"لەکۆى هەر 10 خوێندکار یەکێکیان بێ بەرامبەر لە زانکۆکانى ئوسترالیا وەردەگیرێن"

دواى ئەوەى لە ڕێگەى پاشکۆى ڕۆشنبیرى عێراقى لە ئوستراڵیا داوەتنامایەک ئاراستەى د.تەڵال یوسف پسپۆڕ لە بوارى( وزەى نوێ و نوێکەرەوە) و مامۆستا لە زانکۆى  southern queensland ى  ئوستراڵیا کرابوو، بۆ بەشدارى کردنى لە کۆنفراسى توێژینەوەى زانستى. ڕۆژى 21/12 لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا، د.بێریوان خەیلانى ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بە ئامادەبوونى د.گۆڤەند حسێن بەِرێوەبەرى گشتى ناردن و پەیوەندییەکان و خاتوو ئارام ئیبراهیم بەڕێوەبەرى پەیوەندییەکان، پێشوازیان لە د.تەڵال کرد و گفتوگۆیان لەسەر واژوکردنى یاداشتى لەیەکترگەیشتن کرد. کە وابڕیارە لە چەند ڕۆژى داهاتوودا بخرێتە بەردەم وەزیرى خوێندنى باڵا.
د.تەڵال یوسف، ئامادەیى خۆى دەربڕى بۆ هاوکارى کردنى خوێندکارانى هەرێم لە دابینکردنى کورسى خوێندن لە زانکۆکانى ئوسترالیا، هەروەک ئامادەیشى بۆ ئەوە دەربڕى ، کە لە کۆى هەر 10 خوێندکار،یەکێکیان بەبێ بەرامبەر واتە (بەبێ پارە) وەربگیرێت.لەبارەى یاداشتەکەشەوە، جەخت لەسەر ئامانجەکانى کۆنفراس کرا،بەشێوەیەک کە لە چوارچێوەى ئەو ئامانجانەدا هاوکارییەکان دەستنیشان بکرێت.