رۆژى دووشەممە (٢٥-٢-٢٠١٩) لە دیوانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، بەڕێز (خەلیل عەبدوڵا)، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان، بەنوێنەرایەتی وەزیری رۆشنبیری و لاوان و بەیاوەریی بەڕێز (فەرهەنگ غەفوور) بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، پێشوازییان کرد لە خاتوو (ئەنگێ کۆتی)، کە بە نوێنەرایەتی رێكخراوێکی فەرەنسی سەردانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی رۆشنبیری کردووە.
لە دانیشتنێکدا کە هونەرمەند سەید ئەحمەد رواندزی ئامادەی بوو، بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوان کرا و خۆشحاڵی دەربڕا بە هاتنی هەموو ئەو شاندانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان خزمەت بە هونەرمەندان و بواری هونەر و رۆشنبیری لە هەرێمی کوردستاندا دەکەن.
لای خۆیانەوە خاتوو ئەنگێ، مەبەستی هاتنیانی بۆ هەرێمی کوردستان روون کردەوە، کە ئەوان سندووقێکیان هەیە بەناوی سندووقی (robertocimetta fund)، کە بەناوی کەسایەتییەکی هونەرییانەوەیە و هەر ساڵێ لە وڵاتێک پرۆژە و کاری هونەری بۆ هونەرمەندانی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدەن و هاوکاریی کەسانی داهێنەر لە بورای هونەریدا دەکەن، بۆ ئەمساڵ نیازیان وایە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان پرۆژەیەکی هونەری، یان هاوکاریی داهێنانی هونەری بۆ دوو هونەرمەندی کورد ئەنجام بدەن. ئەمەش وەک پشتگیریی کولتووری و پەرەپێدانی کولتوورەکان لە سەرانسەری جیهان. بڕیاریش وایە سەردانەکان بۆ هەولێر دوو رۆژ بخایەنێ.