کۆنفرانسێک بۆ دڵنیایى جۆری

لە کۆنفرانسێکدا تایبەت بە پڕۆسەى دڵنیایى جۆری لە دام و دەزگاکانى خوێندنى باڵا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم گوتى "بە ئومێدەوە دەڕوانینە بەرزکردنەوەى ئاستى دڵنیایى جۆرى زانکۆ و پەیمانگاکانى هەرێمى کوردستان".

کاتژمێر 9ى بەیانى ئەمڕۆ سێشەممە 1/3/2011 بە ئامادەبوونى پڕۆفیسۆر د.دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەددین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و د.قوڕەیش قەسیر نوێنەرى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى خوێندنى باڵا و د.سەڵاح نەعیمی نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراقى و د.عەبد زیاب عجیلى سەرۆکى لێژنەى زانستى لە پەرلەمانى عێراق و وەزیرى پێشوترى خوێندنى باڵاى عێراقى و بە بەشدارى سەرۆک زانکۆکانى عێراق و هەرێمى کوردستان،  کۆنفرانسێک بۆ پەرەپێدانى سیستمى خوێندنى باڵا لە عێراق بەڕێوەچوو.

ئەو کۆنفرانسە کە سەرجەم تەوەرەکانى تایبەت بوو بە پڕۆسەى دڵنیایى جۆری لە دام و دەزگاکانى خوێندنى باڵاى عێراقى لەژێر دروشمى "کۆنگرەى سەرۆک زانکۆکانى عێراق دەربارەى دڵنیایى جۆرى لە چۆنایەتى دەزگاکانى خوێندنى باڵا" دەستى بەکارەکانى کرد و کە بڕیارە ماوەى 2 رۆژ بخایەنێت.

سەرەتاى کۆنفرانسەکە نوێنەرانى هەریەکە لە سەرۆک وەزیرانى عێراق و وەزیرى خوێندنى باڵاى عێراقى وتارێکى کورتیان پێشەکەش کرد، لەمیانیدا رووناکیان خستەسەر گرنگى بەڕێوەچوونى کۆنفرانسى تایبەت بە پڕۆسەى دڵنیایى جۆرى بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى دام و دەزگاکانى خوێندنى باڵا و بنیاتنانەوەى زانکۆ و گەڕاندنەوەى هەیبەت بۆ تەواوى ئەم دەزگایەنە، هەروەها ئەم کۆنفرانسەیان وەکو هاندەرێک بۆ پەرەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندن و چاکسازى پەروەردەیى، و بەڕێخستنى کەژاوەى زانستى و ئەکادیمى بۆ پێشەوە، ناوبرد.

دوابەدواى ئەوە پڕۆفیسۆر د.دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەددین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وێڕاى بەخێرهێنانى سەرجەم مێوانان لە ناوچەجیاجیاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان و دەستخۆشیکردن لە نووسینگەى رێکخراوى UNESCO لە عێراق بۆ پاڵپشتیکردن لە پەرەپێدانى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە عێراق، لە وتەیەکدا لە بارەى بەڕێوەچوونى پڕۆسەى دڵنیایى جۆرى لە زانکۆ و پەیمانگاکانى هەرێمى کوردستان گوتى "ئێمە لە ساڵى رابردوودا ستراتیژیەتێکمان خستە بەرنامەى کارى وەزارەتى خوێندنى باڵا، یەکێکیش لە بەرنامە هەرە گرنگەکانیش، جێبەجێکردنى بەرنامەى دڵنیایى جۆرى بوو لە زانکۆ و پەیمانگاکانى سەر بە خوێندنى باڵا، بۆ ئەمساڵیش بە پاڵپشتى سەرجەم لایەنەکان دەستمانکرد بە جێبەجێکردنى ئەم پڕۆسەیە، و بە ئومێد و بەخۆشحاڵیشەوە دەڕوانینە بەرزکردنەوەى ئاستى دڵنیایى جۆرى زانکۆ و پەیمانگاکان لە هەرێمى کوردستان".

لە بەشێکى ترى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا داواى لە سەرجەم بەشداربووان کرد، بە تایبەت پسپۆڕ و ئەکادمیستانى زانکۆکانى هەرێم، کە بەشدارییەکى چڕ بکەن لە تەوەر و گفتوگۆکانى ئەم کۆنفرانسە، بە ئامانجى ئاڵوگۆڕى زانست و مەعریفە و ئاشناکردنى زانا و پێشڕەوە ئەکادیمییە جیهانییە بەشداربووەکانى ئەم کۆنفرانسە، بە سەرجەم ئەو گۆڕاکارییە رێشەیى و بنەڕەتییانەى کە لە سیستمى خوێندنى باڵاى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کراون".

دواتر بەر لەوەى گفتوگۆ و بەرنامەى کارى کۆنفرانسەکە دەست پێ بکات، لە وتەیەکى کورتدا د.مونیر ئەبو عەسەلى بەناوى نووسینگەى یونسکۆ لە عێراق لە ئاماژەیەکدا سوپاسى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ رەخساندنى هەلى بەڕێوەچوونى ئەم کۆنفرانسە، هەروەها تیشکى خستەسەر ئاستى زانکۆکانى عێراق بەگشتى و مەترسییەکانى بەردەم پێشەکەوتنى رەوتى زانست بە تایبەتى، لەم ڕوانگەیەوە ئاماژەیدا بە  گرنگى پیادەکردنى پڕۆسەى دڵنیایى جۆرى لە دەزگاکانى خوێندنى باڵا، و گوتى "دڵنیایى جۆرى وەکو پێوەرێکى پزیشکى دەیچوێنم بۆ پشکنینى بەردەوامى نزمبوونەوە و بەرزبوونەوەى فشارى خوێنى سیستمى خوێندنى باڵا".