دەربارەی چراکانی نیشتمان بخوێنەوە
چراكانی نیشتمان
ناوی كتێب: چراكانی نیشتمان
نووسەر: خەلیل عەبدوللا نووسەر
لە پێشەكی كتێبە كەیدا نووسیویەتی:
دوای ئەوەی لەمانگی ئازاری 2015 وەك بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی رۆشنبیریو لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەكار بووم. بەپێویستم زانی گۆشەیەكی تایبەت بەبواری كلتووری لەئەكاونتی خۆم لەفەیسبوك بكەمەوە. گۆشەكەم بەناوی رۆژژمێری رۆشنبیری كردەوە بۆ یادكردنەوەو تیشك خستنە سەر ژیانو بەرهەمەكانی كەسایەتییە كلتوورییەكانو هەندێ رۆژنامەو گۆڤارو دەزگای كۆنی میدیاییو روناكبیریی كوردی. پاش ئەوەی چەند گۆشەیەكم لەئەكاونتی خۆم لەفەیسبووك بڵاو كردەوە، سەرنووسەرو بەڕێوەبەری نووسینی رۆژنامەی كوردستانی نوێی ئازیز بەسوپاسەوە بەپەسەندیان زانی كە گۆشەكە لەكوردستانی نوێ بڵاو بكرێتەوە، زۆربەی ئەو گۆشانەی لە دووتوێی ئەم كتێبەدا چاپكراون لەو رۆژنامەیە بەبایەخەوە بڵاو كراونەتەوە.لەبەر ئەوە لەدڵەوە سوپاسیان ئەكەم. لەئازاری 2015ەوە بەبەردەوامی ئەو گۆشەیە ئەنووسم،كۆكردنەوەی ئەو مەڵۆ و شارایانە دروستبوونی خەرمانێكی گەورەی كلتووری لێكەوتەوە. هەر بۆیەش بەپێویستم زانی لەدوو توێی كتێبێكدا چاپی بكەم، بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەك بۆ خوێنەرانو ئەو كەسانەی بایەخ بەخوێندنەوەی بابەتە كلتورییەكان ئەدەن، ئەوەش وەك ئەركێك لەپێناو خزمەتكردن بەكتێبخانەی كوردی. كتێبەكەشم ناونا(چراكانی نیشتمان)،وەك رێزلێنانێك لەو كەسایەتییە كلتورییانەی لەقۆناغە جیا جیاكاندا بەبیری رۆشنو بەرهەمەكانیان وەك چرای داگیرساو كوردستانیان روناك كردەوە. هەروەك شاعیری گەورەی كورد (بێكەس) ئەڵێ: چراغی فیكری رووناكی لەهەر شوێنێ كە داگیرسا شەوی تـــــاریكی وەك رۆژە، خەراباتی گوڵستانە لەكۆتاییدا بەپێویستی ئەزانم كەسوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە بكەم كە هەر یەك بەشێوەیەك هاوكارییان كردم بۆ ئەوەی ئەم كتێبە چاپو بڵاو بكرێتەوە، بەتایبەت: *بەڕێز خالید دۆسكی وەزیری رۆشنبیریو لاوان كە رەزامەندی نیشان دا ئەم كتێبە لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری چاپ بكرێ. * نوسەری گەورەو ناسراو بەرێز مامۆستا (عومەر مەعرووف بەرزنجی) كە لەرێی تەلەفۆن یاخود بینینەوە زانیاری بەسوودی دامێ لەسەر هەندێ لەو كەسایەتییە كلتوورییانە. * هونەرمەندی گەورەی شێوەكار بەڕێز (د.رێبوار سەعید) كە نیگاری بەرگی كتێبەكەی بۆ كێشام. * بەڕێزان ستران عەبدوڵڵا سەرنووسەری كوردستانی نوێو محەمەد كەریم بەڕێوەبەری نووسینو مەریوان مەسعود ئەندامی دەستەی نووسەران كە هاوكاری بڵاوكردنەوەی گۆشەكە بوون لەرۆژنامەی كوردستانی نوێ. * بەڕێزان محەمەد كوردۆ بەڕێوەبەری راگەیاندنو چاپو بڵاوكردنەوەی سلێمانیو زانا كەمال بەرپرسی چاپ و نەخشەسازی و كۆمپیوتەر كەهاوكاری پێداچونەوەو رێكخستنو دیزاینكردنی كتێبەكە بوو. *سوپاس بۆ هەر كەسێكی تر گەر بەوشەیەكیش هاوكاری كردبم. پیرەمێردی نەمریش ئەڵێ: فەزڵو هونەر لەناو تەمو غەما دیار ئەبێ شەوقی چرا لەگەڵ شەوی تارا بەكار ئەبێ
بەشە سەرەکییەکان
0
حکومەتى هەرێمی کوردستان - عێراق
وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان
بەڕێوەبەرایەتى گشتى راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە
رێنمایى ژمارە (1)ى ساڵى 2014
رێنمایی رێکخستنى فریکوانسى سپەیس
لەهەرێمى کوردستان
(مۆڵەتى کارى وێستگەکانى رادیۆ و TV )
(ترخیێ عمل محگات الاژاعە و التلفزە)
هەرێمى کوردستان - کانوونى دووەم 2014
ناوەرۆک
o ماددەى یەکەم : بەکارهێنانى فریکوانسى سپەیس .
o ماددەى دووەم : بوارەکانى جێبەجێکردنى ئەم رێنماییە .
o ماددەى سێیەم : میکانیزم و مەرجەکانى مۆڵەت .
o ماددەى چوارەم : مۆنیتەرینگ .
o ماددەى پێنجەم : سەرپێچیکردن .
o ماددەى شەشەم : باجى مۆڵەت .
o ماددەى حەوتەم :
o ماددەى هەشتەم : پێوەرە گشتییەکانى ریکلام و بانگەشەکردن .
o ماددەى نۆیەم : پێوەرەگشتییەکانى بەکارهێنانى SMS .
o ماددەى دەیەم : جێ بەجێ کردن و بڵاوکردنەوى رێنماییەکە لە لە رۆژنامەى وەقایعى کوردستان .
o هۆکانى پێویستى دەرکردنى ئەم رێنماییە .
پاڵپشت بە ماددەى (دووەم / برگەى 9) لە یاساى وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان ژمارە (12) ى ساڵى 2010 و یاساى کارى رۆژنامەگەرى ژمارە (35) ى ساڵى 2007 دەرچوو لە پەرلەمانى کوردستان/عێراق کە ئاماژەى کردووە بە پێناسەى رۆژنامەنووس و رۆژنامەگەرى ، بەو پێوانەیەى کە رۆژنامەگەرى بریتییە لە پیشەى کارى رۆژنامەنووسى لە دەزگا جۆراوجۆرەکانى میدیا و رۆژنامەنووسیش ئەو کەسەیە کە کارو پیشەکەى لەدەزگا جۆراوجۆرەکانى راگەیاندندا ئەنجام دەدات ، بڕیارماندا بەدەرکردنى ئەم رێنماییە تا ئەو کاتەى یاسایێکى سەرتاسەرى تایبەت بە راگەیاندن لەهەرێمى کوردستاندا دەردەچێت کار بەم رێنماییە دەکرێت .
ماددەى یەکەم :
بەکارهێنانى فریکوانسى سپەیس (الگیف الترددی)
حکومـــــەتى هـــــەرێمــــى کـــوردســـــــتان بــــۆ بەکــــــــــــارهێنان لـــــــــــە بــــــوارى (فریکوانسى سپەیس the frequency spectrum) ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەکات :
1- (فریکوانسى سپەیس the frequency spectrum) سامانیکى سروشتییە هاوشێوەى سامانە سروشتییەکانى ترى ژێرزەوى و سەرزەوى و ژێرئاو ، ئەو سامانە پێچەوانەى سامانە سروشتییەکانى تر سنوورەکەى بۆ هەموو وڵاتان دیاریکراوەو بە یەکسانى وەکو یەک.
2- هەر میدیایەک کە رێگەى پێدرا فریکوانسییەک بەکار بهێنێت ، ئەوا نابێتە خاوەن فریکوانسییەکە بەڵکو میدیاکە بەکاربەرى فریکوانسییەکەیە بۆ ماوەیەکى دیاریکراو و بەپێى یاساو رێنماییەکان ، لەبارى فرۆشتنى میدیاکە، بەهیچ شێوەیەک فریکوانسیەکە نافرۆشرێ و بازرگانى پێوە ناکرێت.
3- (فریکوانسى سپەیس) وەکو هەر سامانێکى ترى نیشتمانییە ، دەخرێتە بوارى وەبەرهێنان لەپێناو بەرزکردنەوەى داهاتى نیشتمانی .
4- مەرج نییە هەر میدیایەک بە تەنها خاوەنى یەک (فریکوانسى) بێت بەڵکو بەپێى پێویست رێکدەخرێت ، بەجۆرێک لە هەندێک باردا چەند میدیایەک هاوبەش دەبن لە هەمان (فریکوانسى) بەڵام لەکاتى جیاجیادا.
5- ئەم سستەم و رێنماییانە دەبنە هاوکار و تەواوکەرى کارى دامودەزگا یاساییە فیدراڵییەکان و یاساکانى حکومەتى فیدراڵى بەتایبەتیش دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى عراق (CMC) .
6- حکومەتى هەرێمى کوردستان رێز لە بڕیار و راسپاردەکانى یەکێتى نێودەوڵەتى بۆ پەیوەندییەکان (ITU) دەگرێت و هانى حکومەتى فیدراڵیش دەدات کە ئیمزا لەسەر گشت ئەو بڕیارو راسپاردەو رێککەوتنە نێودەوڵەتییانە بکات کە تاکو ئێستا نەکراوە.
7- لەسەر دوایین راسپاردەى یەکێتى نێودەوڵەتى بۆ پەیوەندییەکان (ITU) کە خوازیارە تا کۆتایی ساڵى 2014 پەخشى لۆکاڵى ئەنەلۆک لە جیهاندا نەمێنێت یاخود کەمبێتەوە، حکومەتى هەرێمى کوردستانیش هەوڵدەدات بۆ پراکتیزەکردنى ئەم راسپاردەیە کە لەقازانجى ئاستبەرزى و کوالێتى میدیا بیستراو و بینراوەکاندا دەشکێتەوە.
8- حکومەتى هەرێمى کوردستان هانى ئەو کۆمپانیا ناوخۆ و بیانییانە دەدات کە کارى پەخشکردن ئاسان دەکەن بەتایبەتى لە بوارى کۆکردنەوەى گشت رایەڵەکانى بیستراو و بینراو لەپەخشێکى هاوبەشدا (پەخشى چەپک) بەمەرجێک ئاستێکى بەرز لە دەنگ و رەنگ پێشکەش بکەن و لەچوارچێوەى یاسادا مافەکانى کۆپى رایت بپارێزن.
ماددەى دووەم :
بوارەکانى جێبەجێکردنى ئەم سیستەم و رێنماییە
ئەم رێنماییانە لەجێبەجێکردندا ئەو بوارانە دەگرێتەوە :
1- رادیۆ (لۆکال ، سەتەلایت ، وێستگەکانى سەرلەنوێ پەخشکردنەوە).
2- تەلەفزیۆن (لۆکال ، سەتەلایت ، وێستگەکانى سەرلەنوێ پەخشکردنەوە).
3- تاوەر و وێستگەکانى پەخشى هاوبەش و چەپک ( باقە) تەلەفزیون و رادیۆ.
4- کۆمپانیاکانى تایبەت بە بوارى ریکلامکردن .
5- کۆمپانیاکانى بوارى فرۆشتن و بەکرێدانى فریکوانسى سەتەلایت.
6- کۆمپانیاکانى فرۆشتنى ئامێرى پەخش و تاوەر و SNG جێگیر و جوڵاو.
7- کۆمپانیاکانى دۆبلاژکردن و بڵاوکردنەوەى بەرهەمە تەلەفزیۆنى و رادیۆییەکان .
8- نوسینگەى رادیۆ و کەناڵە بیانى و عەرەبییەکان .
9- سکرینى ریکلامکردنى گەورەى سەرشەقامەکان.
10- پەخشى تەلەفزیۆنى دیجیتاڵ DVB-T .
ئەم رێنماییە ئەم بوارانە ناگرێتەوە :
1- گشت ئەو فریکوانسیانەى کە تایبەتن بە سستەمەکانى پەیوەندیکردنى بێتەل لەبوارەکانى سەربازى و پێشمەرگە و هێزەکانى ئاسایش و ناوخۆ.
2- فریکوانسیەکانى تایبەت بە پەیوەندییەکانى تاوەرى چاودێریکردن لەفڕگە مەدەنی و کشتوکاڵى و سەربازییەکاندا .
3- فریکوانسیەکانى تایبەت بە پێدەرەکانى خزمەتگوزارى پەیوەندیکردن .
4- فریکوانسیەکانى تایبەت بە پێدەرەکانى خزمەتگوزارى ئینتەرنێت .
ماددەى سێیەم :
میکانیزم و مەرجەکانى مۆڵەت
بڕگەى یەکەم : میکانیزمى مۆڵەتدان
1- وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان بەرپرسە لە بەخشینى مۆڵەتى کارکردنى میدیاى بینراو و بیستراو لە هەرێمى کوردستاندا بەهاوکارى و هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆ و وەزارەتى گواستنەوەو گەیاندن .
2- خاوەندارى میدیا یاخود لایەنى مەعنەوى کەخاوەنى میدیایە لەوەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان فۆرمى داواکارى دامەزراندنى میدیاى بیستراو و بینراو پڕ دەکاتەوە کەتیایدا بەڕوونى و بەدرووستى ئەم زانیارییانە تۆمار دەکات کە لەفۆرمەکەدا هاتووە (هاوپێچى ژمارە 1 – فۆرمى داواکارى).
3- پێویستە هەردوو وەزارەتى هاوکار (وەزارەتى ناوخۆ و وەزارەتى گواستنەوەو گەیاندن) لە ماوەى کەمتر لە 60 رۆژ وەڵامى داواکارییەکە بدەنەوە کە لەرێى وەزارەتى رۆشنبیرییەوە ئاراستەیان دەکرێت.
4- سەرپەرشتیکردنى لایەنە تەکنیکیەکانى پەخشکردن بە رێنماییەک لە لایەن وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنەوە دەردەچێت و دەدرێت بە گشت میدیاکانى بیستراو و بینراو.
5- مۆڵەتپێدان بۆماوەى یەک ساڵەو پێویستە لەکاتى خۆیدا نوێ بکرێتەوە بەپێچەوانەوە لایەنى میدیا دووچارى لێپرسینەوەى یاسایی دەبێت .
6- لەکاتى لادان و سەرپێچیکردن لەرێنماییە یاساییەکانى ئەم سستەم و رێنماییەدا، میدیا سەرپێچیکەرەکان دووچارى لێپرسینەوە دەبنەوە .
7- هەر میدیایەک دواى وەرگرتنى مۆڵەت پێویستە لەماوەى 90 رۆژدا پەخشى ئەزموونى خۆى بکات بەپێچەوانەوە مۆڵەتەکەیان بە هەڵوەشاوە هەژمار دەکرێت ، هەروەها لەبارى وەستانى پەخش پێویستە وەزارەتى لێ ئاگاداربکرێتەوە بە پێچەوانەوە دواى 90 رۆژ لە وەستانى پەخش مۆڵەتەکەى هەڵدەوەشێتەوە.
بڕگەى دووەم : مەرجەکانى خاوەندارى :
مۆڵەتپێدان بە دەزگاکانى راگەیاندنى بیستراو و بینراوى ناوخۆیی و جیهانی بەم مەرج و تایبەتمەندییە یاساییانە دەبێت :
1- تەمەنى خاوەنى میدیاکە لەسەرووى 25 ساڵیدا بێت.
2- پێویستە خاوەندارى میدیاکە لەهەرێمى کوردستاندا (کەسێتى یاسایی) هەبێت ئەگەر خاوەنداریەکە بۆ لایەنێکى مەعنەوى بوو وەکو پارت و کیان و جوڵانەوە سیاسیەکان و کۆمپانیاو دامەزراوەکانى ترى کۆمەڵگەى مەدەنى، پێویستە ئەو لایەنانە مۆڵەتى یاسایی کارکردنیان لە هەرێمى کوردستاندا هەبێت .
3- خاوەندارى میدیاکە (کەسان بن یان لایەنى مەعنەوى) ئەگەر خەڵکى بیانى بوون پێویستە بەلایەنى کەم بۆشەش مانگ بەڵگەو رێگەپێدانى مانەوەیان بەفەرمى لە هەرێمى کوردستاندا هەبێت .
4- دواى وەرگرتنى مۆڵەت هەر گۆڕانکارییەک لەخاوەنداریەتى میدیاکەدا بکرێت پێویستە پێشتر وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوانى لێ ئاگاداربکرێتەوەو رەزامەندى بۆ خاوەندارییە نوێیەکە وەربگیرێت .
5- پێویستە خاوەندارى میدیاکە بە فەرمى سەرمایەکەى بەمشێویە تۆماربکات :
- بۆ خاوەنى سەتەلایت لە 50 ملیۆن دینارى عێراقى کەمتر نەبێت .
- بۆ خاوەنى پەخشى چەپک (باقە) و پەخشى سستەمى (DVB-T) لە 30 ملیۆن دینارى عێراقى کەمتر نەبێت.
- بۆ خاوەنى تەلەفزیۆنى لۆکاڵ لە 25 ملیۆن دینارى عێراقى کەمتر نەبێت.
- بۆ خاوەنى رادیۆ لە 15 ملیۆن دینارى عێراقى کەمتر نەبێت .
6- خاوەندارى میدیاکە پێویستە راوێژکارێکى یاسایی یان پارێزەرێک دەستنیشان بکات بۆ راوێژى یاسایی و کاروبارى یاسایی میدیاکەى .
7- بۆ خاوەندارییە بیانییەکان پێویستە بەلانى کەم 50% کارمەندانى میدیا و نوسینگەکانیان لە هەرێمى کوردستاندا هاوڵاتى هەرێمى کوردستان بن.
8- نابێت دوو دامەزراوەى راگەیاندن هەمان ناویان هەبێت و هەروەها نابێت هەڵگرى هەمان ناوى میدیاى ترى جیهانى بێت تەنها لەبارى وەرگرتنى ئیمتیاز نەبێت ئەویش پێویستە بەشێوەیەکى یاسایی و راستەوخۆ بێت لەنێوان خاوەنى میدیاکەو میدیا جیهانییەکە.
9- دواى وەرگرتنى مۆڵەتى فەرمى ، پێویستە خاوەندارى میدیاکە لە دادنووسدا لۆگۆ و ناوى میدیاکە و خاوەندارى کەناڵەکەیان بەشێوەیەکى یاسایی تۆمار بکات .
10- خاوەنى میدیاکە پێویستە ئەندازیارێک دابمەزرێنێت کەتایبەتمەندى هەبێت لەیەکێک لەم بوارانەدا (گەیاندن ، کارەبا ، ئەلیکترۆنیک) یاخود کەسانێک بێت کەخاوەن ئەزموون بن و زیاتر لەخولێکى برۆفیشناڵیان لەو بوارەدا بینیبێت و بەلایەنى کەم هەڵگرى بڕوانامەى دواناوەندى بێت.
11- مەرج نییە خاوەنى میدیاکە کەسێکى میدیاکاربێت بەڵام پێویستە بەڕێوەبەرێک بۆ میدیاکەى هەڵبژێرێت بەلانى کەم پێنج ساڵ ئەزموونى لەبوارى میدیادا هەبێت.
بڕگەى سێیەم : مەرجەکانى کوالێتى راگەیاندن و پەخشکردن :
ا - لایەنى کوالێتى راگەیاندن :
پێویستە میدیا بینراو و بیستراوەکان رەچاوى ئەم خاڵانە بکەن :
1- زیان نەگەیاندن بە نەریت و بەرژەوەندى گشتى لەچوارچێوەى یاسا کارپێکراوەکانى هەرێمى کوردستاندا.
2- دوور کەوتنەوە لەتێکدانى ئاشتەوانى کۆمەڵایەتى و خێزان .
3- پەخشنەکردنى ئەو بەرنامەو بڕگانەى کە هانى جیاکارى رەگەزى و توندڕەویی و دەمارگیریی دەدەن لەهەموو بوارەکانى ژیاندا (ئاینى و تایفەگەرى و نەتەوەیی و ناوچەگەریی).
4- دوورکەوتنەوە لەبەرپاکردنى قەیرانى ئابوورى و شڵەژاندنى بازاڕە ناوخۆییەکان.
5- پەنانەبردنەبەر تەشهیرکردن و جنێودان و بێزار (تحقیر)کردنى کەسان ، یاخود لایەنە مەعنەوییەکان .
6- بڵاونەکردنەوەى هەواڵ و زانیارى بێ بنەما و دوور لەراستى بەبێ بوونى بەڵگە.
7- بڵاونەکردنەوەى هیچ هەواڵێک کە پێشێلى ئازادى تاکەکان بکات .
8- نەشێواندنى زمانى کوردى و پەیوەستبوون بەسەرچاوەو بنەما سەرەکییەکانى زمانى کوردى.
9- پابەندبوون بەو یاساو رێسایانەى کەمافی بیرمەندى و داهێنان و (کۆپى رایت) دەپارێزن بەتایبەتى یاساى ژمارە (17)ى ساڵى 2012 (یاساى مافى دانەر و مافە هاوسێکانى لە هەرێمى کوردستان).
10- پابەندبوون بەو سستەمەى کە نیشاندانى فیلم بە پێى تەمەنەوە پۆلین دەکات کە (-12) و (- 16)یە، لەبارى نەبوونى هیج ئاماژەیەک بۆ تەمەن ماناى ئەوەیە کە فیلمەکە یان بەرنامەکە بۆ گشت تەمەنەکان شیاوە.
تێبینى : پێویستە هەموو کەناڵەکان پابەندبن بە پۆلێنکردنى بەرنامەو فیلمە نیشاندراوەکانیان بەسوود وەرگـــــــرتن لەو پۆلێنکردنەى کە ئەنجومەنى بەریتانی بۆ پۆلێنکردنى فیلم (British Board of Film Classification (BBFC)) بەپێى تەمەنى تەماشاکاران دیاریکردووە، هەروەها پێویستە لەسەر کەناڵەکان کە ئەو فیلمانەى کە بۆ بینەرانى تەمەنى سەرووى 16 ساڵییەوەیە دواى کاتژمێر 10ى شەو نیشانبدرێت و دووبارەکردنەوەکەشى نەکەوێتە کاتى بەیانیان یان دواى نیوەرۆ و ئێواران.
بەهیچ شێوەیەک رێگا نادرێت ئەو فیلمانەى کە پۆرنۆگرافین یاخود توندوتیژى لەرادەبەدەر(العنف المفرگ - Excessive violence)یان تێدایەو دەکەونە خانەى +16 یاخود +18 لە شاشەکانى هەرێمى کوردستان نیشان بدرێت .
ب- لایەنى کوالێتى گەیاندن :
پێویستە میدیاکانى بینراو و بیستراو پابەندبن بەم خاڵانە:
1- پاوەرى پەخشکردن بەپێى رەزامەندى و رێنماییەکانى وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندن دەبێت.
2- تاوەرەکانی پەخشکردن بەپێى ئەو ستانداردە دەبێت کە لەوەزارەتى گواستنەوەو گەیاندندا دیاریکراوە.
3- پێویستە ئامێرەکانى پەخشى رادیۆ و (tv) ستاندارد بێت بەپێى رێنمای و رەزامەندى وەزارەتى گواستنەوەو گەیاندن.
4- پێویستە ئامێرەکانی پەخشکردن پارزونگدار (فلتەردار) بێت و سستەمى فلتەر کردنیشیان کارا بکرێت ، ئەوەش بەپێى رێنماییەکانى وەزارەتى گواستنەوەو گەیاندن رێکدەخرێت.
5- گشت میدیاکان پێویستە پابەندبن بەو فریکوانسی و چەناڵانەى کە لەلایەن وەزارەتى گواستنەوەو گەیاندنەوە بۆیان دیاریدەکرێت .
6- پێویستە لەسەر هەموو میدیاکان ئاستێکى بەرز لەگەیاندنى دەنگ و رەنگ پێشکەش بکەن.
ماددەى چوارەم :
مۆنیتەرینگ
1- مۆنیتەرینگ بۆ لایەنى تەکنیکى پەخش و گەیاندن:
لەلایەن وەزارەتى گواستنەوەو گەیاندن/ بەڕێوەبەرایەتى گشتى گەیاندنەوە بەشێکى نوێ دادەمەزرێت بە ناوى (بەشى مۆنیتەرینگ) لەو بەشە بە پێى سستەمێکى پێشکەوتوو چاودێرى لایەنەکانى تەکنیکى پەخش دەکرێت و هەفتانە راپۆرتى ئاسایی بەشەکە دەدرێتە وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان هەروەها لەکاتى روودانى سەرپێچیکردن لە مەرجەکانى پەخش دەستبەجێ وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوانى لێ ئاگادار دەکرێتەوە بۆ گرتنەبەرى هەڵسوکەوتى یاسایی هەروەک چۆن لە (ماددەى پێنجەم)دا دیارکراوە .
2- مۆنیتەرینگ بۆ لایەنى راگەیاندن:
چاودێریکردنى رۆڵى راگەیاندنى بیستراو و بینراو دەکەوێتە ئەستۆى وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان لەرێى هۆبەی (مۆنیتەرینگ) کەسەر بەبەشى یاسایی بەڕێوەبەرایەتى گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەو فەرمانگەکانییەتى لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان ، لەم بەشەدا تیشک دەخرێتە سەر کەناڵەکان و لەرێى ئامێرى ئەلکترۆنى پێشکەوتووەوە هەموو یان بەشێک لەپەخشیان تۆماردەکرێت و لەکاتى بوونى سکاڵادا لەلایەن لیژنەیەکى تایبەت لە کەسانى پرۆفیشناڵ بڕیار لەسەر سەرپێچیکردنەکان دەدرێت، جگە لەوەش لیژنەکە پشت بەو راپۆرتانەش دەبەستێت کە لەلایەن (پەرلەمانى کوردستان و سەندیکاى رۆژنامەنووسان و دامەزراوە ئەکادیمییەکانى تایبەتمەند بە راگەیاندن لە هەرێمى کوردستان و داواکارى گشتى و دەسەڵاتى دادوەری)یەوە ئاراستەیان دەکرێت .
کارى هۆبەى مۆنیتەرینگ و لیژنەکە تەنها چاودێریکردنى ئەو دە خاڵە دەکات کە لە(ماددەى سێیەم / بڕگەى سێیەم) دا هاتووە.
لیژنەیەکى هاوبەش :
پێویستە لیژنەیەکى هاوبەشى مەیدانی لەهەردوو وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان و وەزارەتى گواستنەوەو گەیاندن پێک بهێنریت بۆ بەسەرکردنەوەى وێستگەکانى پەخشى دەنگ و رەنگ ، لەکاتى کتوپردا ، پێویستە ئەندازیاریکى گەیاندن یان ئەلیکترۆنیک ئەندام بێت لە لیژنەکە.
ماددەى پێنجەم :
سەرپێچیکردن
لە بارى سەرپێچیکردندا ، میدیا بیستراو و بینراوەکان رووبەڕووى لێپرسینەوەى یاسایی دەبنەوەو کە قورسترینیان راگرتنى پەخشى ئاساییە بەشێوەیەکى کاتى ، لێپرسینەوە یاساییەکەش بەپێى جۆرى سەرپێچیەکان دەگۆڕێت ، سەرپێچیەکانیش دوو جۆرن :
1- سەرپێچییەکانى تەکنیکى پەخشکردن :
سەرپێچییەکان لە سەر رۆشنایی راپۆرتى (بەشى مۆنیترینگ )ى وەزارەتى گواستنەوەو گەیاندن/ بەڕێوەبەرایەتى گشتى گەیاندنەوە لەلایەن وەزارەتى رۆشنبیریى و لاوانەوە دیاریدەکرێت و راستەوخۆ ئاڕاستەى خاوەنى میدیاکە دەکرێت و پێویستە لە ماوەى 24 کاتژمێر لە ئاگادارکردنەوەیان ، سەرپێچیەکەیان بوەستێنرێت و راستبکرێتەوە .
سەرپێچییەکان ئەم بوارانەى پەخش دەگرێتەوە
ڕ- نەبوون و دانەنانى پارزونگ (فلتەر) یاخود کارا نەکردنى.
ب- پەخشکردن لەو فریکوانس و باند و شەپۆلانەى کە لەلایەن وەزارەتى گواستنەوەو گەیاندنەوە مۆڵەتی پێنەدراوە .
ج- بوونى ئامێرى پەخشکردنى ناستاندارد.
د- پەخشکردن بە پاوەرى زیاتر لەوەى کە وەزارەتى گواستنەوەو گەیاندن رێگاى پێداوە .
ه- بوونى تاوەرى نایاسایی و تاوەرى ناستاندارد.
و- بەکارهێنانى ئامێرى SNG ى جوڵاو و نەجوڵاو بەبێ مۆڵەت .
لێپرسینەوەى یاسایی بۆ رادیۆ سەرپێچیکەرەکان
لێپرسینەوەى یاسایی و چەندبارەبوونەوەی سەرپێچییەکان بەمشێوەیە دەستپێدەکات و هەڵدەکشێت :
- کارا نەکردنى فلتەر بۆ رادیۆ بۆ یەکەم جار : ئاگادارکردنەوەیان بە چارەسەرکردنى سەرپێچییەکە لە ماوەى 24 کاتژمێر.
- کارا نەکردنى فلتەر بۆ رادیۆ بۆ دووەم جار: راگرتنى پەخشى ئاسایی رادیۆکە بۆ ماوەى 24 کاتژمێر و ئاگادارکردنەوەیان بەچارەسەرکردنى سەرپێچییەکە لە ماوەى 24 کاتژمێر.
- کارا نەکردنى فلتەر بۆ رادیۆ بۆ سێییەم جار: راگرتنى پەخشى ئاسایی رادیۆکە بۆ ماوەى 48 کاتژمێر و ئاگادارکردنەوەیان بەچارەسەرکردنى سەرپێچییەکە لە ماوەى 24 کاتژمێر.
- کارا نەکردنى فلتەر بۆ رادیۆ بۆ چوارەمین جار: راگرتنى پەخشى ئاسایی رادیۆکە بۆ ماوەى 72 کاتژمێر و ئاگادارکردنەوەیان بەچارەسەرکردنى سەرپێچییەکە لە ماوەى 24 کاتژمێر .
لەبارى چەند بارە بوونەوەى سەرپێچى ، لێپرسینەوەى یاساییش بەپێى پێوەرى سەرەوە هەڵدەکشێت .
لێپرسینەوەى یاسایی بۆ تەلەفزیۆنە سەرپێچیکەرەکان
لێپرسینەوەى یاسایی و چەندبارەبوونەوەی سەرپێچییەکان بەمشێوەیە دەستپێدەکات و هەڵدەکشێت :
- کارا نەکردنى فلتەر بۆ ئامێرى پەخشکردنى tv بۆ یەکەم جار : ئاگادارکردنەوەیان بە چارەسەرکردنى سەرپێچییەکە بۆ ماوەى 24 کاتژمێر.
- کارا نەکردنى فلتەر بۆ ئامێرى پەخشکردنى tv بۆ دووەم جار: راگرتنى پەخشى ئاسایی tv بۆ ماوەى 24 کاتژمێر ئاگادارکردنەوەیان بە چارەسەرکردنى سەرپێچییەکە لە ماوەى 24 کاتژمێر.
- کارا نەکردنى فلتەر بۆ ئامێرى پەخشکردنى tv بۆ سێییەم جار: راگرتنى پەخشى ئاسایی tv بۆ ماوەى 48 کاتژمێر و ئاگادارکردنەوەیان بەچارەسەرکردنى سەرپێچییەکە لە ماوەى 24 کاتژمێر.
- کارا نەکردنى فلتەر بۆ ئامێرى پەخشکردنى tv بۆ چوارەمین جار: راگرتنى پەخشى ئاسایی tv بۆ ماوەى 72 کاتژمێر و ئاگادارکردنەوەیان بەچارەسەرکردنى سەرپێچییەکە لە ماوەى 24 کاتژمێر.
لەبارى چەند بارە بوونەوەى سەرپێچى ، لێپرسینەوە یاساییش بەپێى پێوەرى سەرەوە هەڵدەکشێت .
لێپرسینەوەى یاسایی لە پەخشکردن بە پاوەرى زیاتر:
هەر تەلەفزیۆنێک یان رادیۆیەک لەو پاوەرەى کە رێگا پێدراوە زیاتر پەخش بکات ئەوا :
- بۆ یەکەمین جار، ئاگاداردەکرێتەوە بۆ ئەوەى لەماوەى 24 کاتژمێردا چارەسەرى سەرپێچییەکەیان بکەن.
- بۆ دووەمین جار ، 48 کاتژمێر پەخشى ئاسایی دادەخرێت و ئاگادارکردنەوەیان بە چارەسەرکردنى سەرپێچییەکە لە ماوەى 24 کاتژمێر.
- بۆ سێیەمین جار ، 72 کاتژمێریش پەخشى ئاسایی دادەخرێت و ئاگادارکردنەوەیان بەچارەسەرکردنى سەرپێچییەکە لە ماوەى 24 کاتژمێر.
- لەبارى چەند بارە بوونەوەى سەرپێچى ، سزاى داخستنى کاتی بۆ بەرنامە ئاساییەکانیش بەپێى پێوەرى سەرەوە هەڵدەکشێت .
لێپرسینەوەى یاسایی لە پەخشکردنى بێ مۆڵەت :
لەبارى پەخشکردنى رادیۆ یان تەلەفزیۆن بەبێ مۆڵەت (لۆکاڵ و سەتەلایت) دا:
- پەخشکردنى بێ مۆلەت یەکەم جار : ئاگادارکردنەوەیان بۆ وەستاندنى دەستبەجێى پەخش و گرتنەبەرى رێوشوێنى یاسایی بۆ وەرگرتنى مۆڵەت.
- پەخشکردنى بێ مۆلەت دواى تێپەڕبوونى 24 کاتژمێر لە ئاگادارکردنەوەى یەکەم (ئاگادارکردنەوەیان کە پێویستە یەکسەر پەخشەکە بوەستێنرێت).
- پەخشکردنى بێ مۆلەت دواى تێپەڕبوونى 24 کاتژمێر لە دووەمین ئاگادارکردنەوە: ئاگادارکردنەوەى دادگا بۆ وەرگرتنى فەرمانى خێراو دەستبەجێ بۆ راگرتنى پەخش و دەستبەسەراگرتنى ئامێرى پەخشەکەیان لەلایەن دەزگاکانى جێبەجێکار لەوەزارەتى ناوخۆ.
تێبینى : ئەم هەڵسوکەوت و رێوشوێنە یاسایانە لەسەرئامێرەکانى (SNG) و نوسینگەکانى میدیای بیستراو و بینراوى بیانی و سکرینى ریکلامکردنى بێ مۆڵەتیش بەهەمان پێوەر جێبەجێدەکرێت.
لێپرسینەوەى یاسایی لە پابەند نەبوون بەپێوەرە گشتییەکانى ریکلام :
هەر میدیایەکى بیستراو و بینراو سەرپێچی بکات لەو پێوەرە گشتییەکانى کە لەماددەى هەشتەمدا هاتووە سەرەتا تەنها ئاگاداردەکرێتەوە بەوەستاندنى دەستبەجێى ریکلامەکە ، لەبارى گوێنەدان بە ئاگادارکردنەوەکەو سەرلەنوێ بڵاوکردنەوەى هەمان ریکلام، پەخشى ئاسایی میدیاکە بۆ ماوەى 24 کاتژمێر دەوەستێنرێت، هەروەها سەرلەنوێش ئاگاداردەکرێتەوە، بەچەندبارەبوونەوەى هەمان سەرپێچى، وەستاندنى پەخشى ئاسایی چەند جارە دەبێتەوە .
لێپرسینەوە یاسایی لە نوێنەکردنەوەى ساڵانەى مۆڵەت:
لەبارى نوێنەکردنەوەى مۆڵەت و تێپەربوونى مانگێک بەسەر وادەى نوێکردنەوەکە ، دەزگا سەرپێچیکارەکە بە فەرمى ئاگاداردەکرێتەوە ، ئەگەر نوێنەکردنەوەکە چوار مانگى بەسەردا تێپەڕێت ئەوا مۆڵەتەکە هەڵدەوەشێتەوەو پێویستە بەزووترین کات پەخشەکە بوەستێنرێت.
2- سەرپێچییەکانى بوارى راگەیاندن .
ئەم سەرپێچیانە زیاتر پەیوەستن بە (ماددەى سێیەم / بڕگەى سێیەم)ى ئەم رێنماییە .
سەرپێچییەکان لەلایەن چوار کەناڵى فەرمییەوە دیاریدەکرێت بەم شێوەیە:
ا - راستەخۆ لەلایەن بەشى مۆنیتەرینگ لەوەزارەتى رۆشنبیرىولاوان/ بەڕێوەبەرایەتى گشتى راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە.
ب - دەسەڵاتى دادوەرى ، ئەویش لەکاتى یەکلابوونەوەى کێشە و سکاڵاکان لەدادگادا.
ج- لەسەر فەرمانى داواکارى گشتیی لەهەرێمى کوردستان لەسەر بنەماى ئەم رێنماییەو ئەحکامە گشتییەکانى ترى وڵات.
د- لەسەر داواى سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان.
وەزارەتى رۆشنبیری و لاوانیش فەرمان دەردەکات بە جێبەجێکردنى رێوشوێنى یاسایی بەرامبەر بە میدیا سەرپێچیکارەکان بەشێوەیەک کە گونجاو بێت لەگەڵ جۆرى سەرپێچییەکە بە دوو شێوە:
- سەرپێچی (ڕ) : راگرتنى پەخشى ئاسایی بۆ ماوەى یەک هەفتە بۆ ئەو میدیایانەى کە بەپێچەوانەى (ماددەى سێیەم / بڕگەى سێیەم/ خاڵەکانى 1، 2، 3 ، 4 ، 5 ) کاریانکردووە.
- سەرپێچی (ب) : راگرتنى پەخشى ئاسایی بۆ ماوەى 24 کاتژمێر بۆ ئەو میدیایانەى کە بەپێچەوانەى (ماددەى سێیەم/ بڕگەى سێیەم / خاڵەکانى 6 ، 7 ، 8 ، 9 ، 10) کاریانکردووە.
تێبینیەکى گرنگ : پێویستە لەسەر میدیا سەرپێچیکارەکان لەبرى پەخشى ئاسایی ، بەدرێژایی ئەو ماوەیە بەچاپکراوى و روونى لەسەر سکرینى تەلەفزیۆنەکەیاندا فەرمانى وەستاندنەکە پەخشبکەن کەتیایدا بەڕوونى ئاماژەى بەماوەى وەستانى پەخشى ئاسایی و هۆکارى وەستاندن و سەرپێچیەکەیان کرا بێت.
ماددەى شەشەم :
باجى مۆڵەت
بڕگەى یەکەم : باجى مۆڵەتى رادیۆ
- باجى دەرهێنانى مۆلەتى رادیۆ :
سەرتاسەرى (زیاتر لە شار و دەڤەرێک) : 10 ملیۆن دینارى عێراقی ، نوێکردنەوەى ساڵانەشى 1/4 ئەم بڕەیە.
ناوچەیی (کەمتر لە دوو شار و دەڤەر) : 5 ملیۆن دینارى عێراقى نوێکردنەوەى ساڵانەشى 1/4 ئەم بڕەیە.
- باجى دەرهێنانى مۆڵەتى سەرلەنوێ پەخشکردنەوەى رادیۆ عێراقى و جیهانییەکان :
پەخشکردنەوەى سەرتاسەرى (زیاتر لە شار و دەڤەرێک) : 10 ملیۆن دینارى عێراقی ، نوێکردنەوەى ساڵانەشى 1/4 ئەم بڕەیە.
پەخشکردنەوەى ناوچەیی (کەمتر لە دوو شار و دەڤەر) : 5 ملیۆن دینارى عێراقى نوێکردنەوەى ساڵانەشى 1/4 ئەم بڕەیە.
بڕگەى دووەم : باجى مۆڵەتى tv
- باجى دەرهێنانى مۆڵەتى تەلەفزیونى لۆکالڕ (ئەنەلوک و DVB-T):
سەرتاسەرى (زیاتر لە شار و دەڤەرێک) : 20ملیۆن دینارى عێراقییە و نوێکردنەوەى ساڵانەشى 1/4 ئەم بڕەیە.
ناوچەیی (کەمتر لە دوو شار و دەڤەر) : 10ملیۆن دینارى عێراقییە و نوێکردنەوەى ساڵانەشى 1/4 ئەم بڕەیە.
- باجى دەرهێنانى مۆلەتى سەتەلایت : 40 ملیۆن دینارى عێراقییەو نوێکردنەوەى ساڵانەشى 1/4 ئەم بڕەیە.
- باجى دەرهێنانى مۆلەتى سەرلەنوێ پەخشکردنەوەى تەلەفزیۆنە عەرەبى و جیهانییەکان : 12 ملیۆن دینارى عێراقییەو نوێکردنەوەى ساڵانەشى 1/4 ئەم بڕەیە.
- باجى مۆڵەتى پەخشکردنى تەلەفزیونى چەپک : 16 ملیۆن دینارى عێراقییەو نوێکردنەوەى ساڵانەشى 1/4 ئەم بڕەیە.
- باجى ساڵانەى مۆڵەتى پەخشکردنى تەلەفزیونى DVB-T لەلایەن کۆمپانیا رێگاپێدراوەکان بۆهەر چەناڵێک 500 هەزار دینارى عێراقییە.
بڕگەى سێیەم : باجى مۆڵەتى SNG ى جوڵاو و جێگیر
- باجی مۆڵەتى بەکارهێنانى ئامێرى SNG جوڵاو : 2 ملیۆن دینارى عێراقییەو نوێکردنەوەى ساڵانەشى 1/4 ئەم بڕەیە.
بڕگەى چوارەم : باجى کارکردنى نوسینگە جیهانیەکانى رادیۆ و tv و ئاژانسەکانى هەواڵ
- باجى کردنەوەى نوسینگەى میدیا بیستراو و بینراوەکانى جیهانى لە هەرێمى کوردستان : 5 ملیۆن دینارى عێراقییەو نوێکردنەوەى ساڵانەشى 1/4 ئەم بڕەیە.
- باجى کردنەوەى نوسینگەى ئاژانسە جیهانییەکانى هەواڵ ساڵانەیەو بڕەکەى 2 ملیۆن دینار عێراقییە.
- باجى دامەزراندنى ئاژانسە ناوخۆییەکانى هەواڵ ساڵانەیەو بڕەکەى 2 ملیۆن دینارى عێراقییە.
بڕگەى پێنجەم : باجى کارکردنى سکرینى ریکلامکردنى گەورەى سەرشەقام و باڵەخانەکان ( ئەوانەى قەبارەیان لە دوو مەتر گەورەترە):
- باجى نوێکردنەوەى مۆڵەتى ساڵانەى سکرینەکانى ریکلامکردن
زیاتر لە 4 مەتر 1 ملیۆن دینارى عێراقى
زیاتر لە 3 مەتر 750000 دینارى عێراقى
زیاتر لە 2 مەتر 500000 دینارى عێراقى
ماددەى حەوتەم :
لەکاتى دروستبوونى ئاریشەو گرفتەکان و پەنابردنە بەر یاساو دەسەڵاتى دادوەرى ، ئەم سستەم و رێنماییە هاوشان لەگەڵ یاساى کارى رۆژنامەنووسى لەهەرێمى کوردستان و یاساى مافى دانەر و مافە هاوسێکانى و ئەحکامەکانى ترى گشتی دەبنە پێوەرێک بۆ بڕیاردان لەو پرسانەى کە دەچێتە بەردەم دەسەڵاتى دادوەرى.
ماددەى هەشتەم :
پێوەرە گشتییەکانى ریکلام و بانگەشەکردن
پێویستە ریکلامى تەلەفزیۆنى و رادیۆیی ئەو مەرجانە بگرێتەخۆ :
1- هیچ ریکلامێک لە 60 چرکە تێپەڕنەکات .
2- پێویستە گرنگى بەلایەنى جوانناسى ریکلامەکە بدرێت و نابێت ئاستى هونەرى و تەکنیکى ریکلامەکە دابەزیوو بێت.
3- پێویستە ریکلامەکان کاریگەرى نەرێنى و نێگەتیفى لەسەر ئاشتەوانى خێزان و کۆمەڵگەدا نەبێت.
4- نابێت ریکلامکردنەکە راستەوخۆ دژایەتى هیچ کاڵایەکى تر بکات.
5- پێویستە گوتارى نێو ریکلامەکان پاراو و لەچوارچێوەى نەریتى گشتیدابێت و جوێن و قسەى بازاڕى تێدا نەبێت.
6- بۆ ریکلامکردن بۆ بوارەکانى تەندروستى و پەروەردەو خوێندنى باڵا و خۆراک و خواردەمەنى پێویستە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەسەرى رەزامەندبن.
7- نابێت ریکلام بۆ هیچ دەرمانێک بکرێت جگە لەگۆڤارێکى پزیشکى باوەڕپێکراو نەبێت کەلەلایەن وەزارەتى تەندروستییەوە پشتگیریکرابێت و رەزامەندى بۆ وەرگیرابێت.
8- نابێت لەریکلامکردن بۆ نەخۆشخانە تایبەتییەکاندا ریکلام بۆ هیچ پزیشکێکى بیانى بکرێت.
9- پێویستە ریکلام بۆ هیچ کاڵایەک نەکرێت کە بەنایاسایی هێنرابێتە هەرێمى کوردستان و بەکوالێتى کونترۆلدا تێپەرنەبووبێت.
10- ریکلامکردن بۆ نێرگەلەو جگەرە و مەى بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
11- کۆى ئەو کاتانەى بۆ ریکلامکردن لەناو فیلم و دراماو زنجیرە و بەرنامەکاندا بەکاردێت، پێویستە بۆ هەرجارێک لە پێنج خولەک تێپەڕنەکات و بۆ کەمتر لە 60 خولەک سێ جار ماوەى ریکلامکردن هەبێت (جگە لە دەستپێکى بابەتە نمایشکراوەکە) ، بۆ ماوەى زیاتر لە 60 خولەک چوارجار ماوەى ریکلامکردن هەبێت (جگە لە دەستپێکى بابەتە نمایشکراوەکە).
12- نابێت تولبارى ریکلامکردن لەیەک تولبار زیاتر بێت و پێویستە تەنها لە خوارەوەى سکرینەکەدا دابنرێت جگە لەو تەلەفزیۆنانەى کە وینەى جولاویان نییە.
ماددەى نۆیەم :
پێوەرەگشتییەکانى بەکارهێنانى SMS لە تەلەفزیۆن
لەکاتى بەکارهێنانى SMS لەناو بڕگەو بەرنامەکانى تەلەفزیۆن پێویستە رەچاوى ئەم رێنماییانەى خوارەوە بکرێت :
1- هیج SMSێک راستەوخۆ دانانرێت بەڵکو پێویستە پێشتر لەلایەن لایەنى بەرپرسى تایبەت بە SMS ى تەلەفزیۆنەکە بخوێنرێتەوە ئینجا دابنرێت .
2- بەهیچ جۆرێک SMS ێک دانانرێت کە جنێو یان قسەى ناشیرین و دوور لە نەریتى گشتى و یاخود هانى توندوتیژى و رەگەزپەرستى بدات.
3- بەهیچ جۆرێک لەدووتوێی نامەکانى SMS دا ژمارەى تەلەفۆنى کەسان بڵاوناکرێتەوە بۆ مەبەستى یەکترناسین ، تەنها ئەو SMS انە نەبێت کە ریکلام و بانگەشەى بازرگانین.
4- پێویستە تەنها یەک تولبار و شریتى SMS لەسکرینەکەدا هەبێت جگە لەو تەلەفزیۆنانەى کە وێنەى جوڵاویان نییە.
ماددەى دەیەم :
ئەم رێنماییە لە رۆژى دەرچوونییەوە جێ بەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاودەکرێتەوە .
کاوە مەحمود
وەزیرى رۆشنبیرى و لاوان
کانوونى دووەم ، 2014
هۆکارى پێویست بۆ دەرکردنى ئەم رێنماییە
هەرێمى کوردستان بوژانەوەیەکى گەورەى سیاسی ، ئابوورى ، کەلتورى ، کۆمەڵایەتى و بازرگانى بەخۆیەوە دەبینێت ، فراوانبوونى رەهەندەکانى رادەربڕینیش هاودەم و تەواوکەرى ئەم بوژانەوەو پێشکەوتنە مەزنەیە ، بنەماى ئەم پێشکەوتنەش پاراستنى ئازادى راگەیاندن و رادەربڕین و نەبوونى سانسۆرە ، ئەم پێشکەوتنەى کە لە هەموو بوارەکاندا هەیە وایکردووە بوارى راگەیاندنى بیستراو و بینراویش گەشەیەکى زۆر بەخۆیەوە ببینێت و رایەڵەکانى لە زۆربووندا بێت بەجۆرێک کە پێویست بەوە دەکات رێنماییەک دەربکرێت بۆ ئەوەى کارکردنى ئەو رایەڵانە بەرێنمایی لەسەر رۆشنایی یاساکانى هەرێمى کوردستاندا رێکبخرێت.
ئەم رێنماییانە هاندەرێکە بۆ پشتگیریکردن و جێگیرکردنى کارى پرۆفیشناڵ و کوالێتى بەرز لە کارى راگەیاندنى بیستراو و بینراودا.