رۆژى سێ شەمە (١٩-١١-٢٠١٩)، لە درێژەی چالاکییەکانی دووەمین فیستیڤاڵی کوردستان بۆ موزیک و گۆرانی، کە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر/ بەشی هونەرەکانی موزیک لەژێر دروشمی (موزیک و گۆرانی.. دەنگێک بۆ نیشتمان) ساز و ئامادەی کردووە، هەر سێ گرووپی میوان لە (سلێمانی، باکوور، رۆژهەڵات) بەشدارییان کرد.
سەرەتا (تیپی مۆسیقای لوڕ) لە سلێمانی نمایشی کارە هونەرییەکانی خۆیان کرد و چەندین پارچە موزیک و گۆرانییان پێشکەش کرد و ئەم ئێوارەی پاییزیان پڕ دەنگ و ئاواز کرد. ئینجا بەڕێز (جەبار یاوەر) ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لەجیاتی تیپی مۆسیقای لوڕ لە سلێمانی، چەپکەگوڵێکی پێشکەش بە بەڕێز (فەرهەنگ غەفوور) بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر کرد، لەبەرامبەر رۆڵیان لە ئەنجامدان و سەرخستنی ئەو فیستیڤاڵ و کارە بەردەوامانەی بێ پسانەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر پێشکەشی دەکات.
دوابەدوای ئەوان، (گرووپا ئاوازا سەرحەدێ) لە باکوور، بە چەندین نمایشی موزیک و گۆرانی هۆڵەکەیان پڕ کرد لە رەسەنایەتی و بووە جێی سەرسامیی ئامادەبووان. لە دوایین بڕگەشدا، (تیپی مۆسیقای رۆناک) کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە تەشریفیان هێناوە، بە چەپکێ ئاواز و گۆرانیی ناوازە بەشدارییان کرد و دووەم رۆژی دووەم فیستیڤاڵەکەیان پڕ شەوق و شادمانی کرد.
شایانی باسە کە دووەمین فیستیڤاڵی کوردستان بۆ موزیک و گۆرانی، لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر/ بەشی هونەرەکانی موزیک لە هەولێر بەڕێوەدەچێ و سبەی چوارشەمە (٢٠ی١١ی٢٠١٩) کۆتا رۆژی فیستیڤاڵەکەیە و چەندین گرووپی دیکەی هونەری بەشدار دەبن و بەرهەمەکانیان نمایش دەکەین، بەتایبەت (گرووپی موزیکی هەولێر) سەر بە بەشی هونەرکانی موزیک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر.
فۆتۆ: سەردار قادر
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر