چراکانی نیشتمان
عهبدولخالق مهعروف: شەهیدی فكرو قەڵەم
عەبدولخالق مەعروف نوسەرێكی دیارو ناسراوی كوردستانەو خاوەن قەڵەمێكی بوێرو ئازاو دیدو تێڕوانینی پێشكەوتنخواز بوو، لەپێناو بیرو باوەڕە پیرۆزەكەیدا گیانی خۆی بەخشیو بووە سومبلی بیری ئازادو شەهیدی فكرو قەڵەم.
ساڵی 1935 لەناوچەی كەندیناوەی هەولێر لە بنەماڵەیەكی ئاینی له دایك بووە.
لەبواری خوێندنی ئاینیو ئاسایی خوێندویەتی.
لەتەمەنی لاوی لە ناوەڕاستی ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردوەوە چۆتە دنیای سیاسهتهوهو پەیوەندی بەپارتی دیموكراتی كوردستانە كردووە.
عەبدولخالق مەعروف خولیای زانستو تەكنیك بووەو ساڵی 1960 ئیزگەیەكی رادیۆی له بهغدا دروست كرد. ساڵی 1963 بەشداری شۆڕشی ئەیلولی كردو رۆڵی دیاری هەبوو لەدانانی ئیزگەی شۆرشو لەو بوارەدا خزمەتی زۆری كرد.
لەشۆڕشی نوێشدا سەرباری ئەوەی پشكۆی كوڕی پێشمەرگەو ئەندازیاری ئیزگەی دەنگی گەلی كوردستان بوو لەبەرگەڵو، خۆشی هاوكارێكی دڵسۆزی شۆڕشو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، بەنهێنی ئەركی دانانی ئێزگەیهكی شۆڕشی نوێی گرتۆتە ئەستۆو پێداویستییەكانی بۆ دابین كردووە.
عەبدولخالق مەعروف خاوەنی چەندین كتێبی زانستیو فكرییە. كتێبی (ئادەمیزاد لەكۆمەڵی كوردەواریدا) بەدیارترین كتێبی فكری ئەو دادەنرێتو لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، گروپە ئیسلامییە توندڕەوەكان نوسەری ئەو كتێبەیان بەلادەر لەئیسلام لەقەڵەم داو دژایەتی خۆیان بۆ دەربڕی.
ئاماژەش بەدەكرێت كە تیرۆركردنەكەی پەیوەندی بەبۆچونەكانی ناو دووتوێی ئەو كتێبەوە هەبووە.
بەداخەوە دەستی رەشی تیرۆر گەیشتە خاوەنی ئەم قەڵەمە ئازایەو لە10ی نیسانی1985 لەشاری هەولێر شەهیدیان كرد. بەڵام ناوو ناوبانگو بیرو بۆچونە پێشكەوتنخوازەكانی هەمیشە وەك چرایەكی پرشنگدار دەمێننەوە.
درود بۆ گیانی پاكی مامۆستا عەبدولخالقی شەهیدی فكرو قەڵەم.