وەزیرى خوێندنى باڵا خولەکانى پێداگۆجى بەسەر کردەوە

وه‌زیری خوێندنی باڵا خولی پێداگۆجی به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بە بەشداربووانى خولى پێداگۆجى ڕاگه‌یاند: ئەو ئەرکەتان وەک شۆڕشێک وایە لەبوارى زانستی، دڵنیام لەسەر دەستى ئێوە سەرکەوتن بەدەست دێنین و شێوازى وانەوتنەوە لەزانکۆکانى کوردستان گۆڕانکارى ڕیشەیى تێدا ئەنجام دەدرێت.

ئەم وتانەی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەمیانى بەسەر کردنەوەى خولى ڕێگەکانى وانەوتنەوە (پێداگۆجى) سەنتەرى هەولێر هات، کە ئەمرۆ چوارشەممە ڕێکەوتى 21/8/2019 بەیاوەرى سەرۆک زانکۆکان و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى سەردانى سەنتەرى رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەدین کرد، کە خولى پێداگۆجى تێدا بەڕێوەدەچێت.

لە میانەی وتەیەکدا  د. ئارام محمد قادر وتی: وەک وەزارەت کە ئێوە دەبینین هەست دەکەین ڕێگەى ڕاستى زانستیمان دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەى زانکۆکانى کوردستان بە نێودەوڵەتى بکرێن و دەرچووانى زانکۆکانى هەرێم لەبازاڕى کوردستان لەداهاتوودا بتوانن هەلى کار بەدەست بێن، وتیشى ئەم گەنجانەى لەو پڕۆسە نیشتمانیە بەشدارن وەک شۆڕشێکى زانستى دەبیندرێت لەو پێناوەی بتوانین گۆڕانکاری گەورە لە شێوازی وانەوتنەوە لەزانکۆکان دروست بکەین.

ڕوو لەبەشداربووانى خولى پێداگۆجى سەنتەرى هەولێر وەزیرى خوێندنى باڵا وتیشى: ئێمە هەموو هاوکارییەکی ماددی و مەعنەوی بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە دەکەین، هاوکات سوپاس و ستایشی ئەو مامۆستایانەی کرد کە بەشدارن لەو پرۆسەیەو تەئکیدى کردەوە کە ئەمە ڕیفۆرمێکى ڕیشەییە لە بوارى وانەوتنەوە و وەزارەت ئامادەیى هەموو جۆرە پشتیوانیەکە و دەرگاى وەزارەت واڵایە بۆ سەرکەوتنى ئەو پڕۆسەیە.

هه‌ر له‌ میانه‌ی قسه‌كانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە لەکارداین بۆ ئەوەى سیستمى وەرگرتن لە زانکۆکان گۆڕانکارى تێدا بکەین و لەگەڵیشیدا بتوانین ژینگەى پەروەردە بگونجێنین لەگەڵ سیستمە پێشکەوتووە زانستیە جیهانیەکان، لەو چوارچێوەیەشدا هەماهەنگى هەردوو وەزارەتى خوێندنى باڵا و پەروەردەى بەکارى لەپێشینەو گرنگ زانى. زیاتر وتیشى: لە وڵاتى ئێمە تواناى مرۆیى زۆر باش هەن دەتوانین پڕۆسەى پەروەردە و فێرکردن بەتوانا مرۆییە ناوخۆیەکەمان بگۆڕین، وەک وەزارەتیش ئامادەى ڕەخساندنى زەمینەى لەبارین بۆ ئەوەى تێگەیشتن و پێگەیشتنى کادیرانى خۆمان بەشێوەیەکى زانستى بەرهەم بهێنین.

لەلایەن خۆشیانەوە مامۆستایانى خولى پێداگۆجى سەنتەرى هەولێر کورتەیەکیان لەبارەى بابەتەکانى خولى پێداگۆجى پێشکەش کرد و ناوەرۆکى پڕۆگرامەکانیان ڕوون کردنەوە.

پرۆسەی ریفۆرمی پێداگۆجی لەگەڵ وڵاتی فیلاند پرۆژەیەکی گرنگی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە چەندین مامۆستا لە زانکۆ جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بەشداری پرۆگرامی ریفۆرمی شێوازی وانە وتنەوە دەکەن کە بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی (HAMK)ی وڵاتی فیلاند بەڕێوەدەچێت، دواى بەشدارى دوو ڕاوند لە مامۆستایاى زانکۆکانى هەرێم لە کۆرسێک کە لەژێر چاودێری پسپۆرانی وڵاتى فنلاند بەرێوەچوو و دوای تەواوبوونی کۆرسەکان سەرپەرشتی خولەکانی وانە وتنەوە لە زانکۆکانی هەرێم دەکەن بۆ ئەوەی شێوازی وانەوتنەوە لەزانکۆکان گۆرانکاری ڕیشەیی بە ئاراستەی شێوازێکی مۆدێرن و سەردەمی زانستی هەنگاو بنێت.