چراکانی نیشتمان
نەجمەدین مەلا
نەجمەدین مەلا وەك شاعیرو چیرۆكنووسو نووسەر و مامۆستا خزمەتی بەكاروانی روناكبیریو خوێندەواری كردووە.
نەجمەدین كوڕی مەلا غەفور كوڕی مەلا عەلی كوڕی مەلا برایم كە بەنەجمەدین مەلا ناسراوە ساڵی 1898 لەشاری سلێمانی لەدایك بووەو لەئامێزی خێزانێكی ئاینیی رۆشنبیرو زانستپەروەردا گەورە بووە.
لای باوكی فێری خوێندنەوەو نوسین بووەو لەسەر دەستی زانای ناودار شێخ مستەفا قازی بڕوانامەی خوێندنی ئاینی بەدەستهێناوە.
ماوەیەك وەك فەرمانبەری میری لە رانیە خزمەتی كردووە.
نەجمەدین مەلا لەسەرەتای ژیانی لاوییەوە خولیای كاری رۆژنامەنووسی بووەو وتاری ئەدەبیو شیعرو چیرۆكی فۆلكلۆریو كەلەپوری لە رۆژنامەی زاری كرمانجی بڵاو كردۆتەوە كە مامۆستا حسێن حوزنی موكریانی لەشاری رواندز دەریكردووە.
هاوكارێكی بەردەوامی رۆژنامەكانی ژینو ژیانی سلێمانی بووەو وتارو چیرۆكو شیعری تێیاندا بڵاو كردۆتەوە.
چیرۆكی لە زمانەكانی عەرەبیو فارسیشەوە وەرگێڕاوەو لەو دوو رۆژنامەیەدا بڵاوی كردونەتەوە.
ھەروەھا لە گەلاوێژ و ھیواو رۆژی نوێ و شەفەق بەرھەمەکانی بڵاوکردۆتەوە.ژیاننامەو شیعری چەند شاعیرێكی وەک کەشکۆڵ بەدەست نوسیوەتەوەو لەفەوتان رزگاری كردوون.
نەجمەدین مەلا خەمخۆری پەروەردەو خوێندن بووەو قوتابخانەیەكی تایبەتی بەناوی كەشتی نوح دامەزراندووەو مناڵانی فێری خوێندەواری كردووەو نزیكەی حەوت هەزار كەسی فێری خوێندنەوەو نووسین كردووە.
لەدوای كۆچی دوایی ژیانو بەرهەكانی لەدووتوێی چەند كتێبێكدا چاپو بڵاو كراونەتەوە.
بەداخەوە ئەم كەسایەتییە هەڵكەوتووەی كورد لە 23ی نیسانی 1962كۆچی دوایی كرد. هەرچەند وەسێتی كردبوو كە لەچیای ئەزمڕ بەخاك بەسپێردرێ، بەڵام بەهۆی هەلومەرجی ئەو كاتەوە لە گردی سەیوانی سلێمانی بەخاك سپێردراو لەدوای مۆركردنی رێكەوتنی ئازاری 1970 وەسێتەكەی جێبەجێ كراو لەرێورەسمێكی شكۆداردا لە سەر شاخی ئەزمڕ بەخاك سپێردرا.
درودی رێزو وەفا بۆ گیانی پاكو پیرۆزی مامۆستا نەجمەدین مەلای ئەدیبو روناكبیرو زانستپەروەر.