سلێمانی ئاگری نەورۆزی لە مامەیارە كردەوە
*هەفتەی رووناكبیری و هونەری لەكارگەی جگەرە دەستی پێكرد
پاشنیوەڕۆی رۆژی 20/3/2018، لە گردی مامەیارە ئاگری پیرۆزی نەورۆز كرایەوەو دەستپێكی راگەیاندنی چالاكییەكانی نەورۆزو هەفتەی رووناكبیری و هونەریی نەورۆز-یش لە كارگەی جگەرەی سلێمانی دەستی پێكرد.
لەمەراسیمی مامە یارە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و بابەكر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، و لیژنەی باڵای نەورۆزی مامە یارە وتەیان پێشكەشكردو دواتر بەدەم سروودی نیشتیمانییەوە ئاگری نەورۆزی سلێمانی كرایەوە.
لەلایەكی ترەوەو دوای كردنەوەی ئاگرەكە لەمامە یارە، لە كارگەی جگەرەی سلێمانی لە شەقامی سالم، چالاكییەكانی نەورۆزو هەفتەی رووناكبیری و هونەری دەستی پێكرد كە لە لە 20 بۆ 27/ 3 //2018 خایەنت و تێیدا بەپێی بەرنامەیەكی پێًشوەختە زیاتر لە 60 چالاكی پێشكەشكرا كە لەلایەن بەڕێوەبەرێتی و بەشەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانییەوە سەرپەرشتی دەكران.
لەمەراسیمی كردنەوەی هەفتەكەشدا، دواى پێشکەش کردنى چەن ووتەیەک لە لایەن بەرپرسانەوە چالاكییەكانی هەفتەكە دەستی پێكردو كە چەند تابلۆیەكی هونەری كە گوزارشتیان لە خۆڕاگری پێشمەرگەو شەڕڤانان و میللەتەكەمان دەكرد پێشكەشكران، لەلایەن بەشی تیپە میللییەكانی سلێمانی و تیپی هونەری خەڵاتی رۆژئاوا و تیپی مناڵانی رۆژئاوا و چەند شاعیرێكیش شیعری نیشتیمانیان بۆ عەفرین و شەهیدان خوێندەوە.
دواتر چەندین پێشانگای كاری دەستی و پیشەیی و خواردنی كوردەواری و شیرینی و خواردنی وشكەو شیرەمەنی و تابلۆ و كاری وێنەكێشان لەناو كارگەی جگەرەی سلێمانی نمایشكران و تا سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
لەسێیەم رۆژی چالاكییەكانی هەفتەی رووناكبیری و هونەری نەورۆز كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانییەوە سەرپەرشتی دەكرا، لە كارگەی جگەرەی سلێمانی، بەئامادەبوونی جەماوەرو مناڵێكی زۆری شاری سلێمانی، چەندین چالاكی جۆراوجۆری تایبەت بە جیهانی مناڵان سازكرا.
ڕۆژی چوارەمی چالاکییەکانی هەفتەی روناکبیری نەورۆز لە تەلاری هونەر کردنەوەى هۆڵى هونەرمەندنى کۆچکردوو (پشتیوان بەدەویی).
رۆژی پێنجەمی هەفتەی روناکبیری نەورۆز چەن چالاکییەک لە سەنتەری ڕۆشنبیری سەرا و لەبەردەم یەکێتی نوسەران چالاكییەكانی بەشی شێوەكاری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەر بەرێوەچوو.