بەمەبەستى جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنى مەرج و ڕێنماییە خۆپارێزییەکانى تایبەت بە ڤایرۆسى کۆرۆنا و هەنگاوەکانى دەزگاکانى حکومەت بۆ ڕوبەڕوبونەوەى پەتاى کۆرۆنا، نوێنەرانى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچون و وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆبونەوە.
ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتى (٢٣/٩/٢٠٢٠) د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئامادەبونى بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت، پێشوازیکرد لە لێژنەیەکی تایبەت لە نوێنەرانى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچون و وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی تایبەت بە جێبەجێکردنی ڕێنماییه تەندروستیەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
لە کۆبونەوەیەکدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنى تەواوى مەرج و ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزیەکانى تایبەت بە ڤایرۆسى کۆرۆناو دواین هەنگاو بڕیارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەمەبەستى بەرگرتن لە بڵاوبونەوەى زیاترى ڤایرۆسەکە کرا.
بۆ ئەمەش دوپاتکرایەوە تەواوى مەرجەکان پێویستە لە ناو وەزارەت و فەرمانگەکان وەک خۆى جێبەجێ بکرێت، بەتایبەت دورى نێوان فەرمانبەران لە هەر ژورێک و بونى هەواگۆڕکێ لە تەواوى بەش و بەڕێوەبەرایەتییەکان و میکانیزمى گونجاو بۆ سەردانى هاوڵاتیان بەمەبەستى ڕایکردنى کاروبارەکانیان.
لەو چوارچێوەیەشدا نوێنەرانى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچون و وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی دەستخۆشیان لە هەنگاو و ڕێکارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ خۆپاراستن لە پەتاى کۆرۆنا و پابەندبون بە ڕێککارە تەندروستیەکان.