چراکانی نیشتمان
كەریم شارەزا: گەنجینەی زانیاری
كەریم شارەزا نوسەرو ئەدیبێكی دیارو گەورەی كوردستانەو نزیكەی 60 ساڵی تەمەنی بەخزمەتكردنی رشتە جیا جیاكانی كەلتوورو پەروەردەی وڵاتەكەی بەخشی.
كەریم كوڕی مستەفا ئاغا كوڕی حەمە ئاغای حەوێزی ناوی تەواوی ئەم روناكبیرەیەو بە كەریم شارەزا ناسراوە.
رۆژی 4ی ئازاری 1928لەشاری كۆیەی مەڵبەندی رۆشنبیریو هونەر لەدایك بووە.
لەكۆیەو بەغدا خوێندویەتیو ساڵی 1950 بەمامۆستا دامەزراوەو لەو بوارەدا وەك مامۆستاو بەڕێوەبەرێكی زیرەكو بەتوانا لەلایەكو وەك دانەری پرۆگرامی خوێندنی قۆناغەكانی سەرەتاییو ناوەندیو ئامادەیی لەلایەكی ترەوە ،خزمەتی زۆری بە بوارەكانی پەروەردەو زمانی شیرینی كوردیو نەوەكانی كوردستان كرد.
كەریم شارەزا هەر لەسەرەتای ژیانی لاویو لە ناوەڕاستی ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردووە خولیای ئەدەبو نوسین ئەبێو وەك نووسەرو شاعیرولێكۆڵیارو وەرگێڕ خزمەتێًكی زۆر بەكاروانی ئەدەبیو رۆشنبیریی كوردستان ئەكاتو خاوەنی سەرمایەكی گەورەی كەلتورییەو هێندە زیرەكو شارەزا بووە بەگەنجینەی زانیاری پێناسە كراوە.
مامۆستا شارەزا لەسەرەتای دامەزراندنی یەكێتیی نوسەرانی كورد بووە بەئەندامی ئەو رێكخراوەو دوو خول بەسەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی نوسەران هەڵبژێردراوەو خزمەتی زۆری بەنوسەرانو بەو رێكخراوە كردووە.
مامۆستا شارەزا ئەندامی كۆڕی زانیاری كوردو ئەكادیمیای كوردستان بووەو شوێن پەنجەی بەخزمەتی ئەو دوو دەزگا گرنگەوە دیارە.
لەسەرەتای دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستانەوە تا ساڵی 2013 وەك وەرگێڕێكی شارەزاو بەئەزموون یاساو بڕیارەكانی پەرلەمانی بەزمانێكی پاراو وەرگێڕاوە.
مامۆستا شارەزا خاوەنی بەرهەمێكی زۆری چاپكراوە كە خۆی لە 17 كتێبی بەنرخو دانسقەدا ئەبینێتەوەو چەند بەرهەمێكی دەستنوسو چاپنەكراویشی هەیە.
بەداخەوە ئەم كەسایەتییە گەورەیەی كوردستان، لە رۆژی 23ی مایسی 2015 لەتەمەنی 87 ساڵیدا كۆچی دوایی كردو له گۆڕستانی دهروێش خدری شاری كۆیه بهخاك سپێردراو چووە ریزی سەروەرانی نیشتمانەوە.
درود بۆ گیانی پاكو پیرۆزی مامۆستا كەریم شارەزای نوسەرو ئەدیبو پەروەردەكاری ناودارو ناسراوی كوردستان.