FacebookMySpaceTwitterGoogle Bookmarks

كەریم كابان، پیاوێک لەپەڕەی گوڵ

چراکانی نیشتمان 
كەریم كابان، پیاوێک لەپەڕەی گوڵ
ن:خەلیل عبدوڵڵا

كەریم كابان هونەرمەندێكی گەورەی كوردستانە‌و خزمەتی زۆری بەكاروانی هونەریی گۆرانیی كوردی كردووە‌و شوێن پەنجەی بەنوێكردنەوەو گەشەپێدانی ئەو هونەرەوە دیارە.
(كەریم جەلال مەحموود) ناوی تەواوی ئەم هونەرمەندەیە‌و بە كەریم كابان ناسراوە.
ساڵی 1927 لە گەڕەكی مەڵكەندیی شێخانی شاری سلێمانی لەدایك بووە.
مامۆستا كەریم لەئامێزی بنەماڵەی كاباندا گەورە بووە، كەبنەماڵەیەكی دیارو ناسراوی شاری سلێمانین‌و چەندین كەسایەتیی گەورەی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و روناكبیری‌و هونەرییان تێدا هەڵكەوتووە‌و خزمەتێكی زۆریان بەكاروانی تێكۆشانی كوردایەتی‌و هونەری‌و روناكبیری كردووە.
مامۆستا كەریم كابان رۆڵەی ئەو ماڵباتە رۆشنگەر‌و روناكبیرەیە‌و لەژێری شەپۆلی كاریگەری ئەوان بەگشتی‌و خانەوادە دەنگخۆشەكەیدا بەتایبەتی پەروەردە بووە، هەر لەقۆناغی خوێندنی سەرەتاییەوە خولیای هونەری گۆرانی بووە‌و بەشداری چالاكییە هونەرییەكانی قوتابخانەكەی كردووە.
ساڵی 1941 یەكەم گۆرانی وتوە. رادیۆی ئینگلیزەكان لەسلێمانی‌و رادیۆی كوردی بەغدا‌و رادیۆی شۆڕشی ئەیلول سێ‌ دەروازەی گرنگ بوون بۆ ئەوەی دەنگی كابان سنوری شارەكەی ببڕێت‌و لەسەرانسەری كوردستانی گەورەدا دەنگ بداتەوە.
دواتریش لەرێی تیپی مۆسیقای سلێمانی‌و كەناڵەكانی دیكەی دەنگ‌و رەنگی میدیا‌و بەهۆی دەنگە بەسۆز‌و رەسەنەكەیەوە، زیاتر ناسراو جێگەی لەدڵ‌و دەروونی خەڵكی كوردستاندا كردەوە.
ئەم هونەرمەندە گەورەیە سەرباری خزمەت‌و بەخششە زۆرەكانی لەكایەی هونەردا، لەمەیدانی تێكۆشانی كوردایەتیشدا شوێنی دیارە‌و پیاوێكی كوردپەروەر‌و بەهەڵوێست بووە‌و هەر بۆیەش رووبەڕووی راونان‌و نەفیكردن بۆتەوە، بەڵام ئەوانە كۆڵیان پێنەداوە‌و لەگەڵ كاروانی تێكۆشانی كوردایەتی لەشار‌و شاخ رێی كردووە‌و خۆشترین گۆرانییەكانیشی (یاران وەسێتم‌و شەو) لەسەردەمی شاخ‌و لەرێی تیپی مۆسیقا‌و رادیۆی شۆڕشەوە پەخشكران‌و خەڵكی كوردستانیان سەرسام كرد.
ئەگەرچی مامۆستا كەریم كابان دەرچووی هیچ دەزگا‌و دامەزراوەیەكی هونەری نەبووە‌و نزیكەی بیست گۆرانیشی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خاوەن دەنگێكی رەسەن‌و ئەفسوناوی‌و خاوەن سەلیقە‌و ستایلی تایبەتی خۆی بوو، بووە ئەو هونەرمەندە گەورەیەی كەجێی شانازیی هەموان بێت.
بەداخەوە ئەم هونەرمەندە گەورەیەی كوردستان لە رۆژی 14ی كانوونی دووەمی 2016 لەشاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد.
بەڵام بەهۆی خزمەت‌و گۆرانییە خۆش‌و دەنگە بەسۆزەكەیەوە هەمیشە بەنەمری ئەمێنێتەوە.
درودی رێزو وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی كابانی هونەرمەندی مەزن.
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

ناونیشان

ناونیشان: هەرێمی کوردستان-هەولێر

شەقامی شەست مەتری - چوارڕیانی عیزەدین فەیزی

سۆسیال میدیا

پەیوەندی

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان سەبارەت بە هەر کارێکی پەیوەست بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان یا هەر فەرمانگەیەکی تری سەر بە وەزارەت دەتوانن پرسیارو داواکاری و سکاڵاکانتان لە رێگەی ئەم فۆرمەوە بنێرن

 
: هەولێر - شەقامى شەست مەترى
: 9640662568255
  نامەکە نەگەیشت.   نامەکەت گەیشت.