روونکردنەوەیەک لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییەوە بۆ قوتابییە خوێندکارەکانى دکتۆرا لە بەریتانیا

 

لە ژمارە (615)ى رۆژى چوارشەممە 31/10/2010 رۆژنامەى (هاوڵاتى) بابەتێک لەژێر ناونیشانى (تکایە کەسێک بەهانامانەوە بێت) بڵاوکراوەتەوە، بۆیه‌ بەپێویستمان زانى چەند سەرنج و روونکردنەوەیەک بۆ ئەو قوتابى و خوێندکارە بەڕێزانە و ڕاى گشتى بدەین.

 

 

 

ئاشکرایە قوتابیان و خوێندکارانى کورد بۆ تەواوکردنى خوێندنى دکتۆرا لە وڵاتى بەریتانیا له‌ساڵى 2004 تا ئێستا بەچەند جۆر و شێوازێکى جیاجیاوە نێردراون، ئێمە بەپێى توانا و لەدەستهاتوویى حکوومەتى هەرێمى کوردستان توانیومانە کرێى خوێندن و دەرماڵەى بژێوى ژیانى ئەو قوتابییە خوێندکارانە دەسته‌بەر بکەین. بۆ نمونە هەر خوێندکارێکى دکتۆرا لە وڵاتى بەریتانیا بەپێى ڕێنوێنییەکانى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە رۆشبیرییەکانى سەر بە وەزارەت و پلانى ناردن، بە چوار شێواز مۆڵەتى خوێندن و خەرجکردنى دەرماڵەى خوێندکاران و خەرجى گەشتکردنیان بۆ دابینکراوە، کە لە 500$ دۆلارەوە تاوەکو 900$ەوە دەبێت. واتە تەواوى کرێى خوێندن لەگەڵ ساڵى جارێک کرێى هاتووچۆیان بۆ خەرجکراوە. ئێمە توانیومانە بۆ ماوەى دیاریکراوى خۆى ئەو پارەیان بە بریکارى تایبەتەوە بۆ بنێرینە دەرەوە، بەنیازین لە ئایندەشدا بە هاوئاهەنگى لەگەڵ فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتى هەرێم، نوێنەر بۆ چارەسەرکردنى کێشەى ره‌وه‌ندی کورد لە هەموو لایەنێکەوە دابنێین.

 

سەبارەت بە هەندێ بڕگەى ناو بابەتەکە، دەربارەى ماوەى خوێندنى دکتۆرا لە بەریتانیا، ئێمە بەگوێرەى تواناى حکوومەتى هەرێم توانیومانە داواکارییەکان جێبەجێ بکەین، بۆ نموونە کاتى تەواوکردنى خوێندنى دکتۆرا بۆ هەموو قوتابی و خوێندکارێک وەکو یەکتر نیە، بەڵکو  بۆ ڕەزامەندى ئەو زانکۆیه‌ى لێیدەخوێنێت و سەرپەرشتیارى راستەوخۆى دەگەڕێتەوە. هاوکات دواى تەواوبوونى کۆرسەکانى خوێندنى دکتۆرا 3 جۆر درێژکردنەوەى خوێندن (تمدید) هەیە، ئێمە تەنیا دەتوانین پارەى درێژکردنەوەى یەکەم بۆ خوێندکار و قوتابیانى دکتۆرا خەرج بکەین، ته‌نها لە حاڵەتێکدا دەتوانین پارەى درێژکردنەوەى دووەمى بۆ خەرج بکەین، ئەگەر خوێندکارەکە لەسەرەتاى خوێندنی لە دەرەوە پارەى کرێى کۆرسى خوێندنى بۆ خەرج نەکرابێت. خوێندكار هەیه‌ ماوەى 2 ساڵ خەریکى کۆرسى زمان بووە و به‌م هۆیه‌وه‌ ماوەى خوێندنەکەى بۆ ماوەى چەند ساڵێکى تر دواکەوتووە، بۆیە وەکو وەزارەت ناتوانین چارەسەرى هه‌ڵاوێردی(ئستسنائى) چەند گرفتێک بکەین، کە لەدەرەوەى ڕێنوێنی و پلانى وەزارەت و حکوومەت دابێت.

 

 

 

لەبەشێکى ترى بابەتەکەدا باس لە کێشەى درێژکردنەوەى ڤیزەى ئەو خوێندکارانە کراوە، بابه‌ته‌كه‌ به‌و جۆره‌یه‌، كه‌ لە وەزارەت بەر لە گەشتکردنى قوتابیان و خوێندکاران بۆ خوێندن، بۆ هەر وڵاتێک پشتگیرى وەزارەتى خوێندنى باڵاى حکوومەتى هەرێم بەو کەسانە دراوە، بە ئامانجى ڕەخساندنى ئاسانکارى پێویست بۆ وەرگرتنى ڤیزە لە باڵوێزخانەکان، زۆرجاریش لە رێگەى ئیمەیڵەوە ئەم پشتگیرییەمان بۆ ناردوون، بەڵام هەندێک رێکار و وردەکارى تایبەت بە وڵاتانى دەرەوە هەیە لەدەرەوەى دەسەڵاتى ئێمەیە.

 لەلایەکى ترەوە لەبەرنامەى وەزارەتدا نییە دەرماڵە بۆ خاوەن خێزان و منداڵانى خوێندکار و قوتابیانى ماستەر و دکتۆرا دابین بکات، بەڵام لە حاڵەتێک ئەگەر خێزانەکەى فەرمانبەر بێت ئەوا تەنیا مووچەکەى بۆ خەرج کراوە، کە پسپۆڕیەتییەکەى لە ناو پلانى نارداندا بێت و بە مەرجێکیش، تا کاتى تەواوکردنى خوێندنەکەى، بۆیە دواى ئەوە خەرجکردنى مووچەکەى دەوەستێت. به‌م هۆیه‌وه‌ بارودۆخى خوێنکارانى دکتۆرا و ماستەر لە دەرەوەى هەرێمى کوردستان لە یەکێک بۆ یەکێکیتر جیاوازن. بەداخەوە ژمارەیەک لە قوتابیان و خوێندکارانى دکتۆرا و ماستەر لەوڵاتى جیاجیا بەدەر لە رێنوێنییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ تەواوکردنى خوێندن نێردراون، کە تاوەکو ئێستا چەندان کێشەیان بۆ وەزارەت و حکوومەت دروستکردووە، بەهۆى کەم توانایى و گرفتى زمان و چەند کێشەیەکى کۆمەڵایەتى و گرفتى بێ ئەزموونییەوە.