رۆژى سێ شەمە (٣٠-٤-٢٠١٩) لە سەر قەڵای هەولێر، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە هاوکاریی (گرووپی هاوڕێیانی هونەر)، بە ئامادەبوونی بەڕێزان (خالد دۆسکی) وەزیری رۆشنبیری و لاوان، (ئومێد خۆشناو) سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان، (تاهیر عەبدوڵا) جێگری پارێزگاری هەولێر، (فەرهەنگ غەفوور) بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکومی و حزبی و کەسایەتییەکان و هونەرمەندان، کەرنەڤاڵی (رەنگ لە کولتوور و هونەر)دا لەسەر قەڵا بەڕێوە چوو.
لەمیانى چالاکییەکاندا ڤیستیڤاڵدا کۆنسێرتێکی موزیک و گۆرانی لەلایەن گرووپی موزیکی کەرکووک و بەشداریی هونەرمەندی دەنگخۆش (سابیر کوردستانی) پێشکەش کرا.
هەر لە کەرنەڤاڵەکەدا پیشانگایەکی فۆتۆگرافەری بۆ هونەرمەندی فۆتۆگرافەر (سەردار قادر) لەلایەن وەزیری رۆشنبیری و لاوان کرایەوە، کە تیایدا لە رێی زوومی کامێراکەیەوە مێژووی دوێنێی قەڵای هەولێری دەگێڕایەوە. هەر بەو بۆنەیەشەوە کوراسەیەکی پڕ وێنەی قەڵای هەولێری چاپ و بڵاو کردەوە.
ئەمە و لە کەرنەڤاڵەکەدا پیشانگای کاری دەستڕەنگی بۆ (لاوە عومەر) و کۆمەڵێک خاتوونی دیکەی دەستڕەنگین کرایەوە، هەروەها نمایشێکی گرووپی موزیکی سەرشەقام بو قوتابییانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر و گۆرانی و موزیکی کوردی بۆ کۆمەڵێک هونەرمەندی لاو پێشکەش کرا، هەر لەو چالاکییەکەدا پێشانگای هاوبەشی شێوەکاری بو قوتابییانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر خرایە بەر دیدەی بینەر و ئامادەبووانەوە. بەمەش کەرنەڤاڵەکە رەونەقی دایەوە و بووە جێی خۆشحاڵی و رەزامەندیی ئامادەبووان.
فۆتۆ: لانە نەوزاد