بەرێز سەرکونسڵى کۆریای باشوور لە هەرێمى کوردستان
ئامادەبووان و میوانانى بەرێز
بەخێرهاتنى گەرمتان دەکەین , بۆ شاری سلێمانى پایتەختى رۆشنبیریی هەرێمى کوردستان.
خۆشحاڵ و بەختەوەرین , لە پانزەیەمین ساڵیادى هاتنى تیپى زەیتونى کۆریای باشور بۆ هەرێمى کوردستان , بەشدارى ئەم کەرنەڤاڵە ڕازاوەیە دەکەین کە دووەم فیستیڤاڵى کلتوری (کوردى - کۆرى)ە لە شارى سلێمانى و لە لایەن کۆنسڵخانەى کۆریای باشور لە هەولێر و بە بەشدارى کۆمەڵگەی پەروەردەیی کوردستان و بەهەماهەنگى حکومەتى هەرێم ڕێکخراوە .
بەهیواى ئەوەى ئەم فیستیڤاڵە ببێتە هاندەر بۆ بەهێزکردنى زەمینەى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى کۆریاى باشور , کۆریاى باشور وەک یەکێک لە دەوڵەتە پێشکەوتوو پێشەنگەکانى ئاشتى و پەرەپێدان لە کیشوەرى ئاسیا و سەرتاسەرى جیهان , کۆرییەکان لە رۆژى هاتنیانەوە بۆ کوردستان لە دواى ساڵى (٢٠٠٣)وە , کاریگەرى و جێگەى دەستى خۆیان دانا لە بنیاتنانى پرۆژەکانى ئاوەدانى و خزمەتگوزارى .
گەلى کوردستان بەرێزەوە دەڕواننە هاوکارى و خزمەتەکانى کۆریای باشور , یەکێک لەو هاوکاریانە ئەم کۆمەڵگا پەروەردەییەیە, کە ئێستا ئەم فیستیڤاڵەى لە ئامێزگرتووەو یەکێکە لە پێگەو پایە گرنگەکانى زانست و پەروەردە لە شارى سلێمانى و هەروەها لە هەڵەبجەش .
ئەم فیستیڤاڵە زیاتر ئاشنامان دەکات بە کلتورى کۆریای باشور و گوزارشت لە دۆستایەتى و پەیامى پێکەوە ژیان و هاوکارى نێوان هەردوولا لە بوارى پەروەردەو کلتوریدا دەکات.
گەلە رۆژهەڵاتیەکان لە سەرجەم ئەم بوارانەدا خاڵى هاوبەش پێکەوەیان دەبەستێتەوە , هەروەها مایەی خۆشحاڵیەکى زۆرە ئەم چالاکیە هاوبەشەى کۆریاى باشور و هەرێمى کوردستان بۆ دووەم ساڵە لە شارى سلێمانى پایتەختى رۆشنبیرى کوردستان سازدەکرێ , بۆ ئەوەى ئێرەش هاوشێوەى هەولێرى پایتەخت و ناوچەکانى ترى کوردستان بە کلتورى مرۆڤدۆستانەى گەلى کۆریا ئاشنابن .
حکومەتى هەرێمى کوردستان دەخوازێت پەیوەندییەکانى لە سەر سێ ئاست لە گەڵ وڵاتى کۆریا گەشە پێبدات:
یەکەم : لە ڕووى ئابوورى و بازرگانیەوە , هەرێمى کوردستان گرنگى تایبەت دەدات بە پتەوکردنى پەیوەندیە ئابورى و بازرگانییەکانى لەگەڵ کۆریاى باشوور , بەدڵنیایشەوە پێشوازى لە هاتنى وەبەرهێنەرانى کۆریاى باشور دەکات بۆ هەرێمى کوردستان.
دووەم : هەرێمى کوردستان پێویستى بەوەیە کە کەڵک وەربگرێ لە ئەزموونى دەوڵەمەندى گەشەسەندووى ئابوورى و زانستى و تەکنەلۆژی,هیوادارین لەم ڕوەوە زیاتر هاوکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان بن.
چونکە وڵاتى کۆریا لەم ڕوەوە ئەزموونێکى گەورەو دەوڵەمەندى هەیە , کە نە نەوت و نە سامانێکى سروشتى گەورەى هەبووە . کەچى بە پلان و ستراتیژى گونجاو توانیان لە ماوەى چەند دەیەیەکدا وڵاتەکەیان بکەن بە وڵاتێکى خاوەن ئابوورى بەهێز لە سەر ئاستى جیهان , هەر بۆیە ئێمە زۆر پیویستیمان بەو ئەزموونەى ئەوان هەیە.
سێیەم :
پەرەپێدانى پەیوەندی کلتورى و هونەرى, لێرەدا چالاکییەکانى تیپى زەیتوون هەروەها بزوتنەوەى دۆبلاژ و وەرگێرانى فیلم و دراما کۆریەکان , لەم ساڵانەى دواییدا ڕۆڵێکى بەرچاویان بینیوە لە ئاشنابوونى گەلى کورد بەکلتورى گەلى کۆریا , هەرچەندە لە ڕووى جوگرافیەوە کوردستان و کۆریا لێک دوورن , بەڵام هەر بە سەیرکردنى فیلم و دراما کۆریەکان بۆمان دەردەکەوێت لە ڕووى کلتووریەوە لێک نزیکى هەیە لە نێوان کلتورى کورد و کۆریادا.
لە کۆتایدا دەڵێن ئاوێتەبوونى شعرو تێکەڵبوونى گۆرانى و بەستەى هەردوو گەلى کورد و کۆریا لە گەڵ ئاوێزان بوونى سەمای باوەشێن و هەڵپەرکێی کۆریدا , هەڵگرى پەیامى ئاشتى و بانگەوازى ژیان دۆستییە بۆ هەردوو لا.
نمایشەکانى تایکواندۆش کە کۆریەکانى لە ناو گەلانى تردا پێ دەناسرێتەوە, هێندەى تر فیستیڤاڵەکە ڕازاوەتر دەکات.
هیوادارین ساڵانى ئایندە زیاتر پەرەبدەین بەم جۆرە چالاکیانە. لەوەش گرنگتر هیوادارین بتوانین لە ساڵانى داهاتوودا لە وڵاتى کۆریاى باشور ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە بەرێوەببەین , بۆ ئەوەى گەلى کۆریاش ئاشنا بکەین بە کلتورى جوان و دەوڵەمەندى گەلى کوردستان.
بۆیە لێرەشەوە داوا لە بەرێز سەرکۆنسوڵى کۆریاى باشوور لەهەرێمى کوردستان دەکەم , بۆ ئەم مەبەستە لە گەڵ وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان , پێکەوە پلانى بۆ دابنێن.
لە کۆتایدا دووبارە بەخێرهاتنى هەموو لایەک دەکەین , میوانانى ئازیز لە سلێمانى و شارو شارۆچکەکانى ترى کورستانەوە.
بە بەرێزان سەرکونسوڵ لە هەولێر و ستافەکەى دەڵێن کوردستان بە وڵاتى دووەمى خۆتان بزانن , خزمەت و دەست پێش خەریەکانى ئێوە جێگەى پێزانین و نرخاندنى ئێمەیە.
هەر شادو سەرکەوتووبن
سڵاو بۆ هەردوو گەلى کوردو کۆریاى باشوور.
محمد سەعید على
وەزیرى رۆشنبیرى و لاوان
٥/٨/٢٠١٩