دەربارەی چراکانی نیشتمان بخوێنەوە
چراكانی نیشتمان
ناوی كتێب: چراكانی نیشتمان
نووسەر: خەلیل عەبدوللا نووسەر
لە پێشەكی كتێبە كەیدا نووسیویەتی:
دوای ئەوەی لەمانگی ئازاری 2015 وەك بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی رۆشنبیریو لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەكار بووم. بەپێویستم زانی گۆشەیەكی تایبەت بەبواری كلتووری لەئەكاونتی خۆم لەفەیسبوك بكەمەوە. گۆشەكەم بەناوی رۆژژمێری رۆشنبیری كردەوە بۆ یادكردنەوەو تیشك خستنە سەر ژیانو بەرهەمەكانی كەسایەتییە كلتوورییەكانو هەندێ رۆژنامەو گۆڤارو دەزگای كۆنی میدیاییو روناكبیریی كوردی. پاش ئەوەی چەند گۆشەیەكم لەئەكاونتی خۆم لەفەیسبووك بڵاو كردەوە، سەرنووسەرو بەڕێوەبەری نووسینی رۆژنامەی كوردستانی نوێی ئازیز بەسوپاسەوە بەپەسەندیان زانی كە گۆشەكە لەكوردستانی نوێ بڵاو بكرێتەوە، زۆربەی ئەو گۆشانەی لە دووتوێی ئەم كتێبەدا چاپكراون لەو رۆژنامەیە بەبایەخەوە بڵاو كراونەتەوە.لەبەر ئەوە لەدڵەوە سوپاسیان ئەكەم. لەئازاری 2015ەوە بەبەردەوامی ئەو گۆشەیە ئەنووسم،كۆكردنەوەی ئەو مەڵۆ و شارایانە دروستبوونی خەرمانێكی گەورەی كلتووری لێكەوتەوە. هەر بۆیەش بەپێویستم زانی لەدوو توێی كتێبێكدا چاپی بكەم، بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەك بۆ خوێنەرانو ئەو كەسانەی بایەخ بەخوێندنەوەی بابەتە كلتورییەكان ئەدەن، ئەوەش وەك ئەركێك لەپێناو خزمەتكردن بەكتێبخانەی كوردی. كتێبەكەشم ناونا(چراكانی نیشتمان)،وەك رێزلێنانێك لەو كەسایەتییە كلتورییانەی لەقۆناغە جیا جیاكاندا بەبیری رۆشنو بەرهەمەكانیان وەك چرای داگیرساو كوردستانیان روناك كردەوە. هەروەك شاعیری گەورەی كورد (بێكەس) ئەڵێ: چراغی فیكری رووناكی لەهەر شوێنێ كە داگیرسا شەوی تـــــاریكی وەك رۆژە، خەراباتی گوڵستانە لەكۆتاییدا بەپێویستی ئەزانم كەسوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە بكەم كە هەر یەك بەشێوەیەك هاوكارییان كردم بۆ ئەوەی ئەم كتێبە چاپو بڵاو بكرێتەوە، بەتایبەت: *بەڕێز خالید دۆسكی وەزیری رۆشنبیریو لاوان كە رەزامەندی نیشان دا ئەم كتێبە لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری چاپ بكرێ. * نوسەری گەورەو ناسراو بەرێز مامۆستا (عومەر مەعرووف بەرزنجی) كە لەرێی تەلەفۆن یاخود بینینەوە زانیاری بەسوودی دامێ لەسەر هەندێ لەو كەسایەتییە كلتوورییانە. * هونەرمەندی گەورەی شێوەكار بەڕێز (د.رێبوار سەعید) كە نیگاری بەرگی كتێبەكەی بۆ كێشام. * بەڕێزان ستران عەبدوڵڵا سەرنووسەری كوردستانی نوێو محەمەد كەریم بەڕێوەبەری نووسینو مەریوان مەسعود ئەندامی دەستەی نووسەران كە هاوكاری بڵاوكردنەوەی گۆشەكە بوون لەرۆژنامەی كوردستانی نوێ. * بەڕێزان محەمەد كوردۆ بەڕێوەبەری راگەیاندنو چاپو بڵاوكردنەوەی سلێمانیو زانا كەمال بەرپرسی چاپ و نەخشەسازی و كۆمپیوتەر كەهاوكاری پێداچونەوەو رێكخستنو دیزاینكردنی كتێبەكە بوو. *سوپاس بۆ هەر كەسێكی تر گەر بەوشەیەكیش هاوكاری كردبم. پیرەمێردی نەمریش ئەڵێ: فەزڵو هونەر لەناو تەمو غەما دیار ئەبێ شەوقی چرا لەگەڵ شەوی تارا بەكار ئەبێ