشى: پێشتریش بەڕێزیان بەمەبەستى پیرۆزباى دەستبەکاربونى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى وەزارەتەکەمانى کردوە، واش بڕیارە دوای جەژن لە دیوانی وەزارەت، لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیان لێبکات، بۆ ئەمەش لەچوارچێوەی یاساو رێنماییە کار پێکراوەکاندا ھاوکاری وکارئاسانی بۆ چارەسەرى کیشەکەیان دەکەین.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەبەرامبەر پەرۆشى و دڵسۆزى بۆ ئەم خێزانە، سوپاسى دامەزراوەى خەندانى کردو ڕایگەیاند دواى بەدواداچون و پەیوەندیمان لەگەڵ ئەم خێزانە لە ئێستادا کەیسەکەیان جێگەى نیگەرانى نیەو هاوکارى و کارئاسانیان پێشکەش دەکەین.