مامۆستایانى زانکۆ بەشدارى خولێکى زمان لە ئێران دەکەن

ERAN, XOL

 لەسەر بانگهێشتى ڕەسمى زانکۆى فیردەوسى مەشهەد لە کۆمارى ئیسلامى ئێران، وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە لە ژمارەیەک لە مامۆستا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان پێکهاتون، بەرەو کۆمارى ئیسلامى ئێران بەڕێککەوتن بۆ بەشداریکردن لە خولێکى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و فێربونى زمانى فارسى.

ئەو خولە کە ماوەى (١٥) ڕۆژ بەردەوام دەبێ لە زانکۆى فیردەوسى مەشهەد لە شارى مەشهەد کۆمارى ئیسلامى ئێران، بەسەرپەرشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەدەچێ، بەگەیشتنیشیان مامۆستایانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ڕاستەوخۆ دەستیان بە خولەکەیان کرد.

خولەکە لەلایەن ژمارەیەک لە مامۆستا و پسپۆڕى زمانى فارسى لەزانکۆ (فیردەوسى مەشهەد) دەوترێنەوە، لە چوارچێوەى خولەو لە میانەى پێشکەشکردنى بابەت و لایەنەکانى زمان، مامۆستایانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئاشناى نوێترین میتۆدەکانى فێربونى زمانى فارسى و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى بکرێن.

لەیەکەم ڕۆژى دەستپێکردنى خولەکەشدا لەلایەن (د.ئیحسان قەبول) لێپرسراوى سێنتەرى فێربونى زمانى فارسى بۆ بیانییەکان کورتەیەک لەبارەى بابەتەکانى خولەکە و چۆنیەتى بەڕێوەچونى ڕۆژانى خولەکە بۆ بەشداربوانى ڕونکردەوە، هەروەک باسى لە فەرهەنگى زمانى فارسى کرد و، ئینجا تیشکى خستە سەر نزیکى زمانى فارسى و زمانى کوردى.

دهام سمکۆ ڕێکخەرى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: خولەکە بۆ پتەوکردنى پەیوەندییە زانستیەکانى نێوان زانکۆکانى وڵاتى ئێران و هەرێمى کوردستانە، وتیشى زانکۆى فیردەوسى مەشهەد دوەمین زانکۆیە لەسەر ئاستى زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران، لەهەمان کاتدا سێنتەرى زمانى ئەو زانکۆیە کە وەفدى وەزارەتەکەمان خولەکەى لێ دەبینن بەیەکەمین سێنتەرى لەسەر ئاستى دونیا دادەنرێ، ڕێکخەرى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕونیشیکردەوە زانکۆکە ئامادەیى خۆى بۆ کردنەوەى سێنتەرى تایبەت بە ئەنجامدانى تێستى جیهانى بۆ زمانى فارسى (ازمون جامعى) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و ڕاهێنانى مامۆستایانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لەسەر ئەو تاقیکردنەوەیە پیشانداوە.